ڕووسیا:  بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم هاوکاری تاڵیبان دەکەین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

نوێنەری سەرۆکایەتیی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی یارمەتی تاڵیبان دەدات لە شەڕی دژی تیرۆر و دەشڵێت، گرووپە تیرۆریستییەكان دوژمنێکی هاوبەشی هەردوولامانە.

ڕۆژی هەینی (دووی نیسان/2025) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، زامیر کابولۆڤ، نوێنەری سەرۆکایەتیی ڕووسیا بۆ ئەفغانستان گوتی بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵا بۆ هەڵپەساردنی قەدەغەکردنی چالاکیەکانی تاڵیبان ئەنجامی کارێکی درێژخایەن بووە.

کابولۆڤ گوتیشی، "بڕیاری دادگای باڵا بەربەستەکانی بەردەم دامەزراندنی هاوبەشییەکی تەواو لەگەڵ کابول لابرد، لەوانە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی، ڕووسیا هەوڵەکانی تاڵیبان دەبینێت و بەرز دەنرخێنێت لە شەڕکردن لەگەڵ لقی ئەفغانستانی داعش لە ناوەڕاست و باشووری ئاسیا.

کابولۆڤ دەشڵێت، "ئەم گرووپە دوژمنێکی هاوبەشی ڕووسیا و ئەفغانستانە و ئێمە لە ڕێگەی پێکهاتەی تایبەتەوە هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە دەکەین."

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ڕووسیا ئامادەیە بە فەرمی دان بە حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بنێت کابولۆڤ گوتی هاوکاری نێوان مۆسکۆ و کابول بەردەوامە و هەڵپەساردنی قەدەغەکردنەکە هەموو بەربەستەکانی بەردەم هاوکاری تەواو لە بوارە جیاجیاکاندا لابردووە.

هاتنی باڵیۆزی ئەفغانستان بۆ مۆسکۆ کۆتایی بەم کێشەیە دەهێنێت. ئێمە بە فەرمی ئەمە ڕادەگەیەنین" و گوتیشی ڕوسیا پێشنیاری کردووە ئاستی بوونی دیپلۆماسی ئەفغانستان لەو وڵاتە بەرز بکاتەوە.

گوتیشی، ڕووسیا ئامادەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە ئەمەریکاشەوە سەبارەت بە ئەفغانستان، بەڵام چاوەڕێی هەڵوێستێکی بنیاتنەرانە دەکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ لابردنی سەرمایەی نەتەوەیی ئەفغانستان کە راستەوخۆ دوای هاتنی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە بانکەکانی ڕۆژئاوا بەسترابوون.

جێگەی ئاماژە پێدانە، مانگی ڕابردوو، دادگای باڵای ڕوسیا قەدەغەکردنی چالاکیەکانی تاڵیبانی هەڵپەسێرد، کە لە (2003) دا خراوەتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە قەدەغەکراوەکانی ئەو وڵاتە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین