ژن ونبووێکی نێو نووسینەکان و بکەرێکی چالاک لە هزری (مەسعود محەمەد) دا بیروڕا

ڕاز ئەسعەد

کار و بەشدارییەکانی مەسعود محەمەد، لەوە گەورەتر و فراوانترن کە لە وتارێک یان چەند وتارێکدا شوێنی شایستەی خۆی پێببەخشرێت، بەڵام گرنگە بزانین (مەسعود محەمەد)ی لوتکە، یەکێکە لە هەرە ئەستێرە گەشاوەکانی نێو کایەی ڕۆشنبیری ئێمە، ئەو کەسەیە کە دەتوانین پڕ بە واتای وشەکە بە ڕۆشنبیر و بیرمەند ناوزەدی بکەین، کە بەشداری گرنگی لە چەندین کایەی وەک ئەدەب، زمانەوانی، سیاسەت، ڕۆشنبیری و دنیای نووسین و هزردا هەبووە، تێڕوانینی بۆ هەموو دیاردە کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و سیاسییەکان هەبووە.

کە دەڵێین ڕۆشنبیر، هەڵبەت مەبەست لەم واتا شێواوەی ئێستای وشەکە نییە، بەڵکو ڕۆشنبیر بە واتا زانستی و فیکرییەکەی ڕۆژانی سەردەمی کاری جدی دوور لە خۆبەزلزانی و دنیای پوچگەرایی هەزارەی سێیەم، لە کتێبێکی وەک (مرۆڤ و دەوروبەر)دا، دەبێتە بیرمەندێکی سۆسیۆلیستێکی بە سەلیقە بۆ شیکردنەوەی چەندین پرسی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و چڤاکی، خوێندنەوەی تەواو بۆ مرۆڤ و ئەتمۆسفیرەکەی دەکات.

 هەروەها خوێندنەوەی بۆ هەر پێشهاتێکی سیاسی و جیهانی هەبووە، لە سەردەمی بیرسترۆیکای گۆرباتشۆف و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتدا، کتێبی (الی العظیم غورباتشوف، تحیة ورجاء )، بڵاودەکاتەوە و تێیدا وەک شیکارێکی دیاردە سیاسی و فیکرییەکانی جیهان، پێش سەرجەم نووسەرانی ناوچەکە دەکەوێت و لێکدانەوەی تەواو بۆ شکستی ئایدیۆلۆجیای سۆشیالیزم و فەلسەفەی مارکسیزم دەکات، ئەو کتێبە لەکاتی خۆیدا دەنگدانەوەی گرنگی لە ناوچەکەدا دروستکرد و لە نێو ڕۆشنبیرانی عەرەبدا بە سەرسامییەوە لێیڕوانرا.

مەسعود محەمەد کوڕی زانای گەورە (مەلا محەمەدی جەلیزادە، مەلای گەورەی کۆیە)یە، واتە لە خێزانێکی خوێندەوار و تێگەیشتوودا گەورەبووە و لەبەردەستی زاتێکی وەک مەلای گەورەدا پەروەردە بووە، ئەو مەلایەی یەکەم کەس بووە لە شاری کۆیە کە خاتوو نەجیبەی کچی ناردووەتە بەر خوێندن، لە نەبوونی قوتابخانەی کچانیش نەسڵەمیوەتەوە و کچکەی ناردووەتە قوتابخانەی کوڕان، هەرچەندە مەسعود محەمەد لەبارەی زۆرترین بابەتەوە نووسیویەتی و پەروەردەی نێو ئەو خێزانەش بووە و خۆشی کەسێکی زۆر کراوە بووە، کەچی لە بارەی ژن و کێشەی ژنانەوە هیچ کتێبێکی تایبەت یان نووسینێکی دیاریکراوی لەو بارەیەوە نییە، هەرچەندە ئەوەی زانراویشە لەو ڕووەوە خۆی کەسێکی هاوپشتی هەوڵی ژنان بووە بۆ ئازادی و بەردەوام دژ بە چەوسانەوەی ڕەگەزی بووە و لە دیدار و دانیشتنەکانیدا بۆچوونی گرنگی بۆ ژنان هەبووە، ئەمەش بۆخۆی تەلیسمێکی سەیرە لە ژیانی ئەو زاتەدا، بەهیواین توێژەرانی ئەو بوارە لە ئایندەدا ئەو نهێنییەی ژیانی ڕوونبکەنەوە.

بۆچی ژن ڕازیی بووە و ڕازی دەبێت درێژەپێدەری کەسێتی پیاو بێت؟

ڕەنگە تاڕادەیەک سەلمێندرابێت کە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا ژن ڕابەر و دەسەڵاتداری نێو کۆمەڵگای مرۆیی بووە، یان هەر نەبێت زۆرینە ئەو باوەڕەیان لا پەسەندە و بە ڕاستی دەزانن. ئەو زانیاریانەی تا ئێستا بە ئێمە گەیشتوون، ئاماژە دەدەن کە لە نێو کۆمەڵگای ئەشکەوت نشین و سەرەتای هاتنە خوارەوە بۆ پێدەشتەکان، کۆمەڵگای مرۆیی کۆمەڵگایەکی مێ سالاری بووە، دوای نیشتەجێبوون و پێشکەوتنە سەرەتاییەکان لە قۆناغێکی نادیاردا پیاو ئەو دەسەڵاتە لە ژن دەسێنێتەوە و خۆی دەبێتە پێشڕەو، ئەوەی سەیرە لەو گۆڕانە ڕیشەییەدا سیستمی ژیانی کۆمەڵگا هیچ گۆڕان و لێکترازانێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و گۆڕانکارییەکە ئاشتیانە و سانا گوزەراوە.

هەزاران ساڵ تێپەڕی و سەدان قۆناغ بەسەرچووە، کەچی هێشتا ژن هەر ڕازییە و بەردەوامیش ڕازی دەبێت، کە تەنیا درێژەپێدەری کەسێتی پیاو بێت و لە باشترین حاڵەتدا وەک تەواوکاری ئەو کەسێتییە لێیدەڕوانرێت، ڕەنگە تا ئێستا سەدان نووسەر و کەسانی شارەزا بەدوای ئەو هۆکارانەدا گەڕابن، بەڵام مەسعود محەمەد بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بۆچوونی خۆی هەیە.

لە سەرەتاوە و لە شیکارییەکی وورددا لەو ڕووەوە ڕەخنە لە بیری سۆشیالیزم دەگرێت و لە پەرەگرافێکدا دەڵێت: 

''لایەنگرانی جەدەلییەتی ماتریاڵی بابەتەکە بەرتەسک دەکەنەوە تا فەلسەفەیەکی وای لێنەکەوێتەوە بەرانبەر دەسەڵاتی پیاو بەرگری لە ژن بکات و کەلێنێ بکەوێتە بینای ئەو تیۆرییەوە، کە لەسەر بنەمای چینایەتی هەڵچنراوە. لە عورف و لۆژیکی ئەواندا ژن (وەک کرێکار و وەرزێڕ) نابێ لەلایەن چینی (کرێکار و وەرزێڕ)ەوە بچەوسێتەوە. شتێکی سەیرم لە نووسینەکانی لینین خوێندەوە، تیایدا دەڵێت بۆرژوازیییەکان و ئەوانەی لە ئاستی ئەوان سەرەوەترن بەهۆی سامانەکانیانەوە دەچنە لای ژنی یەکتر، بەڵام کرێکار و وەرزێڕ بۆ ژنەکانیان دڵسۆزن و بەیەک ژن دادەکەون.. ئەوەش قسەیەکی سۆزداری و ئەوپەڕی نەفامانە و لادانە لەڕاستی".

پاش چەند شیکارییەکی ورد (مەسعود محەمەد) بۆ ئەو بابەتە دوو هۆکار دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ژن لەبەر دوو هۆی سەرەکی لایەنی لاوازی کۆمەڵگەیە. یەکەمیان، کە گرنگترینیانە، (ئاوسبوونە) کە بە غەریزە بۆ منداڵبوون دیاریکراوە و هەموو جارێ کە منداڵی دەبێ لە مردن نزیک دەبێتەوە، جگە لەو نۆ مانگ (ئاوسییە) پشتشکێنە و بەرەژانە تۆقێنەرە و ئەگەر منداڵبوون چەقی ئەرکەکانی نەبوایە ژیانی خۆی لە هەڕەتدا بۆ منداڵبوون نەدەخستە مەترسییەوە، بەڵام پیاو لەو ڕووەوە بێخەمە و ئارەزووی بەردەوامبوونی لە منداڵدا دەیەکی ژن بەهێز نییە".

لە هۆکاری دووەمدا ڕوونیدەکاتەوە ژن بۆ بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکەی پێویستی بە پیاو دەبێت، چونکە وەچەی مرۆڤ ئەرکی زۆرە، لەم ڕووەوە دەڵێت: "ژن کە منداڵی دەبێت پێویستە پشتێکی هەبێ بە خێوی بکات و وەچەی بپارێزێ بۆیە پێویستی بە سەرپەرشتی پیاو زیاد دەکات. بەچکەی بەشەر، جیا لە سەرجەمی زیندەوەران چەندین ساڵی دەوێت تا دەتوانێ ڕێ بکا و لە دە ساڵاندا ئەوجا خۆی پێ بەڕێوە دەچێ، جگە لەوەی سەردەمی منداڵییەکەی پێویستی بە چاودێری و پاککردنەوە و جل گۆڕینی بەردەوام هەیە، شیردان نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێ، ئەدی ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا یان دوو ساڵدا منداڵێکی تری بێ!.. ئەوجا دووەم و سێیەم".

لە پەرەگرافێکی دیکەدا دەڵێت "ژن لەڕووی غەریزەوە بە پیاوەوە وابەستەیە و بۆ بەخێوکردنی بەچکەکەی پێویستی بە هاوکاریکردنی هەیە، لە کاتێکدا پەیوەستبوونی پیاو بە خێزانەوە (بە باوەڕی من) پێویستی کۆمەڵگەیە، چونکە خێزان بناغەیەتی و ژیانیش بە بێ خێزان ئاسان نییە و پێش ناکەوێ، ئەوجا ڕۆڵی منداڵ دێ کە سۆزی باوکایەتی دابین دەکات".

شیکردنەوە و باسەکانی زۆر و عەقڵانین، قورسە لێرەدا یەک بەیەکیان بخەینە بەرباس، ئەوەی گرنگە ژن لە هزری مەسعوود محەمددا پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە و بەردەوام ئامادەی بۆچوونەکانیەتی، لێکدانەوەکانی زۆر عەقڵانی و وردن، لەو بڕوایەدا ژن هەر بە خاڵقی ژیان و پارێزگاری نەوع و نەتەوە دەمێنێتەوە،  خۆزگە ڕێکخراوەکانی خانمان لە جیاتی خولانەوە لە نێوانی یەکسانی و نایەکسانیدا، کاریان لەسەر تێزە هزریەکانی کەسانی وەک مەسعوود محەمەد دەکرد.

 

سەرچاوەکان:

١-مسعود محمد، الی غورباتشوف: تحیة ورجاء، مطبعة الحوادث، بغداد، ١٩٨٨.

٢- مەسعوود محەمەد، مرۆڤ و دەوروبەر، چ١، ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیریی ، ٢٠٢٣.

٣- مەسعوود محەمەد، دەمودووی هزر، و:حەکیم کاکە وەیس، چ١، ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری، ٢٠٢٣.

٤-مەسعوود محەمەد، نامەکان،چ١، ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیریی، ٢٠٢٣.

٥-هەڵۆ بەرزنجەیی، مەسعوود محەمەد ژیان و جیهانبینی، چ١، بەرلین، ١٩٩٩.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین