سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کوردستان- عێراق

نوچە نێت

ئه‌مڕۆ دووشەممە (پێنجی ئایاری/2025) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێکی ئەنجومەنی نوێبەرانی عێراق کرد کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێک هاتبوون.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی حكوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت "لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵ کرا. بەتایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان."

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا وەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، جەخت "لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لەنێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە."

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی "گرنگیی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداری و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا" کرایەوە. 

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، "پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە."

دەشڵێت، سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە عێراق لەڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکیی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین