ئیسرائیل هێرشیکردە سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن ئەنجامداوە، ئامانجمانە تیرۆریستانی حووسییەکان لەناوببەین.

ڕۆژی سێشەممە (شەشی ئایار/2025) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "هێرشەکە لە وەڵامی هێرشە دووبارەبووەکانی حووسییەکانە لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل کە مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە هێرشەکانیدا بەکارهێنا و ئاراستەی خاکی ئیسرائیل و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی کرد".

وەزارەتی تەندروستی یەمەن ڕایگەیاند، "لەو هێرشانەدا لایەنی کەم کەسێک کوژراوە و (35) کەسی دیکەش بریندار بوون". تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان لە بەندەرەکە نەزاندراوە بەڵام چڕی هێرشەکان و ئاگرکەوتنەوەکان زیانێکی گەورەی بە شوێنی ڕاگرتنی کەشتییەکان (لەنگەرەکان) گەیاندووە.

دوو سەرچاوەی دیکە زیانەکانیان بە (70٪)ی پێنج بەندەر و عەمبار و گومرگی بەندەرەکە خەمڵاندووە، شایەدحاڵێک دەڵێت، "هاتووچۆ لە بەندەرەکە بەتەواوی وەستاوە".

جێگەی ئاماژە پێدانە، بەندەری حودەیدە دووەم گەورەترین بەندەری دەریای سوورە لە دوای عەدەن و خاڵی چوونە ژوورەوەی نزیکەی (80٪)ی هاوردەکردنی خۆراکی یەمەنە.

دوێنێ دووشەممە (2025-5-5) بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دا، "تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی یەکشەممە بکاتەوە کە حووسییەکان ئەنجامیان دا".

عەبدولقادر مورتەدا، بەرپرسی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە هێرشەکە ڕایگەیاند، "دەبێت ئیسرائیل چاوەڕێی هەموو ئەگەرێکی خەیاڵی بکات".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین