کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا: تورکیا لە ریزبەندی یەکەمەکان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ شیکاری

نوچە نێت

کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕاپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەوە و دووبارە ناوی تورکیای خستە ریزبەنی یەکەمەکان و نیگەرانیەکانی خۆیان بەرامبەر بە تورکیا ڕاگەیاند کە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بنەرەتییەکان پێشێلکارییان کردووە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی تۆمەتبارکراوە بەوەی پروپاگەندەی بۆ حکومەت بڵاوکردۆتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ماڵپەڕی (گەل) بڵاویکردەوە، کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕاپۆرتی ساڵانەی تورکیای  بۆ ساڵی (2024-2023) ئامادەکردووە و بڕیارە سبەی لە پەرلەمانی ئەوروپا تاوتوێ بکرێت، هەروەها دەبێت ئەو وڵاتانەی هەڵبژێردراون پابەندی بەها دیموکراسیەکان و سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ  و یاساکانی یەکێتی ئەوروپا بن.

لە ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە بارەی تورکیاوە هاتووە، "بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت سەرلەنوێ دیدگای ئەوروپا بەرامبەر بە وڵاتەکەی زیندوو بکاتەوە پێویستە سەرەتا بەشێوەیەکی باوەرپێکراو پابەندی خۆی بە پەیوەندییەکان نزیک بکاتەوە و هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ بڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەموو بوارەکان، بەتایبەت بەهاکان و بەرژەوەندییەکان و ستاندارەکان و سیاسیەکان و سیاسەتی هاوبەشی دەرەوە و ئاسایش و رێز لە یاساکانی یەکێتی ئەوروپاش بگرێت، وە پاراستنی پێوەرەکانی کۆپنهاگن و پاراستنی دراوسێیەتی و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام."

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە لە بارەی تورکیاوە بریتیە لە ، "گرژییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست تارادەیەک کەم بۆتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتووە، هەروەها تورکیا چەندین جار هۆشداری پێگەیشتووە لەبارەی ئەوەی لەم کارانە خۆی بەدوربگرێت کە ببێتە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یەکێتی ئەوروپا."

ئاماژە بەوەشکراوە، "بەهۆی ئەوەی تورکیا بەردەوامە لە بەکارهێنانی یاسا و ڕێوشوێنی بەرتەسەکردنەوەی سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی بنەرەتییەکان و ئازادی مەدەنی لە وڵاتەکە ، بەمەش کەلێنەکی گەورەی لەنیوان یەکێتی ئەوروپا دروستکردووە. لەلایەکی دیکە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆڵ و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی (ECHR) لەبارەی عوسمان کاڤالا و سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایەن تورکیاوە بۆتە نیگەرانیەکی گەورە بۆ یەکێتی ئەوروپا."

هەروەها لە ڕاپۆرتی پەرلەمانی ئەوروپا ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا تۆمەتبارکراوە بەوەی پروپاگەندەی بۆ حکومەت بڵاوکردۆتەوە، جگە لەمەش باس لەوەش کراوە تورکیا لە ریزبەندی سەرەوەی ئەو وڵاتانەیە کە مافی مرۆڤ پێشێلکردووە و باس لە ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا و کێشەکانی ئەرمەنیستان و تورکیاش کراوە.

جگە لەمانەش لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، كە وەک دەرفەتێک باسکراوە بۆ کۆتایهێنان بە ململانێکانی کورد و تورک، هەروەها باسی ڕۆڵی تورکیا لە سووریا کراوە کە پارێزی لە ئامادەبوونی بنکە سەربازییەکانی لە باکووری سووریا دەکات و ڕۆڵێکی گرینگیش لە ململانێکانی سووریا دەگێرێت كە وەک پردێک کاردەکات لەنیوان ئەوروپا و ئاسیا. 

هاوكات لەو ڕاپۆرتەدا لە بەشی سووریادا باس لەوەشکراوە، کە دەبێت تورکیا بەزووترین کات هێرش و داگیرکارییەکانی بۆسەر سووریا بوەستێنێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت و رێز لە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سووریا بگرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین