شێخ عوبەیدولڵای نەهری، و ژن خواستن بۆ (وەفایی) شاعیر کولتوور

نوچە نێت

د. بژار عوسمان ئه‌حمه‌د - مامۆستا له‌ زانكۆی سۆران

لای هەموومان دیارە، وەفایی شاعیری گەوره‌ی کورد، ماوەیەکی زۆر کاتبی (شێخ عوبەیدولڵای نەهری) بووە، هەربۆیە وەفایی، چەندین شیعری بۆ شێخ عوبەیدڵڵای نەهری نووسیوە، بەتایبەتی لەبارەی کۆچی دوایی شێخ عوبەیدوڵڵا، شیعرە بەناوبانگەکەی (لەباغان ئاهـ و ناڵین دێ ، دەڵێن شای گوڵان ڕۆیی) نووسیوە.

لەهەمان کاتدا هۆنراوه ‌یه‌كیتری وەفایی هەیه‌، بە (شیرین تەشی دەڕێسێ) ناسراوە و لەلایەن چەندین هونەرمەندەوە کراوە بە گۆرانی و ئاوازی بۆ دانراوە. ئەمڕۆ لەدیده‌نییه‌كمان لەگەڵ نەوەیەکی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (د. سلێمان شێخ دینۆ كوڕی سه‌یید ته‌های نه‌هری)، باسی ژنهێنان بۆ وەفایی شاعیر دەکات، کە چۆن شێخ عوبەیدوڵڵا ژنی بۆ وەفایی هێناوە؟

پوختەی چیرۆکەکە بەمجۆرەیە؛

هەروەک باس دەکەن له‌م گونده‌دا وه‌فایی كه‌وتۆته‌ داوی خۆشه‌ویستی كچێك به‌ناوی (شیرین)، ڕۆژێك وەفایی لەسه‌ربانی کۆشکی نەهری بووە لە شەمزینان ، له‌وبه‌ری گوندی نه‌هری چاوی به‌ شیرین كه‌وتووه‌ ته‌شی ڕێستووه‌‌، له‌وكاته‌دا سه‌یید ته‌های كوڕی شێخ عوبه‌یدولڵا بانگی وەفایی دەكا بۆ نووسینی نامەیەکی شێخ عوبەیدوڵڵا، هه‌ندێك ده‌ڵێن گوایه‌ نامه‌كه‌ بۆ شا‌كانی قاجار نووسراوه‌، لەم کاتەدا وەفایی ئه‌و كچه لەبەردەم کۆشکی نەهری دەبینێ خەریکی تەشی ڕێستنە، به‌م دیمه‌نه‌ مه‌ست ده‌بێ و خه‌یاڵ ده‌یبات. کاتێک دەچێتە خزمەتی شێخ، شێخ پێی دەڵێ بنووسە، وه‌فاییش پێنووس دەگرێ و دەست بە نووسین دەکات بەبێ ئەوەی (شێخ عوبەیدوڵڵا)، یەك ووشەی لەدەم بێتە دەرەوە، شێخیش سەیری دەکا و هیچ قسەیەك ناکات، دواتر وەفایی دەڵێ "تەواوبوو"، شێخیش پێی دەڵێ "چی تەواوبوو؟ خۆ من هیچم نەگوتووە!"

ئینجا شێخ ڕووپەڵەکەی لێ وەردەگرێ و دەبینێ شیعرە بەناوبانگەکەی "شیرین تەشی دەڕێشێ" نووسیوە، کە بەمجۆرەیە؛

تایێکی ڕیشەیی دڵ بە نووکی غەمزەدا دا

دەستێکی بۆ سەما برد ڕووبەندی ماھی لادا

نافەی گوڵی بە دەرکەوت عەتری بە دەم سەبا دا

باریک و لووس و ناسک وەک زولفی خاوی بادا

وەک شاخی گوڵ بەلادا، شیرین تەشی دەڕێسێ

نووکی تەشی بە گەردوش چەرخێکی قوتبی پێوە

مەجەڕڕە بوو بە داوی کە چەرخی کەوتە نێوە

وەک زوھرە دەستی کێشا کە بەندی قەوسی زێوە

ئەستێرە ماھی داگرت سابت گەڕا بە پێوە

عەرەق بە ڕوو بەڕێوە، شیرین تەشی دەڕێسێ

لە بانی عارەقی ڕشت لە پێکەنینی زاری

بە خەندە غونچە گوڵ بوو گوڵاوی لێ دەباری

وتم: بفەرموو سەر دوو چاوی من بە یاری

بە چاوی من ببینن تەلیسمی سیحرکاری

کە سەروی جۆیباری، شیرین تەشی دەڕێسێ

کە دەستی برد و ھێنا بە دڵبەری بە تادا

ھێنایە چەرخ و گێڕای بە ڕانی سافیدا دا

عەیان بوو پەنجەیی ڕۆژ بە خەتتی ئیستیوادا

بە سوبحی سادق ئەنگووت زەنەب لەنێو سەمادا

حیرەت لە ماسیوادا، شیرین تەشی دەڕێسێ

کە ھاتە چەرخ و بازی تەشی بە ڕانی لووسی

دەکەوتە پایبووسی دوو زولفی ئابنووسی

زەنەب لە مانگەشەودا دەھاتە چاپلووسی

لەسەر بەیازی گەردەن بە خەتتی خۆشی نووسی

مەھتابە پایبووسی، شیرین تەشی دەڕێسێ

یەخەی کراسی لاچوو پشکووت بە ھەردوو لێوان

گوڵ و شەکەر دەباری لە کووچەباغی سێوان

زولفی پەخشان بوو کوڵمی وە دەردەکەوت لەنێوان

شەمس و قەمەر ھەڵاتن دوێنێکە نوێژی شێوان

وەفایی کەوتە کێوان، شیرین تەشی دەڕێسێ

کە کەوتە چەرخ و گەردش تەشی بەدەستی ڕەنگین

ھەودای لە لێو و دەم دا خورشیدی سینە نەسرین

سەمای بە زووزەنەب دا : كف الخضيبی شیرین

گرتی خەتی مەداران شەفەق بە عیقدی پەروین

سیحرێکە بۆ دڵ و دین، شیرین تەشی دەڕێسێ

دوو زولفی چین بە چین کرد، کە نافەیی خەتایە

دوو مەمکی خستە سەر لۆق ھەناری دڵگوشایە

بە خەندەی چەرخێکی دا کە شەوق و نەشئە وایە

بە نوکتە پێی نیشان دام سەما لەسەر ھەوایە

ھەموو ئیشارە وایە، شیرین تەشی دەڕێسێ

بە عیشوە زولفی لادا لەسەر عیزار و زاری

دوگمەی کراسی ترازا، بزووت ھەوای بەھاری

کە شەو بەیانی بەردا گوڵ و وەنەوشە باری

سەڵای بە عاشقان دا باغی گوڵ و ھەناری

دونیا بە ئینتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ

کە زولفی کەوتە سەر ڕوو ھەموو خەتای بە چین دا

خەرامی تاووسانەی بە سەروی نازەنین دا

سفیدەیی بەیانی بە باغی یاسەمین دا

فەنایی پڕ بەقا بوو دەمی لە پێکەنین دا

سەد ئافەتی لە دین دا، شیرین تەشی دەڕێسێ

سمی غەزاڵەیی چین لە نافەدا عەیانە

دەڵەی لە نیوەشەودا سفیدەیی بەیانە

قەدی گوڵ و دەمی گوڵ ئەمەی کە قووتی جانە

لە باغی یاسەمیندا شکۆفەیی گوڵانە

بەھاری بێ خەزانە، شیرین تەشی دەڕێسێ

شکۆفە وا ھەڵستا لە زێڕ و زیو حوبابێ

لە کەوسەری بەھەشتێ دەروونی پڕ کرابێ

خڕ و لەتیف و نازک بلووری خودنوما بێ

بە تەرزی درزی دەرزی لە خۆوە درزی دابێ

دیارە سەروی وا بێ، شیرین تەشی دەڕێسێ

شەوێ لە پیرەخەودا جەماڵی ویم بە دڵ دی

دوو چاوی مەست و کاڵم وەکوو غەزاڵی سڵ دی

ئەگەرچی نەوبەھارم بە ڕەنگی باغی گوڵ دی

ھەناری نەوڕەسیدەم شکاو و خاو و بڵ دی

گوڵم لە خاک و گڵ دی، شیرین تەشی دەڕێسێ

وتم: چ بوو نەمام! بە خاڵ و خەت نەماوی؟

وەکوو بەیاری سونبول بڵاو و تێکشکاوی؟

وتی: گڵاوی سەگ بوو شکۆفە گوڵ، گوڵاوی

بە کەرتەشی سماوە ستارەیی سەماوی

بەسەر چوو چاو و ڕاوی، شیرین تەشی دەڕێسێ

مەنعی مەکەن وەفایی کە خاوێ دڵ بڵاوە

سەرێکە مەستی نازی، دڵێکە بۆی نەماوە

بە داو و دڵ دڵی خۆی بە داوی زولفی داوە

دڵم حەقی بە دەستە فتوایی سەری داوە

کە ئەم غەزاڵە چاوە، شیرین تەشی دەڕێسێ

قوتووی لوئالییانە لە زیوی داڕژاوە

لەبالەبە لە حیکمەت لە شەھدی ھەڵکراوە

لەبەر نەزاکەتی ڕۆژ ڕەواقی دادڕاوە

بە تەرزی درزی دەرزی لە خۆوە درزی داوە

بە مەی عەیان کراوە، شیرین تەشی دەڕێسێ

شیفای جەراحەتی دڵ تەشی نەبوو، کە ڕستی

شەشپەڕی کاکی خۆیە پڕاوپڕە بە دەستی

ھەتیوێ کەللەشەق بوو بە داوی حیلە بەستی

لە ناوی ھاتوچۆدا بە لێوی غونچە گەستی

بە ڕووح و دڵ بە قەستی، شیرین تەشی دەڕێسێ

بە دڵ بە دیدە سووژن لە غونچەگوڵ یەرەق بوو

شەشپەڕەکەی وەفایی کوڵوفت و تیژ و ڕەق بوو

لە ھاتوچۆی سەماوی گوڵ ھەم وەرەق وەرەق بوو

شەقایقێکە شەق بوو شەقایقێ کە شەق بوو

بەڵێ چ موستەحەق بوو، شیرین تەشی دەڕێسێ.

دواتر نامەی داواكراوی شێخ عوبەیدوڵڵاشی نووسیوه‌ و ئینجا داوا لە شێخ دەکات بگەڕێتەوە زێدی خۆی لە سابڵاغ، دوای ماوەیەک شێخیش سۆراغی دەکا و دەوروبەرەکەشی پێی دەڵێن؛ وەفایی شەرمی کردووە ڕازی دڵی خۆی لای تۆ بکاتەوە، چونكه‌ وه‌فایی كه‌وتۆته‌ داوی خۆشه‌ویستی و ئەم شیعرەشی بۆ شیرینی دراوسێی ماڵی شێخ نووسیوە.

هەربۆیە شێخ دەستبەجێ داخوازی شیرین بۆ وەفایی دەکا و دواتریش بە باری شەش ئێستر، کەلوپەلی ناوماڵیش بۆ وەفایی دابین دەکات و بوکەخان و ناوماڵەکەشی دەنێرێتە سابڵاغ بۆ لای وەفایی.

چەند زانیارییەکی تر لەبارەی وەفایی شاعیر؛

میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به (وەفایی)، شاعیری به ناوبانگی کورد، لە ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی (١٨٤٤) له شاری مەهاباد لەدایکبووە.

وەفایی کوڕی مەلا غەفوور کوڕی مەلا نەسڕوڵڵایه‌، یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان. خوێندنی سەرەتایی و وانەی زانستە ئیسلامییەکانی له حوجرە و مزگەوت لە لە مەھاباد خوێندووه‌، شارەزای زمانەکانی ئەوکاتی (تورکی عوسمانی و فارسی و عەرەبی) بووە، ھەر لە مهابادیش مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەناو خەڵکی بە مەلا نەناسراوە، بەڵکو تەنیا میرزایان پێ ووتوە.

وەفایی سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی لە زێدی خۆی لە مەھاباد بردۆتە سەر و لەم ماوەیەدا خەریکی وەرگرتنی زانستی و زانیارییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان بووە.

 له‌دوای ئه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا شیعره‌كانی ئه‌وی په‌سند كردووه‌ و چووه‌ته‌ هه‌كاری بۆ لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا، هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ش شێخی ناسیووه‌، ماوەیێکی درێژ لای ژیاوە، شیعری بۆ خوێندۆتەوە، سکرتێرییەتی نووسینی بۆ کردووە و کاروباری خوێندەواری بۆ شێخ عوبه‌دوڵڵا بەڕێوە بردووە.

ناوبراو له‌ماوه‌ی ژیانیدا سێ جار چووه‌ بۆ حه‌ج و له‌دوایین حه‌جیدا كۆچی دوایی كردووه‌.

لەدوا گەشتیدا بۆ سلێمانی لەساڵی ١٩٠٠ وا دەردەکەوێ ماوەیێک تێیدا ژیاوە و لەساڵی( ١٩٠٢ )، حەجی سێیەمی کردووە. قسەی واش ھەیە لە ساڵی ١٨٩٨ ز لە گەڵ (شێخ سەعیدی حەفید)، چووە بۆ ئەستانبۆل و لەوێوە لەگەڵ (شێخ سه‌عیدی حەفید) ڕووی کردۆتە وڵاتی حیجاز. ھەرچۆن بێ وەفایی لەگەڵ‌ کاروانی (شێخ سەعیدی حەفید) و(سەید ئەحمەدی خانەقا) و (شێخ مستەفای شێخ عەبدولسەمەدی قازی) و (حاجی تۆفیقی پیرەمێرد) چووه بۆ حەج.

لە سەحرای عەرەبستان، لە گەڕانەوەی ئەو حاجیانە، وەفایی تووشی نەخۆشی زەحیری بووە، هەر بەهۆی ئەم نەخۆشیەوەش کۆچی دوایی کردووە و لە ناو لمی بادیەی عێراق یان (بیابانی شام) لەلایەن هاوەڵەکانییەوە لە ساڵی ( ١٩٠٢) دوور لە نیشتمان بەخاک سپێردراوە.

پاش تێپه‌ڕبوونی( ١٠١ )، ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی شاعیری ناسراوی كورد "وه‌فایی"، بۆ یه‌كه‌مجار وێنه‌ی ئه‌و شاعیره‌ دۆزرایه‌وه‌. دۆزینه‌وه‌ی خودی ئه‌م وێنه‌یه‌ش له‌لایه‌ن نووسه‌ر و شاعیری ناسراوی كوردستان "موحیبی مه‌هابادی" بووه‌، هه‌ربۆیه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ موحیب مه‌هابادییه‌وه‌ كرد، ڕوونیكرده‌وه‌ وێنه‌كه‌ له‌ ئه‌لبومی "عه‌لیخانی قاجار" دا دۆزراوه‌ته‌وه‌، ناوبراو وێنه‌گری تایبه‌تی هه‌ریه‌ک له‌ ناسره‌دین شا و، موزه‌فه‌ره‌دین شا، پاشای قاجار بووه‌، هەروەها له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا سه‌دان وێنه‌ی ده‌گمه‌نی پاشا و سیاسی و ناودارانی زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێرانی گرتووه‌.

له‌ وێنه‌كه‌دا شه‌ش كه‌سایه‌تی و مامۆستای ئایینی مه‌هاباد له‌ ته‌نیشت یه‌كتر وه‌ستاون، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئه‌لبومه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ وێنه‌ی وه‌فایی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌هاباده‌، به‌ڵام ڕوون نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كامه‌یان خودی وه‌فاییه‌؟

ته‌نانه‌ت موحیب گوتی " پاش به‌دواداچوونی ورد و سۆراخی باڵا و ڕاده‌ی ریش و ڕه‌نگی پێست و شێوه‌ و ڕووخسار و شێوازی پۆشینی جلوبه‌رگی وه‌فایی، ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ لەلای ڕاستەوە كه‌سی چواره‌می وێنه‌كه‌یە، وه‌فایی خۆیه‌تی"، هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ناوبراو، وێنه‌كه‌ له‌نێوان ساڵانی( ١٨٩٩-١٩٠٠ )، له‌ خانه‌قای شه‌مزین گیراوه‌، ده‌كه‌وێته‌ چوارڕییانی ئازادی له‌ شاری مه‌هاباد، چونكه‌ وه‌فایی له‌و ساڵانه‌دا وه‌کو وانەبێژ له‌و خانه‌قایه‌ خزمه‌تی ئاینی كردووه‌.

هاوپێچ؛

وێنه‌ی یه‌كه‌م: وه‌فایی له‌نێو پۆلێك له‌ زانایانی ئه‌وكاتی شاری مه‌هاباد، سێیه‌م كه‌س له‌لای چه‌پ (مێزه‌ر سپی و جوببه‌ سپییه‌كه‌) وه‌فاییه‌.

وێنه‌ی دووه‌م: شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، له‌ حجاز، له‌ ساڵی 1883، ته‌نها چه‌ند مانگێك به‌ر له‌كۆچی دوایی كردنی.

هه‌ردوو وێنه‌كه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌، له‌ ئه‌رشیفی كاك موحیب مه‌هابادی وه‌رگیراوه‌.

 

A person with a beard and a long black and white robe

Description automatically generated
A group of men standing together

Description automatically generated

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین