ئەمەریکا و چین داوای هەنگاوی دیپلۆماسی لە هیندستان و پاکستان دەکەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

تا دێت گرژی و ئاڵۆزی نێوان هیندستان و پاکستان فراوان تر دەبێت، لەبەرامبەردا ئەمەریکا و چین داوا لە هەردوولا دەکەن بگەڕێننەوە بۆ گفتوگۆ و بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ناکۆکییەکان.

ڕۆژی شەممە (10/ئایار/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە، "هیندستان و پاکستان کرد ڕێگاکان دیاری بکەن بۆ ئاسایی کردنەوەی ناکۆکییەکان  و دووبارە پەیوەندی راستەوخۆ بەیەکتر بکەنەوە تاوەکو دوور بکەونەوە لە لێکتێنەگەیشتن".

جێگەی ئاماژە پێدانە، ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای گفتوگۆی تەلەفۆنی جیاواز هات لە نێوان روبیۆ و وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و پاکستان، واشنتۆن ئامانجییەتی مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی چاوەڕوانکراو کەم بکاتەوە.

هاوکات چین کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەردوو وڵاتدا هەیە، داوای دان بەخۆداگرتن لە هەردوو وڵات دەكات و بگەڕێنەوە بۆ هەنگاوە دیپلۆماسییەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "ئێمە بە تووندی داوا لە هیندستان و پاکستان دەکەین کە پێشینە بدەن بە ئاشتی و سەقامگیری، ئارام بن و خۆیان بپارێزن و بگەڕێنەوە سەر ڕێڕەوی چارەسەری سیاسی لە ڕێگەی ئاشتیخوازییەوە و دوورکەونەوە لەو هەنگاوانەی کە ئاڵۆزی و گرژییەکان زیاتر دەکات".

پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت، ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدایە کە شەڕ لەسەر هێڵی کۆنتڕۆڵ زیادیکردووە و ڕاپۆرتەکان باس لە ئامادەکاری زیاتر و کۆکردنەوەی هێزەکان دەکەن کە ترسی ڕوودانی شەڕێکی فراوانتر دروستکردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین