ئەمەریکا و ئۆکراینا پەیوەندییە ئابوورییەكانیان فراوانتر دەكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە بەرپرسانی جیاوازی ئۆکرایناوە دەكات سەرۆکی ئەرکانی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین لە هەنگاوەکانمان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام".

ڕۆژی شەممە (10/ئایار/2025) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گفتوگۆیەکی گرنگی لەگەڵ ئاندری یرماک، سەرۆکی ئەرکانی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا ئەنجامداوە و "هەردوولا تیشکیان خستۆتەسەر ئەگەری ئاگربەست و هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی دوای گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆکی ئۆکراینا".

ئاندری یرماک دووپاتی کردووەتەوە، لە گفتوگۆکەدا ستیفن ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا و جەنەراڵ کیت کیلۆگ و وەزیری بەرگریی ئۆکراینا بەشداریان کردووە.

یرماک سەبارەت بە ناوەڕۆكی زیاتری گفتوگۆكەیان دەشڵێت، "جەختمان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە کردەوە کە سەرۆکەکانمان لەسەری ڕێککەوتوون بەتایبەت پرسی ئاگربەست، هەروەها پێشوازیمان لە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئابووری لەگەڵ ئەمەریکا کرد، كە لەلایەن پەرلەمانی ئۆکرایناوەش پەسندكراوە".

بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕێککەوتنە ئابوورییەکە سندوقێکی وەبەرهێنانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا کە لە بەرامبەر وەبەرهێناندا ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات دەستی بە سەرچاوە کانزاییەکانی ئۆکراینا بگات.

جێگەی ئاماژە پێدانە، ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕایگەیاند، ئۆکراینا ئامادەیە بۆ ئاگربەستی (30) ڕۆژ و ئامادەیە گفتوگۆکردن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین