تابلۆی (مانی) و شیعری (نالی)
نوچە نێت: تایبەت
ئەحمەد زرار
گەورەبوونی مانی (٢١٦-٢٧٦ز)
(٣٥٤) ساڵ بەر لە لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام موحەممەد ﷺ، منداڵێک لە هەمەدان (ئەکباتانا) بەناوی (مانی کوڕی پاتیگ) دێتە دونیاوە کە بە دامەزرێنەری ئاینی (مانییەت) دادەندرێ، هەڵبەتە باوکی مانی (پاتیگ) لە یەکێک لە گەشتە بازرگانییەکانیدا پیاوێک دەناسێ و لەوێوە ئاشنای جۆرە خواپەرستییەک دەبێ کە بە (موغتەسیلە) ناسراوە، لەم جۆرە خواپەرستییەدا بەندە پێی وایە دەبێت بە دڵسۆزییەوە خواپەرستی بکات، بۆیە پاتیگی باوکی مانی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە هەموو موڵک و سامانی خۆی بەجێبهێڵێت و تەنانەت خێزانەکەیشی، واتا دایکی مانی (مەریەم) جێ دەهێڵێت، لەسەر ڕۆیشتن دەزانێت ئەو مناڵەی کە تازە هاتۆتە دنیاوە کوڕە، بۆیە ئەویش لە باوەشی مەریەم ڕادەپسکێنێت و بەرەو بیابان هەنگاو هەڵدێنن، لەگەڵ کۆمەڵێک ئیماندار لەژێر دار خورمایەک بە جلی سپییەوە کە دواتر ناویان بە (پیاوە جل سپییەکان) دەرکرد، دەمێننەوە و خەریکی خواپەرستی دەبن.
بیروباوەڕی ئایینی مانییەت
مانییەت، بزووتنەوەیەکی ئایینی کۆنە کە لەلایەن )مانی(، پێغەمبەرەوە لە سەدەی(٣)ی زایینی لە ئیمپراتۆریەتی فارس (ئێرانی ئەمڕۆ) دامەزرا. هەڵبەت وەک باسکرا مانی لەناو ئەم خەڵکەی ئەوێ کە تەنیا پیاو بوون ژیا و گەورە بوو، بە بڕوای پەیڕەوانی (موغتەسیلە) مێیینە لە هەرێمی خواپەرستیدا قەدەغەیە، ئەوەی مێینەیە حەرامە و ئەوەی حەرامە مێینەیە. تەنها پیاوان ئیمانداری ڕاستەقینەن. ژن ناتوانێت پەروەردگاری خەڵکە جلوبەرگ سپییەکان بپەرستێت. بۆیە گەورەبوونی مانی لەناو پیاوان وای لێ کرد لەسەر هەمان پەیڕەوی باوکی و ئەو ئیماندارانەی کە لەگەڵ باوکیدا لەسەر پەیڕەوە دینییەکەی دەڕۆیشتن، بدوێ و خەیاڵ بکا.
مانییەت ئایینێکی دووانەیە کە جەخت لەسەر ململانێی دوو هێزی بنەڕەتی دەکات: چاک و خراپە، ڕووناکی و تاریکی. فێرکارییەکانی مانی توخمەکانی زەردەشتی و مەسیحی و بودایی و نەریتە ئایینییەکانی دیکەی کۆکردەوە و سیستەمێکی ڕۆحی گشتگیری دروستکردووە. بڕوای ئایینی مانییەت یان مانی بە تایبەتی، تێکەڵەی ئایینەکانی (زەردەشتی، مەسیحی، بوزی) بوو، بە بڕوای مانی هەردوو هێزی چاکە (ئاهورا مەزدا، ڕۆحی پیرۆز) و خراپە (شەر، ئەهریمەن) هەیە و لەناواخنی هەموو مرۆڤێک ڕەگیان داکوتاوە، بنەڕەتی بیرکردنەوە لە بوون لەلای هەر کەسێکەوە پەیوەستە بەم دوو لایەنەوە، بەڵام جیاوازی بیرکردنەوەی مانی لەگەڵ ئایینەکانی تر ئەوەیە، بە بڕوای مانی هیچ یەکێک لەم هێزانە ناتوانن بەسەر ئەوی تردا زاڵ ببن، چونکە تاچەند شەڕ و خراپە لە سۆنگەی دەسەڵاتدا بن، بەرانبەرێکیان هەیە کە بە چاکە و باشە ناودەبرێت و هەوڵ بۆ بەربەرەکانێی دەدات، بە پێچەوانەشەوە. بۆیە مانی و پەیڕەوانی مانییەت بێ پسانەوە لەسەر خواپەرستی بەردەوامن و دەست لە هەموو خۆشییەکی ژیان هەڵدەگرن بۆ پشتگیری لەو هێز و چاکەیەی کە لە دەروونیاندا هەیە. گەردوون گۆڕەپانی شەڕە لە نێوان هێزەکانی ڕووناکی (چاکە) و تاریکی (خراپە).
ڕۆحی مرۆڤەکان پریشکی ئیلاهینن کە لەناو جەستەی ماددی تاریکیدا گیریان خواردووە. ڕزگاربوون بریتییە لە ئازادکردنی ڕووناکی ناوخۆیی لە ڕێگەی ژیانی ئەخلاقی و نوێژ و پراکتیزەکردنی زاهیدییەوە. مێژووی گەردوون ململانێیەکی گەردوونییە و ڕزگاری ڕۆحی بە جیاکردنەوەی مرۆڤ لە کاریگەرییە ماددی و خراپەکان بەدەست دێت. مانی بانگەوازی پێغەمبەرایەتی کردووە، خۆی بەم ڕۆحە چواندووە، کە بڕیارە دوای پێغەمبەر عیسا بێت، لە ئینجیلدا ناوی هاتووە. مانییەت بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری فارس، ئاسیای ناوەڕاست، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، باکووری ئەفریقا و چیندا بڵاوبووەوە و کاریگەری لەسەر کولتوور و ئایینە جیاوازەکان هەبوو. بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئایینی و دامەزراوەکانەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی بەرچاو بووەتەوە و دواجار له زۆر ناوچەدا سەرکوت کرا. مانییەت میراتێکی بەردەوامی لە مێژووی بیری ئایینیدا بەجێهێشتووە، بەتایبەتی لە جیهانبینی دووانەیی و کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوە ئاینییەکانی دواتر. دواجار مانی پێغەمبەر لە سەردەمی بەهرامی یەکەمی ساسانیدا بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتیان، پێستیان لە جەستەی داڕنی و پڕیان کرد لە کا و لەبەردەرگای شاری جوندیشاپوردا هەڵیان واسی. بەمەشەوە پەیڕەوانی لەسەردەمی ئێستادا نەماوە وەک ئاینێک بەڵام پاشخانە ئایینی و بیروڕایە پێشەنگەکانی بۆ برەودان بە خواپەرستی لە بیری مێژوودا ماوەتەوە.
کەرەستەی مانی بۆ گەیاندنی بۆچوونەکەی
مانی، لە سەردەمێک لە سەردەمەکان ژیاوە بەرهەمەکانی وەک تابلۆ و شیعر بە هەڕمێن بوون، دەشێ بڵێین زۆرێک لە سەردەمەکان سەردەمی هونەرە، بەڵام لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر، لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر ئەم بڕوایە دەگۆڕێت و شێوازی جیاواز لەخۆیدا بەرجەستە دەکات، بۆیەشە هەر سەردەمێک شێوازێکی جیاوازی ئەدەب و هونەر بە گشتی زاڵە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕوایەی کۆمەڵگا بڕوای پێیەتی، بە تایبەت لە بواری خەیاڵ و قووڵبوونەوە لە خوڕافیاتدا. بۆیە وەک کەرەستە مانی پەنا بۆ تابلۆ و نووسینی شیعر دەبات، بەشێک لە توێژەران بە وێنەکێش و شاعیر دەیناسێنن. زۆرێک لە بەرهەمەکانی مانی بە ئێستاشەوە بە شاکاری جیهانی دادەندرێن بۆ ئەم قۆناغە مێژووییەی کە تێیدا کێشراوە.
ڕەنگدانەوەی ناوی (مانی) لەناو ئەدەب
وەک باسکرا زۆرێک لە قۆناغەکە ئەدەبییەکان بە شێوازێک لەوانەی پێش و دوای خۆیان جیا دەکرێنەوە، دەبینین قۆناغی شێعر کلاسیک کە لە بنەڕەتەوە ئەم قۆناغە باروبنەی دەچێتەوە ناو ئەدەبی ئینگلیزی و بە ڕەوتێکی فەلسەفی و گشتی کۆمەڵ دادەنردرێت، دەتوانین بڵێین ڕێبازێکی نوێی ژیان بوو، لە یەکێک لە سەردەمەکان لە ئەوڕوپا هاتە کایەوە. ئەم قۆناغە دوای ئەوڕوپا لە ئەدەبی عەڕەبی و پاشان فارسیدا ڕەنگ دەداتەوە. کە پەیڕەویکردنە لە یاسایەکانی بەحرە عەڕووزییەکان بۆ شیعر، هەروەها هەموو ئەو چێوانەی کە بۆ شیعر پێشنیاز کرابوون دەبا پەیڕەو بکرێن و لێ دەرچوونیان دەقە ئەدەبییەکەی کرچ و کاڵ دەکردەوە.
ناوی (مانی) یەکێکی ترە لەو هێمایانەی لە شیعری کلاسیک هاتووە، هەڵبەتە مەبەست لە هێمای (مانی) خەتخۆشی و دروستکردنی تابلۆیەکی هونەری بەرز بوو، واتا بە جۆرێک لەگەڵ واقع نزیکی دەکردەوە، دەتتوانی هەست بەو برۆیە بکەی کە مانی کێشاویەتی، یان ئەو ڕوخسارەی مانی دەیکێشا تایبەتترینی کێشراوەکان بوو، لەناو تابلۆ کێشراوەکانی ئەوکاتتدا. بۆیە بە بیانووی لێکنزیکی ئەدەبی کوردی و فارسی و خوێندنی مەلایەتی لە حوجرەکاندا کە بەشێکی زۆری پەیڕەوی خوێندنیان فارسی بوو، بە تایبەت ئەدەبیان، ئەم وشەیە دەپەڕێتە ناو خەیاڵی شاعیرانی کوردی و بە تایبەتی لە شیعری (نالی، سالم، کوردی، مەولەوی، مەحوی...تاد.) ڕەنگدەداتەوە.
(مانی) لە شیعری (نالی)دا:
لە دیوانی نالیدا بە ڕاستەوخۆ سێ جار ناوی (مانی) دەبینین کە نالی هێناویەتی، لە خوارەوە بە پێی توانا هەریەک لە دێڕەکان و واتایان دەخەینەڕوو:
نووکی خامەی من کە بێتە مەعنائارایی کەمال
خەت بە خەت ئیزهاری نەقشی سوورەتی مانی دەکا
هەڵبەتە بەپێی تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەم دێرەی نالی، دەگەینە ئەوەی بڵێین: نالی لێرەدا جیاوازی دەکات لە نێوان دیتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیتنێک لە ڕێگای خەیاڵەوە لە زەینمان دروست دەبێت. هەڵبەتە ئێمە دەزانین جوانی ئەو ئەو وێنەیەی لە ڕێگای تابلۆیەکەوە لە بیرمان دروست دەبێت چەسپاوە؛ بەوەی هەرچەند کاتی بەسەردا بڕوا چونکە ڕاستەوخۆ لە ڕێی چاوەوە دیتوومانە بیرچوونەوەی کاتێکی زێتری دەوێت، لەوەی کە تەنیا بە خوێندەوە دێتە بەر ئاوێنەی خەیاڵمان، جا لێرەوە نالی کە سالوخەتی خۆی دەکات، دەلێت: من گەر بمەوێت ئەو قەڵەمەی دەستم بەو پەڕی جوانی بەکاربێنم، (هەڵبەتە نالی شاعیرە، بۆیە بەکارهێنانی قەڵەمی بۆ نووسینە) ئەم بەرهەمەی دەیهێنمە بوون، هێندە بە خەیاڵ ڕازاوەیە، نیگارمی تێدا دەنەخشێنم، لە تابلۆکانی مانی، (کە هیی ئەو تابلۆن و زووتریش لە بیردا دەچەسپێن) درەنگتر لەبیر دەچنەوە. ئەگەرچی بەرهەمی من نووسینە توانای مانەوەی لە تابلۆ کەمترە، بەڵام هزر و توانای من لە نووسیندا و کاریگەری خەیاڵ بەسەریەوە بەرهەمێکی هێندە تایبەت دروست دەکات کە هێزی مانەوەی لە هزردا زیاترە.
حوققێکی زەڕی سافی لەسەر بانی نرابێ
نەختێکی بە سەد سەنعەتی (مانی) قڵەشابی؟!
لە قەسیدەی مەستوورەدا نالی دووبارە ناوی مانی دەهێنێتەوە، بەڵام هاوسەنگی ئەو قەسیدەیە وەک بەشێک لە توێژەران باسی دەکەن، هەوڵێکی بێلایەنانەی نالی بووە، ڕوون نییە مەبەستی نالی بە چ لایەکدا شکاوەتەوە، بە کورتی واتای دێڕەکە ئەوەیە: ئەو گردۆڵکەیەی لەسەر سینەی مەستوورەدا هەیە، وەک ئەفسانەکان دەیگێڕنەوە گەنجینەیەکی تێدا شاردراوەتەوە کە بە تەلیسمێک دەورە دراوە، دەوری ئەو گەنجینەیە هێندە بە مکوومی داخراوە (مانی)ییەک بە سەد سنعەتەوە نەیتوانیووە تەواوی تەلیسمەکە بشکێنێ بەڵکوو درزێکی بچووکی تێدا کردووە. ئایا ئەوە ئەوەیە کە کۆمەڵ بڕیاری لێ داوە؟! یان بەڕاستی مەستوورە وایە؟!
(مانی) نیەتی قووەتی تەسویری برۆی تۆ
ئەم قەوسە بە دەستی موتەنەففیس نەکشاوە
ئەدەبی کلاسیک لە دەربڕێنی زێدەڕەویدا فرەکارن، ئەم هونەرە لای نالی و کوردی و سالم زۆرە، لێرەوەش نالی دووبارە زێڕەوی دەکات لە باسکردنی جوانی یار، برۆی یار هێندە شایان و جوانە، ناشێ و ناگونجێ دەستی بەنیادەمی بەسەرەوە بێ، دەبینین لەناو کۆمەڵ زۆرجار دوا ترۆپکی جوانییان بردووەتەوە بۆ هونەری وێنەکێشێک کە بەبەرچاویانەوە وێنەی کێشاوە، ئەوەی مرۆڤ دیویەتی و جوانترینە ئەو کارانەن کە وێنەکێش کێشاویەتی، بەڵام لێرەدا نالی، خاڵێک دادەنێت بۆ بیرۆکەی کۆمەڵیش، ئەوەیە دەڵێ: برۆی یار هێندە جوانە، ناشێ بگەڕێندرێتەوە بۆ هیچ وێنەکێشێک، بە شێوەیەک جوانن، لە کاری مرۆڤ ناچن. ئەگەر ئەو مرۆڤە مانیش بێت کە باشترین وێنەکێشی سەردەمی خۆی بووە.
بە گومانی ئەوەی نالی لە هیچ یەکێ لەم دێڕانەدا دەلالەتێک سەبارەت بە ئایینی مانییەتی بەکارنەهێناوە و ئەوەی هەیە باس لە شێوەی تابلۆ و بەرهەمە هونەرییەکانییەتی، بۆیە ناتوانین وای دابنێین کە نالی مەبەستی لە بەکارهێنانی وشەی (مانی) ئایینی مانییەت بووە، بەڵکو تەنیا گرنگی بە بەهرەمەندییە هونەرییەکانی مانی داوە. واتا دیتنی نالی بۆ مانی لەڕووی ئاین و بڕوایەوە نییە، بەڵکو بۆ گرنگی بەرهەمی هونەرییەتی.
ئەو سەرچاوانەی سوودیان لێ وەرگیراوە
- مودەڕیس، عەبدولکەریم (١٩٨٥) دیوانی نالی، چاپی دووەم، چاپخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، تاران.
- قەرەنی، فەرهەنگ (٢٠٢٠) چەپکێک گوڵ لە باخی شیعری کلاسیکی کوردی، چاپی یەکەم ناوەندی سارا، سلێمانی.
- باسێک لەسەر ئایینی مانی، دیدار عوسمان، لە ١٧/٧/٢٠١٧ی لە ماڵپەڕی (ڕۆژی کورد) بڵاوکراوەتەوە. باسێک لەسەر ئایینی مانی – History Of Kurdistan
- "المانوية".. حكاية ماني في رحاب الدين والفن والجمال، مریم عادل، لە ١٧/١٠/٢٠٢٠ لە ماڵپەڕی (ئەلجەزیرە) بڵاوکراوەتەوە. "المانوية".. حكاية ماني في رحاب الدين والفن والجمال | الجزيرة نت
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment