دابەشکردنی کار لەنێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگای کوردیدا
ڕاز ئەسعەد
لەگەڵ نیشتەجێبوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردندا، کۆمەڵگای مرۆیی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئیتر کارەکان بەجۆریک فراوان و زۆربوون، چیدیکە نەدەکرا بە بێ دابەشکردن ڕایی بکرێن، بۆیە هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتەوە دابەشکردنی کاریش وەک زەرورەتێکی هەنوکەیی زۆر بەهێزەوە خۆی سەپاند و ژیانی مرۆڤ لە ڕیشەوە گۆڕانکاری بەسەردا هات.
یەکێک لە دابەشکردنە سەرەکییەکانی نێو هەر کۆمەڵگایەک دابەشکردنی کارە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، هەرچەندە خودی ئەم دابەشکردنە بە پێی پێویستی جۆر و شێوازی ژیان و چۆنایەتی بیروباوەڕی کۆمەڵگاکان بووە، لە هەمانکاتیشدا جێی گلەیی و گازندە و ڕەخنەی هەر ڕەگەزێکیان بووە، چونکە ئەستەمە کارەکان بە شێوەیەک دابەشبکرێن کە هەردوولا یەکسانیی تێدا بدۆزنەوە، لەگەڵ هەموو ناڕەزایەتییەکانیشدا کارەکان هەر دابەشبوون و لەهەر کۆمەڵگایەکدا کاری ژنان و پیاوان، بە بێ هیچ دەستوور و ڕێسایەکی نووسراوە، دابەشکراون و لە پێناوی مانەوەدا هەر ڕەگەزە و کارەکانی خۆی ئەنجامداوە.
کۆمەڵگای کوردی وەک هەر کۆمەڵگایەکی دیکە ئەم دابەشکارییەی تێدا کراوە، ژنان سەرەڕای بەرپرسیارێتی ناو خێزان و منداڵ بەخێوکردن، چەندین کاری دیکەیان ئەنجامداوە، لەم ڕووەوە تۆمابوا دەڵێت''ئافرەتی کورد لە لادێکانی عێراق و تورکیادا ئەتوانین بڵێین، ئیشوکارە قورسەکانی ناو ماڵ لەسەرشانی ئەوانە، بەتایبەتی ئەوانەی لە سەعات پێنجی بەیانییەوە هەتا یانزدەی شەو کار ئەکەن''.
یەکێک لە دابەشکردنە سەرەکییەکانی نێو هەر کۆمەڵگایەک دابەشکردنی کارە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا
کاری ژنان لە نێو کۆمەڵگای کۆنی کوردیدا زۆر و هەمەچەشن بووە، ئامادەکردنی خواردن، بەڕێکردنی میوان و بەخێوکردنی ئاژەڵ، ئامادەکردنی بەرهەمە سپیاییە جیاوازەکان، نانکردن و ئاو هێنان، دار و چیلکە کۆکردنەوە، خۆشکردنی پێستە، دروستکردنی کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەت بە چەرم و پێستەی ئاژەڵ و ئامادەکردن و دروستکردنی بەرهەمە گڵینە جیاوازەکان، تەونکردن، ڕستن، چنین و چەندان کاری دیکە، لە هەمانکاتدا هاوبەش و یارمەتیدەرێکی سەرەکی پیاوانیش بووە لە سەرجەم ئەو کارانەدا کە بە کاری پیاوان ناسراون. لە کتێبی (الاکراد تأریخ شعب) دا، زیاتر دەربارەی سەختی کاری ژنان دواوە، جۆرێک لە پۆلێن بەندی سەبارەت بە قورسیی کارەکان خراوەتەڕوو، دەڵێت ''ژنی کورد سەرجەم کارەکانی ماڵەوە ڕادەپەڕێنێ، کەرەستەکان کۆدەکاتەوە، مەڕەکان دەدۆشێ، دار لەسەر چیاکان کۆدەکاتەوە بە مەبەستی خۆگەرمکردنەوە و نانکردن، هەموو ئەم کارانەشی ئەنجام دەدا و منداڵەکەشی هەر بەشانەوە بوو، هەروەها ژنی کورد لە ئەسپ سواریدا شارەزایە .. ''.
سەختی کاری ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا حاشاهەڵنەگرە، تەنانەت جێگەی سەرنجی زۆرینەی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسە بیانییەکان بووە، کەمیان هەیە لە بیرەوەری و یاداشتەکانیاندا باسیان لێوە نەکردبێت، خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە، وەک خۆشمان شانازیی پێوە دەکەین، هەموان باس لە کراوەیی کۆمەڵگای کوردی دەکەن و پێیانوایە، ژنانی کورد لە چاو ژنانی تورک و عەرەب و فارس و ژنانی گەلانی دیکەی ناوچەکەدا زۆر سەربەست و ئازادن، چونکە پیاوی کورد ڕێگر نییە لە دەرکەوتن و هاتنە دەرەوەی ژندا، سۆن لە بارەی سەربەستی ژنی کوردەوە دەڵێت ''ژنیان وەکو هەر وڵاتێکی ئەوروپایی سەربەستن، ئەوەندە نەبێت ناچنە بازاڕ، بەرەو پێشەوە چوون و دەربڕینی بەرز لەو سیستەمەدا مەودای داوە بە ژن، تا دیدێکی نزیک بە تێگەیشتنی ئاستی ژن لە ڕۆژئاوا ببینرێت''. بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین ئەوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان لە کتێبەکانیاندا سەبارەت بە سەربەستی ژن و زۆرێک لەو بابەتانەی ئاماژەیان پێداوە و تۆماریان کردووە زیاتر ئەو بابەتانە بوون، کە سەرنجی ڕاکێشاون و بەرچاو بووە، پاشان لەسەر بنەڕەتی سەرنجەکانیان شرۆڤەیان بۆ کردووە.
لە تێڕوانینێکی دوور لە سۆزدا بۆ ئەم بابەتە، پرسیارێکی گرنگ خۆی دەسەپێنێت، ئایا هۆکاری ئەم جیاوازییەی گەلی کورد لەگەڵ گەلانی دیکەی دراوسێیدا چییە؟ بۆچی جیاوازن لەوان، پیاوی کورد ئاوا کراوە و ئازادیخوازە، لە کاتێکدا کەلتوری هەموو ئەو گەلانە زۆر لە یەکەوە نزیکن و هەمووانیش هەڵگری هەمان بیروباوەڕی ئایینین؟
هۆکارەکان هەرچییەک بن، ئەستەمە لە وتارێکی ئاوادا سەرپێی وەڵامبدرێتەوە، چونکە بابەتێکی گرنگ و فراوانە و پێویستی بە توێژینەوەیەکی فرەڕەهەندە، ئەوەش کاری دامەزراوەیەکی پسپۆڕە، بەڵام لە گەڕانی وردی ئەو بابەتەدا خاڵێک تووشی شۆکی کردم، کە ڕەنگە دەروازەیەکی باش بێت بۆ قووڵبوونەوە لە بابەتەکەدا.
ئەوەی سەیرە بۆ ژن ئاسایی بووە هەر کارێکی پیاوانە ئەنجام بدات، لە کاتێکدا شوورەیی و نەنگییە پیاو کاری ژن ئەنجام بدات!
لە دابەشکاری کاری نێوان ژن و پیاودا، ژنی کورد بە تەواوی سەرجەم کارەکانی نێو ماڵی کردووە، لە هەموو کارێکی پیاوانیشدا ئەگەر بەشداریش نەبێت، ئەوا یارمەتیدەری پیاو بووە، کە لە کێڵگە و لەوەڕاندندا تا دوایی کارەکانی ئەنجامداوە، واتە ژن هەموو کارەکانی خۆی کردووە و لە هەموو کارەکانی پیاویشدا بەشداربووە، ئەوەی سەیرە بۆ ژن ئاسایی بووە هەر کارێکی پیاوانە ئەنجام بدات، لە کاتێکدا شوورەیی و نەنگییە پیاو کاری ژن ئەنجام بدات! پیاو بەیانی ئاسایی ڕۆیشتۆتە سەر کارەکەی لە نێو کێڵگەکەیدا، ژن بە پەلە هەموو کارەکانی ماڵەوەی ئەنجامداوە لە منداڵ بەخێوکردن و کارەکانی دیکە، لەگەڵ تەواوبوونی بەپەلە ڕۆیشتووەتە سەر کێڵگەکە و هەمان کاری پیاوی کردووە، کاتێکیش لە ئێوارەدا بە ماندوویی گەڕاونەتەوە، ژن بەخێرایی خواردنی ئامادەکردووە و بە منداڵ و ماڵ ڕاگەیشتووە، بەبێ ئەوەی پیاو هاوکاری یان یارمەتی بدات!
ئەم خاڵە دەکرێت دەستپێکی تێگەیشتنێکی وردتر و دوور لە سۆز بێت بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئەو نایەکسانییەی لە دابەشکردنی کارەکانی هەردوو ڕەگەزدایە، لە هەمانکاتیشدا دەروازەیەکە بۆ شرۆڤەی ئەو سەربەستییەی لە کۆندا پیاوی کورد بە ژنی بەخشیوە!
سەرچاوەکان
١-أحمد تاج الدین، الأکراد تأریخ شعب..وقضیة وطن، ط١، الدار الثقافیة للنشر، قاهرة، ٢٠٠١.
٢-سون، رحلة متنکر الی بلاد مابین النهرین و کردستان ، ت؛فواد جمیل، ط٢، بغداد، ١٩٧٣.
٣-د.محمد فتحی الشاعر، الاکراد فی عهد عمادالدین زەنکــي، کلیة الاداب ، جامعةالمستنصریة،١٩٩١.
٤- تۆمابوا، ژیانی کوردەواری، و؛حەمە سەعید حەمە کەریم ،چ١، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەوی کوردی (٤٩)، ١٩٧٩.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment