ترەمپ و کەنداو'' شکاندنی کۆدی سیاسی و گرێبەستە بازرگانیەکانیان'' بیروڕا

نوچە نێت

 نوسینی: چنوور جەعفەر شارباژێری

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا تەواوی میدیا جیهانییەکان و شرۆڤەکارانی سیاسی لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتی و جیهانیەکان چاویان لەسەر گەشتەکەی ترەمپ بوو، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرئەنجامە سەرەکییەکانی سەردانەکەی.

لێرەدا بە پشت بەستن بەو سەرچاوە سیاسی و متمانە پێکراوانەی کە شیکارییان بۆ گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە. چەند کۆدێکی سیاسی دەخەینەڕوو کە ئاماژەن بۆ دەستەبەری چەند کۆدێکی سیاسی و ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی ماددی لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتانەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی دەدات لە جیهاندا. 

ماوەی سەردانە چوار ڕۆژییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، لە 13تا 16ی ئایار بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە نێو قۆناغێکی دووبارە ڕێکخستنەوەی ستراتیژییەکی نوێوە، هەروەک لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، جارێکی دیکەو لەم خولەی سەرۆکایەتیدا ترەمپ، دووبارە وڵاتانی کەنداوی هەڵبژاردووە بۆ سەردانیکردنی یەکەم گەشتی فەرمی بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش بەهۆی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆی و ووڵاتەکەیەتی لەگەڵ سێ هاوپەیمانیە دێرینەکەی.

لە دەرەوەی ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن میواندارەکانیەوە بۆ ترەمپ ئەنجامدرا، ترەمپ بە دەستکەوتی بەرچاوەوە گەڕایەوە وڵاتەکەی.

بۆ ووردەکاری دەستکەوتی گەشتەکەی ترەمپ چەند داتایەک دەخەینەڕوو کە بریتین لەمانەی لای خوارەوە بە پێی سەرچاوەکان، گەشتە بازرگانی و سیاسیەکەی ترەمپ، لەڕێگەی ڕاگەیاندنی پاکێجێکی وەبەرهێنانی 600 ملیار دۆلاری لە سعودیەوە بۆ ئەمریکا، بە ڕێکەوتنێکی ڕیکۆرد شکێنی 142ملیار دۆلاری چەک دەستی پێکرد، کە بە گەورەترین ڕێککەوتنی بەرگری هەژماردەکرێت، کە تا ئێستا لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراوە.

 جگە لەبواری بەرگری، ئەم وەبەرهێنانانە چەندین کەرتی سەرەکی دەگرێتەوە، لەوانە کانگا، وزە و تەکنەلۆژیا، کە زیاتر پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بەهێزتر دەکات.

لە بەرەی قەتەریشدا، گرێبەستەکان بەلایەنی کەمەوە بەبڕی (یەک تریلیۆن و 200 ملیۆن دۆلار) واژۆ کراون. لەڕێگەی ئەم گرێبەستە گەورەیەوە، هێڵی ئاسمانی قەتەر 210 فڕۆکەی قەبارە گەورە، لە کۆمپانیای بۆینگ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە دەکڕێت، لەگەڵ وەبەرهێنانێکی بەرچاو لەبواری تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

 لە ئیمارات یش ڕێکەوتنامەی هەردوو وڵات بریتی بووە لەبەرهەمهێنانی ڕوناکی لەسەر زیرەکی دەستکرد. لەڕاستیدا، لەڕێگەی ئەم ڕێکەوتنامە سەرەتاییەی نێوان ئەمریکا و ئیماراتەوە، ئەمریکا ڕێگە بە ئیمارات دەدات ساڵانە 500,000 لە پێشکەوتووترین پرۆگرامی چیپی AI ی Nvidia هاوردە بکات، کەبڕیارەکە بەمجۆرەیە کە لەئەمساڵەوە دەستپێدەکات. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر خواستی وڵاتەکە بۆ بوون بە ناوەندێکی جیهانی AI.

لە کاتێکدا کە گەشتەکەی ترەمپ، تا ڕادەیەکی زۆر بازرگانی بوو، بەڵام چاوی جیهان لەسەر کاریگەرییە سیاسییە ئەگەرییەکان بوو. هەندێ لەو بڕیارە سیاسیانەی ترەمپ، ئەنجامیدان بیرتی بوون لەمانە:

لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی ڕیاز، ترەمپ کۆتاییهاتنی سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر سوریا ڕاگەیاند، لەڕێگەی ئەنجامدانی دیدارە سەرسەرهێنەرەکەیەوە کە لەگەڵ (ئەلشەرع) سەرۆکی سوریادا ئەنجامیدا.

هەرچی سەبارەت به ئێران بوو، ترەمپ، به ناوی "لقی زه یتون" ناوی برد، ئەوەش ئاماژەیه بۆ ڕێبازێکی واقیعی و کەمتر دەستوەردانخوازانە بۆ ووڵاتی ئێران، هاوکات لەسەر ڕێگریکردن له تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕاگرت و دووپاتی کردەوە، لە پەلەکردنی ئەنجامدانی دانوستانەکان بۆ ئەوەی چیتر ناکۆکیەکان زیاتر پەرەنەسەنن. 

هەرچی سەبارەت بە غەززەش بوو، ترەمپ، شتێکی کەمی لەبارەی پرسی غەززەوە ئاماژە پێدا، تەنیا باسی لە پلانێک کرد بۆ گۆڕینی خاکەکە بۆ "ناوچەیەکی ئازادی"، بەڵام ئەوەی لەم گەشتەی ترەمپ دا غائیب بوو دەوڵەتی ئیسرائیل بوو،  کە ئاماژەیەکی ئەوتۆی بە ئیسرائیل نەدا، لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بە توندی سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێکراوەکانی بوو لە غەززەدا.

ئەم گەشتە نەک تەنها بۆ قەبارەی ئەو ڕێککەوتنە بازرگانیانەی کە واژۆکران گرنگ بوو، بەڵکو بۆ کرانەوەی سوریا بە قۆناغێکی مێژوویی نوێدا گرنگتر بوو، بەتایبەت کە بە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو ووڵاتە دیاریکرا. بە هەمان شێوە گرنگ بوو بۆ زیندووکردنەوەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیەو ئسرائیل، لەڕێگەی هەوڵەکانی ترەمپەوە، سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت کە پێشکەوتن تەنها کاتێک دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت کە هەموو لایەنەکان ئامادەبن، وەپێشی وایە و هێشتا کاتی پێشکەوتنێکی لەو شێوەیە نەهاتووە.

دەرئەنجامە سەرەکیەکانی گەشتەکەی ترەمپ دەکرێت لەچەند خاڵێکدا ئاماژە پێ بکەین:

لەڕێگەی ئەو شوێین پێهەڵگرتنە بازرگانیەی ئەمریکا لەکەندا، و گرتویەتیە بەر، ڕێبازی مامەڵەی ئەمریکامان لەناوچەکەدا بۆ دیاری دەکات. لە یەکەم گەشتی ترامپ بۆ دەرەوەی وڵات، ڕێککەوتنە بازرگانییە بەرچاوەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کەنداودا کۆتاییان هات کە سەردانی کردبوو، ئەم ڕاگەیاندنانە جەخت لەسەر باڵادەستی شێوازێکی ''مامەڵەیی'' دەکەنەوە لە نزیکبوونەوەی لە ناوچەکەدا، ڕێبازێک کە وەبەرهێنان و گرێبەستە بازرگانییەکان، کە زۆرجار لەگەڵ بەرژەوەندییە کەسییەکان و خێزانییەکان تێکەڵ دەبن، دەبنە هێزی بزوێنەری سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ.

 لەم چوارچێوەیەدا، ڕێککەوتنە بازرگانییەکان پێشینەیان هەیە، بۆیە دەبنە سەرچاوەی ڕێنمایی نزیکبوونەوەی سیاسی لەگەڵ ئەو ووڵاتانەی سەردانیکردوون، لە کاتێکدا ئاسایش و مامەڵەی بازرگانی ئامانجەکانی سەقامگیری کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم لۆژیکەوەو، لەهەمانکاتدا یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی کراوەیی ترەمپ، لەوانە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا، هەروەها ئەو لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حوسییەکان، بووەتە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتیوانیە بازرگانیەکانی لە دەریای سووردا، بەڵام ئەم ڕێبازە مامەڵەیە، مەترسی ئەوە هەیە کە لەگەڵ واقیعی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سیاسەتە ئابوورییەکان، کە لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئیدارەی نوێدا ڕاگەیەندراون، لاوازییەکانی ئێستا لە ناوچەکەدا توندتر بکەنەوە.

هەرچەندە دەوڵەتانی کەنداو لەڕێگای گرێبەستە ماددییەکانەوە  هەوڵ دەدەن، فشار بخەنە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی کار لەسەر غەززە و ئێران بکات. بەگەیشتنی ترەمپ بۆ کەنداو بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنی وەبەرهێنان لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر، لەلای خۆیانەوە ئەم سێ دەوڵەتە بە هیوای ئەوەن ترەمپ، ڕازی بکەن دیپلۆماسی لە دوو پرسی سەرەکی ناوچەکەدا بەرەوپێش ببات، ئەوانیش شەڕی غەززە و دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانە. چونکە سەرانی ئەو ووڵاتانە پێیان وایە کە تەنها زمانی دیپلۆماسییە دەتوانێت نیگەرانیەکانی ئەگەری بەرکەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئێران، یان ئەمریکا و ئێران،  لەناوچەکدا کەمبکاتەوە. بەتایبەت لەڕێگەی ئەو ڕێکەوتنامەی کە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ترەمپ ڕێککەوتنێکی لەناکاوی ئاگربەستی لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن ڕاگەیاند، و گەشبینی خۆی سەبارەت بە ئامادەیی خۆی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە ڕاگەیاند. 

قسەکانی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ڕیالیزم (واقعی) دەگۆڕێت، وبەربەستەکانی ڕابردوو تێک دەشکێنێت.

سەردانەکەی ترەمپ، بۆ سعودیە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێنایەکایەوە. بەجۆرێک ئەو دەیان ساڵە دەستێوەردانگەراییەی شەرمەزار کرد، کەبریتی بوو لە گۆڕینی ڕژێم، بەڵکو لەم سەردانەیدا ترەمپ، جەختی کردەوە لەسەر خواستی خۆی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێرانداو ڕایگەیاند کە باوەڕ بە''دوژمنی هەمیشەیی'' نییە. لە کاردانەوەی توندی ئێرانییەکان لە هەموو پاشخانەکاندا،  ترەمپ، وای دەرخست کە لایەنگری خاڵی گەرمی دیپلۆماسیە، کە ئەگەر بەڕێگەی دیپلۆماسی نەبوایە دەکرا دانوستانەکانی ئەتۆمی نێوان ئەم دوو ووڵاتەی زیاتر ئاڵۆزبکردایە، هەرچەندە داواکارییەکانی ترەمپ بۆ سەقامگیری ناوچەکە هێشتا ناجێگیرە، ئەویش بەهۆی بەردەوامی داواکاری باڵی توندڕەوەکانی ئەمریکا لە دانوستانە ئەتۆمییەکانیان لەگەڵ تاراندا هێشتا ئالۆزە، هەربۆیە ئەم پەیوەندییە نێوان ئێران و ئەمریکا کە پەیوەندی بە پێشینەکەی ڕابردووە وە هەیە هێشتا نادیارە، بەڵام دەتوانین بڵێین ڕەهەندێکی نوێ بۆ دانوستانە بەردەوامەکان زیاد کردووە.

ترەمپ، دەرگای بوژانەوەی سوریا لە دوای جەنگ دەکاتەوە

بەپێی ئەو هەواڵانەی هەفتەی ڕابردوو، لە کۆتاییدا  هەوێنی کۆبوونەوەی نێوان ئەلشەرع سەرۆکی سوریا و ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە لە ڕیاز بەڕێوەچوو،  لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ کە ''فەرمانی وەستاندنی سزاکانی سەر سوریای دا''. چونکە بوونی سزاکان لە سوریادا کە بەهۆی پاشخانێکی لەمێژینەی سیاسەتەکانی ئەسەدەوە بەسەر سوریادا سەپێنرابوو، هەروا ئاسان نیە کە سوریا بتوانێت دۆخی دەیان ساڵەی شەڕو ئەو تەحەددیانە تێپەرێنێت کە میراتێکی پێشینەی ڕژێمەکەی پێشتری بوو. هەربۆیە بۆ هەڵگرتنی سزاکان پێویستی بە ژینگەیەکی لەبارە بۆ پەروەردەکردنی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ئاشتی، ئێستا دەمێنێتەوە بزانرێت کە چۆن ترەمپ ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی جێبەجێ دەکات لەسەر سوریادا.

هەرچی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ناتانیاهۆ وترەمپە بەپێی ئاماژەکان، ناتانیاهۆ لەم پەیوەندییەدا گۆشەگیربووە، کاتێک ترەمپ لە گەشتەکەیدا بووە لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەنگدانەوەی ساردبوونەوەی پەیوەندییە شەخسیەکانی ترەمپ لەگەڵ نەتانیاهۆدا، و ڕەنگە پەیوەندی بە ڕێکخستنەوەی فراوانتری ئەولەویەتەکانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا وەبێت لەلایەک و، وە لەلایەکی تریشەوە پێدەچێت ترەمپ، تاقیبکاتەوە کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت خاڵە سەرەکییەکان سەقامگیر بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەبێ ئەوەی پشت بە هەماهەنگیەکانی نێوان ووڵاتەکەی و ئیسرائیل ببەستێت لەناوچەکەدا، هەربۆیە پێدەچێت وەدەرنانی نەتانیاهۆ لەم چواچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسیانەی ئەمریکادا، هەم ڕەمزیی و هەم ستراتیژیی بێت. بۆ ئەوەی جارێکی تر ترەمپ، لەڕێگەی دووپاتکردنەوەی ''سیاسەتی نەرمی دیپلۆماسیەوە'' لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پارچەپارچەکراودا 'ئەمریکا یەکەم' پەیوەندییە لە پێشینەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە لەمێژینەکانیدا لەناوچەکە چارەسەر بکات. 

هەربۆیە ئەم هەوڵەی ئەمریکا لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، لەڕێگەی کردەوەکانی ترەمپەوە کەلەناوچەکەدا گرتویەتیەبەر، ئیسرائیلی زیاتر گۆشەگیر کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی ئەمریکا لە ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلدا دەیگێڕێت، پێگەی زیاتر لە جاران لاوازبووە.

سەرچاوە: Italian Institute for International Political Studies 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین