عێراق بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان: بەشداربن لە بەرەوپێشبردنی كەرتی وزەی وڵاتەكەمان کوردستان- عێراق

نوچە نێت

حكوومەتی عێراق پەیوەندییەكانیان لەگەڵ واشنتۆن لە بواری وزە و بازرگانی زیاتر فراوان دەكەن و دەشڵێت، "عێراق کار دەکات بۆ خۆبژێوی وزە و سەربەخۆیی."

ئەمڕۆ دووشەممە (26/ئایار/2025) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، "پابەندبوونی بەغدا دووپات دەکەینەوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە، ئابووری و کەلتوور، سودانی لەگەڵ دوو لە سیناتۆرەکانی ئەمەریکا جەختی لەسەر سەقامگیری سیاسی و ئابووری عێراق کردەوە و چاکسازییەکانی کەرتی نەوت و گاز بە مەبەستی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بە گرنگ وەسفکرد".

نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "حکومەت هەنگاوی یەکلاکەرەوەی لەم بوارەدا ناوە و خاڵی گرنگی بەدەستهێناوە کە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەهێز دەکات."

هاوکات فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هیوای خواست عێراق پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ واشنتۆن بکات و و گوتی، "عێراق کار دەکات بۆ خۆبژێوی وزە و سەربەخۆیی، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا ستراتیژیانە دەمێننەوە و دژە تیرۆر و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێزتر دەکات".

وەزیری دەرەوەی عێراق داوای وەبەرهێنانی زیاتری ئەمەریکا لە کەرتی وزە دەکات و ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی كەرتی گاز و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆزینەوەی کێڵگەی گازی نوێدا کرد.

فوئاد حوسێن دەشڵێت، "عێراق لەسەر رێگایە بۆ ئەوەی ببێتە بەرهەمهێنەری گەورەی گاز و داوا لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکەین بەشداری بکەن لەو دەرفەتانەی کە ستراتیژی و گرنگن".

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی عێراق لە كاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو حکومەتی هەرێم و واشنتۆن بەهای (110) ملیار دۆلار ڕێککەوتنیان واژۆ كرد.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین