خوێندكارێكی كورد كتێبێك لەبواری زانستی (سڕكردن) وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی کولتوور

نوچە نێت: چرا یاسین

ڕاستی عەبدوڵا ڕەزا، خوێندکاری کۆلێژی زانستی پزیشکی (زانکۆی کرماشان، بۆ زانستە پزیشکییەکان) وەرگێڕی کتێبی (سڕکردن)ـە، ناوەڕۆكی یەكەم بەرهەمی چاپكراوی بۆ نوچە نێت دەخاتەڕوو و دەشڵێت، بەنیازم چەند بەرهەمێكی دیكە وەربگێڕمە سەر زمانی كوردی.

سەبارەت بە هۆكاری وەرگێڕانی ئەم كتێبە پزیشكییە تایبەت بە نوچەنێتی ڕاگەیاند، "یەکەم: بەو پێیەی خۆم لە بەشی سڕکردن دەخوێنم، هەمیشە ویستوومە بەپێی بوارەکەی خۆم کتێبێک وەربگێڕم. دووەم: کەمی سەرچاوەی کوردی، خۆم وەک خوێندکارێکی زانکۆ تووشی تەنگژە دەبوومەوە کاتێک دەمویست زانیاریم دەستبکەوێت لەم بوارە و بە زمانی دایک، لێ هیچ سەرچاوەیەکی بەپێزم نەدەدۆزییەوە، بیرم کردەوە کە من بەوپێیەی زمانەکانی دیکەم (فارسی و ئینگلیزی و عەرەبی و فڕەنسی) بەئەندازەی (ئاستی پێشکەوتوو) دەزانم، دەتوانم لە سەرچاوەی ئەو زمانانەوە زانیاری وەربگرم، ئەی بۆ خوێندکارێک کە ئەو زمانەی باش نەبێت، دەبێت چی بکات؟ ئەم پرسیارە پاڵنەرێکی دیکە بوو بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە. سێیەم؛ سەرسامبوونم بە زمانی سادەی زنجیرە کتێبەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە هەوڵدەدەن بە زمانێکی سادە هەموو زانستە ئاڵۆز و سەختەکان، بە خوێنەرانی ئاسایی و خوێنەرانی تایبەتمەندی بوارەزانستییەکەش بگەیەنن. بۆ گونجاندنیش، بەڵێ جیا لە گونجاندنی لە ڕووی زمانەوانی و بەکارهێنانی دەستەواژەی تەواو کوردی، لە ڕووی ژینگەی کاریشەوە گونجاندنێکی تەواوم کردووە و بە تایبەتی لە بەشی (دەرمانەکان)."

ڕاستی عەبدوڵڵا ڕاشگەیاند، وەرگێڕان لە بوارە زانستییەکاندا ئاستەنگی خۆی هەیە لە ڕووی زاراوەسازییەوە، نەک بەهۆی ئەوەی بڵێین زمانەکەمان لاوازە و وشەی نییە، بە پێچەوانەوە زۆر وشەی پەتی جوانمان هەیە بۆ هاوتای وشە بێگانەکان، بەڵام لەبەرئەوەی لە نووسینە زانستییەکانماندا، ئەو زاراوانە بەکار ناهێنین، لە نێو دێڕی وشەکاندا ون بوون و چیدیکە کەس بەکاریان ناهێنێ، لەڕاستیدا لەم ڕووەوە من تووشی ئاستەنگیەکی کەمتر بوومەوە، چونکە خۆم پاشخانێکی باشی فەرهەنگیم هەیە و هەمیشە گرنگی دەدەم بە خوێندنەوەی فەرهەنگەکان و لێکۆڵینەوە لە وشەسازییەکان. 

وەرگێڕی كتێبی (سڕکردن) بۆ نوچەنێت زیاتر ڕوونیكردەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە وەرگێڕانەکە، سوودم لە ئەزموونی چەند هاوڕێ و مامۆستایەکم وەرگرتووە و بەشێوەی بەشەکی  پێداچوونەوەیان بۆ هەندێک لە نووسین و زانیارییەکان کردووە، هەروەها بەو پێیەی لەگەڵ خودی نووسەر لە پەیوەندیدا بووم، هەم نووسەر و هەم چەند پسپۆڕێکی دیکەشم وەک ڕاوێژکار لە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەدا بەشداری پێ کردووە.

ڕاستی عەبدوڵا ئاشكرای كرد، ئامادەیە بەرهەمە وەرگێڕدراوەكەی پێشكەش بە ناوەندە پزیشكییەكان بكات، گووتیشی، " لەبواری پزیشکی و بوارە زانستییەکانی دیکە سێ کتێبی دیکەم لە پلانەکەمدا نووسیوە کە کاری وەرگێڕانیان بۆ بکەم، بەڵام بەو پێیەی وەرگێڕانی ئەدەبی و ڕۆمان و چیرۆکیش ئەنجام دەدەم، بۆ ئەمساڵی 2025 تەنها وەرگێڕانە ئەدەبییەکانم بڵاودەبنەوە کە خۆیان دەبیننەوە لە 4 بەرهەمدا کە لە زمانەکانی ڕووسی و فڕەنسییەوە وەرگێڕانم بۆیان کردووە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین