قەتەر و سعوودیە مووچە بۆ فەرمانبەرانی سووریا دابین دەكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند لەگەڵ قەتەر هاوکاری دارایی زیاتر پێشكەش بە سووریا دەکەن، بەتایبەت لەڕووی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەم وڵاتە.

ڕۆژی شەممە (31/ئایار/2025) ماڵپەڕی (جەزیرە) بڵاویکردەوە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق ڕایگەیاند، "ئامانجی هەوڵە هاوبەشەکانی سعودیە و قەتەر سەقامگیرکردنی سووریایە لە ڕێگەی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ مووچەی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی پلانەکانی بوژاندنەوەی ئابووری".

دوای لابردنی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، سعودیە و قەتەر پشتیوانی سەرەکی سەرکردایەتی نوێی سووریا بوون، کە دەسەڵاتیان گرتە دەست دوای نزیکەی (14) ساڵ لە بەردەوامی شەڕ لەم وڵاتەدا.

 هەرچەندە وردەکارییەکان سەبارەت بە بڕی هاوکاری بۆ کەرتی گشتی سوریا ئاشکرا نەکراون، بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە دوابەدوای لێدوانەکانی محەمەد یۆسر، وەزیری دارایی سووریا دێت کە ئاماژەی بەوەدا کە قەتەر مانگانە (29) ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی سێ مانگ دابین دەکات بۆ مووچەی کارمەندانی کەرتی گشتی.

هەروەها لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، بەڵگەی دیکەی پشتیوانی سعودیە و قەتەر دەرکەوت کاتێک ڕاگەیێندرا کە هەردوو وڵات قەرزی سوریایان داوەتەوە بانکی جیهانی داوە کە نزیکەی (15) ملیۆن دۆلارە. 

جێگەی ئاماژە پێدانە، حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع هەوڵ دەدات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕازی بکات هەماهەنگی بکەن لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای سووریادا.

هاوکات ئیدارەی نوێی سوریا چالاکانە کار دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەب کە دەستیان کردووە بە گێڕانی ڕۆڵێکی گرنگ لە دابینکردنی پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە گرنگەکان و بوژاندنەوەی ئابووری سووریا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین