ئەمەریکا هۆشداری بە عێراق دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێویستە حەشدی شەعبی لەژێر فەرمانی عێراقدا بێت نەک ئێران، دەشڵێت، ئەم هێزانە بەردەوام لە تێكدانی دۆخی عێراق.

ڕۆژی سێشەممە (10/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (رووداو) بڵاویکردەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لە دۆخی ئەمنی عێراق کرد و گوتی، لە پێناو بەهێزکردنی سەروەرییەکەی، پێویستە حکومەتی عێراق دڵنیابێتەوە لەوەی کۆنترۆڵی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەییەکانی لەدەستدایە و حەشدی شەعبیش بەدەر نەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنەکە".

ئەم بەرپرسەی ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە، "دەبێت ئەو هێزانە لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن، وڵاتەکەمان نیگەرانە دەربارەی بوونی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە نێو خاکی عێراقدا کە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن چونکە ئەوان بەردەوامن لە نانەوەی تووندوتیژی و کاری تێکدەرانە لە عێراق و میلیشیاکان کەس و گرووپی سەر بەو رێکخراوانەیان تێدایە کە بە رێکخراوی تیرۆرستیی بیانی پۆڵێنکراون".

 بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، "وڵاتەکە بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە بەدواداچوون و لێپرسینەوە بۆ ئەو گرووپانە بکات بە تایبەت لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاسای عێراقدا و رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزادانیان بکاتەوە".

جێگەی ئاماژە پێدانە بە بەردەوامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگری لە خۆی و کارمەند و بەرژەوەندییەکانی دەکات لە عێراق و سەلامەتیان پارێزراوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین