قەرەنی جەمیل؛ ئەو شێوەكارەی ڕەنگی بۆ ناخی مرۆڤەكان دەدۆزیەوە
چرا یاسین: نوچە نێت
قەرەنی جەمیل كێیە؟
هونەرمەندی شێوەکار قەرەنی جەمیل حەسەن، لە ساڵی (1954) لە بنەماڵەیەكی هەژاری سنووری هەولێر لە دایكبووە، لە ماوەی ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٧) پەیمانگای هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کردووە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەم پەیمانگایە لە عیراقدا تەنیا لە شاری بەغدا هەبووە، لە نێوان ساڵانی (١٩٧٧-١٩٧٨) مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی (ڕوستێ) بووە، لە ساڵی ١٩٧٩ بەرەوە ئیتاڵیا ڕۆیشت و تا ساڵی ١٩٨٤ لە وێدا مایەوە و درێژە ی بە کاری شێوەکاری و کارە هونەرییەکانی داوە، لە ساڵی ١٩٨٤ چۆتە ئیسپانیا.
قەرەنی جەمیل لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاوەتەوە کوردستان و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری شێوەکاری، هەروەها لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر لە بەشی شێوەکاری دەبێتە مامۆستا. قەرەنی جەمیل سەر بە هیچ ڕێبازێکی دیاریکراوی هونەری نییە و بە وتەی خۆی تابلۆکانی زادەی زەین و خەیاڵییەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانکاتە تابلۆیەکی هونەری، زۆر لە قوتابی و فێرخوازەکانی ئەمڕۆ بوونەتە هونەرمەندی باشی بواری هونەری وێنەکێشان، ئیلهام لە کارەکانی وەردەگرن. لە ڕۆژی (3-6-2025) لە تەمەنی (71) ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
جیهانی خەیاڵ و تابلۆکانی
هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و وەک زۆرینەی منداڵانی دیکە لە وێنەی سروشتەوە دەستی بە وێنەکێشان کردووە، بە هۆکاری سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە دەست دەداتە وێنە کێشان، یەکیکە لەو هونەرمەندە دیارانەی کە خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بوارەکەیدا و توانیوویەتی سوود لە ئەزموونی هونەرمەندەکانی دیکەی جیهانی وەربگرێت، ئەمەش وایکردووە کارە هونەرییەکانی ڕەهەندێکی جیهانی وەربگریت. لە سەرەتادا لەسەر شێوانی گوزارشتکردن لە شێوە ژیانی کوردەواری و گوندەکاندا کاری کردووە، دواتر کاتێک دەڕواتە دەرەوەی کوردستان، قۆناغێکی نوێ لە لە شێوەکاری ئەودا دەستیپێکرد، ئەمەش بەهۆی وردبوونەوەی زیاتری لە ژیانی دەرەوە و گەران بە نێو مۆزەخانەکاندا دیدگایەکی نوێ دەدەن بە شێوازی کارکردنیدا.
لە دروستکردنی پۆترەیتدا دەستێکی باڵای هەبووە و پۆترەیتی چەندین نووسەر و شاعیرانی بە خەیاڵ کێشاوەتەوە، لە دوای هونەرمەند (بەدیع بابەجان) بووەتە دووەمین کەس لە نێو کوردا کە ئەم کارە بکات، یەکێک لە خەسڵەتە زۆر گرنگەکانی بونیادی فکرییە لە نێو کارەکانیدا، کاری کردووە لەسەر بیرۆکە، بەتایبەت کارەساتەکان و پاشماوەی کارەساتەکان بەسەر مرۆڤەوە، لە ژێر ناوێکی تایبەتدا و بە زنجیرە تابلۆیەک کێشاویەتی، هەموو ژیانی هەوڵی داوە ئەو کارەسات و نەهامەتییەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە بیکات بە تابلۆیەک و تابلۆیەکان نمایش بکات لە گەلەرییەکانی هەموو دونیا، لە ڕێگەی تابلۆوە پێشانی هەموو دونیای بدات. هەروەها مامۆستای خوالێخۆشبوو موحەمەد عەلی شاکر یەکێک بووە هاندەر و پاڵپشتیکارە سەرەکییەکانی وکاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر مامۆستا قەرەنی بەتایبەت لەسەر شێوازی کارکردنی لە دوای تەواوکردنی پەیمانگادا.
ڕەنگ لای قەرەنی جەمیل
کاتێک باسی ستایل و شێوازی هونەرمەندێکی دیاریکراو دەکرێت، باس لە ڕەنگ دەکرێت، گواستنەوەی ڕەنگ لە توخمێکی گشتییەوە بۆ بە تاککردنی و تایبەتمەندی پێدانێکی وا، کە لە ڕێگەیەوە هونەرمەندی پێ بناسرێتەوە.
قەرەنی جەمیل بایەخێکی زۆری داوە بە ڕەنگ و ئازادکردنی ڕەنگ، بووەتە جۆرێک لە دروستکردنی فیگەر و خەیاڵ لای بینەر، ڕەنگ لای قەرەنی تەڵخی قوڕی هەیە، ئەو شێوازە بنەمای تابلۆکانییەتی، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو کارەسات و نەهامەتییانەیە کە بەسەر کورددا هاتووە و هاوکات ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کەسایەتی تاکی کوردی ئێستایە، ڕای وایە کە ڕەنگی خۆڵ لەسەر تەواوی ژیانی تاکی کورددا ڕەنگی داوەتەوە، کورد کەسێکە لە ناوەوەی خۆیدا کەئابەی هەیە، ڕۆحی کورد تێکەڵ بەو خاک و خۆڵە بووە کە لەسەریدا ژیاوە، لێرەوە قەرەنی بەو ڕەنگانە قوڵاییەک دروست دەکات کە هەست دەکەییت هەر پانتاییەک چەندین ڕەهەندی لێوە دروست دەبن. قەرەنی جەمیل وەکو شاعیر مامەڵە دەکات، یان وەکو مۆسیقاژەنێک، بە وردی مامەڵە لەگەڵ توخمەکان دەکات. هەموو ڕەگەزێک لە ماددییەتی ڕزگار دەکات و نەفەس و ڕۆح دەکاتە بەر، لە کۆتاییدا هەموو شتێک لە پێش بینینی هونەرمەندا لە دایکبووەتەوە، بیرمان بۆ ئەفسانەیەکی دێرین ڕادەکێشێت.
هونەرمەندان لەبارەی (قەرەنی جەمیل(ـەوە چ دەڵێن؟
حەمە هاشم هونەرمەندی شێوەکار لە بارەی خەسڵەتە جیاوازەکانی قەرەنی جەمیل دەڵێت، "ئەو خەسڵەتانەی کە قەرەنی جەمیل لە هونەرمەندانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە وەک بەردەبازێک وایە لە نێوان نەوەی کۆن و نەتەوەی تازە، بەر لەوەی کە مامۆستا قەرەنی لە دەرەوەی کوردستان بگەڕێتەوە، شێوازی هونەر بە گشتی و وێنەکێشان بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەیەکی زۆر کلاسیکییانەی بەسەرەوە دیار بوو، زۆربەی ئەو کەسانەی وێنەیان دەکێشا وێنەی سروشت و فۆلکلۆر بوو ڕیالیزمێکی ناوچەییانە بوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی مامۆستا قەرەنی جۆریک لە گڕوتینی تازەگەریی خستە ناو هونەری شێوەکاری لە کوردستان و ئەو نەوەی دوای هەشتاکانەوە دێت وەکو ئێمە، لەسەر ڕێچکەی مامۆستا قەرەنی زۆر شت فێر بوویین وچاومان کرایەوە بە دونیای دەرەوەی خۆمان. ئەوە یەکێکە لە خاسییەتە زۆر کاریگەرەکان کە مامۆستا قەرەنی هەیبوو لە وێنەکێشان و لە خوودی خۆی، کە وەک کەسایەتییەکی نایاب، جگە لەوە مامۆستا قەرەنی کارەکانی دەچەنە ناو خانەی ئەبستراکی دەربڕینخوازی، کەم کەس توانای ئەوەی هەیە بەم شێوازە کار بکات و بیرۆکە بخاتە ناو تابلۆکانی".
هەروەها حەمە هاشم بۆ نوچەنێت ڕاشیگەیاند، "یەکێک لە ڕەگەزە هەرە تایبەتەکان کە بینەر دەتوانێت درکی پێ بکات، بریتییە لە تەکنیک، بەبێ تەکنیک ناتوانیت ئیستاتیکای بیرکردنەوەی خۆت بگەیێنیت، مامۆستا قەرەنی جەمیل لە رووی تەکنیکەوە کەسێکی زۆر لێهاتوو بوو، ناتوانین بەبێ تەکنیکی هەنەری قەرەنی جەمیل هیچ زیادکردنێک بکەیین لەسەر هونەری شێوەکاری کوردی."
دڵشاد عەبدوڵڵا نووسەر و شاعیر بۆ نوچەنێت گووتی، "قەرەنی لە تابلۆکێشاندا چەند قۆناخێکی گرنگی بڕی کە پێویستن بۆ هونەری ترۆپک ئەوەی پێی دەوترێت کاکڵەی هونەر. ئەو ناخی مرۆڤی هەڵگێڕایەوە بۆ ئەوەی ناواخنی ڕەنگدانەوەی شتەکان ببینێت و ڕەنگیان بۆ بدۆزێتەوە نەک ڕەنگیان بکات بەڵکو سەرلەنوێ لە ژیانێکی تردا بیانژێنێت کە ژیانی ئەبەدی ناو هونەرە. قەرەنی وەک وەستای کارامە بە تەعبیری ئیلیۆت و بە جورئەتی منداڵ لە یارییکردندا کەڤاڵی دروست دەکرد. ڕەنگی خۆی هەبوو وەک براند و شێوازی ئیشکردنیشی خواوەندانە بوو، ئەوەی پاتە نەدەکردەوە کە هەیە لە نوێوە دروستی دەکرد یان ڕاستر دایدەهێنا. تابلۆی ئەو هاملێتی شیکسپیر و سەمفۆنیای پێنجەمی بتهۆڤنی دەهێنامەوە یاد یەکەمیان وەکو پەرەسەندنی گومان و دووەمیان وەک ژەنینی قەدەر، بەهرەمەندی ئەو بێ سنوور بوو ئەمەش لەو پاشخانی ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتبوو کە کەڵەکە بوو لای و بەردەوامیش بوو لە درەوشانەوە."
لەبەرامبەردا حەمە عەباس نووسەر و شاعیر پێیوایە، " ئەوانەی قەرەنی جەمیلیان لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانییەوە دەناسی وەك هونەرمەندێکی گەورەو جیهانی دەیاناسی، بەڵام ئەوانەی وەك ئێمە مانان و لە نزیکەوە ئاشنایەتی و پێکەوە بوونیان لەگەڵی هەبوو، هەمیشە خۆیان لەبەردەم کەسایەتییەکی دوو سەرە دەبینیەوە. لە سەرێکەوە هونەرمەندێکی گەورە و لە سەرێکیدیکەشەوە مرۆڤێکی گەورە. قەرەنی ئەگەر هونەرمەندیش نەبوایە هەر مرۆڤێکی گەورە بوو، ژیانی چەندین ساڵەشی لە وڵاتانی دەرەوە و لەناو کلتووری پێشکەوتر لەهی ئێمە سادەییەکی وای پێ بەخشیبوو، کەوا مرۆڤبوونەکەی تۆختر دەکردەوە."
ئەو شاعیرە گووتیشی، "قەرەنی جەمیل لە هونەردا کەسێکی فرەکار بوو و کارەکانی فرەجۆر بوون، تەنانەت لەڕووی قەبارەش هەر وا بوو تابلۆی قەبارە بچووك یان ئاسایی هەبوو، هەشی بوو بەقەد لا دیوارێك دەبوو، مۆتیڤەکانی جوان و سەرنج ڕاکێش بوون ئەو پۆرترەیتانەی دەیکێشان لە وردەکاری و دەسکاری کەم وێنە بوون. هەروەها کتێبێکی چاپ کرد لەم ساڵانەی دوایی بەناوی (ئیستاتیکا دژ بە ئیستاتیکا) ئەوە دەسەلمێنێ کە چەند چۆتە ناو قوڵایی کارە هونەرییەکانی هەموو دونیانەك کوردستان. بە کورتی ئەو گەوهەرێکی کەم وێنەی ناو هونەری شێوەکاری کوردی بوو بە لابردنی کارەکانی ئەو کەلێنێکی گەورە لە نەخشەی هونەری شێوەکاری دروست دەبێت، بۆیە کۆچی ئەو بە زەرەرێکی گەورە بۆ کورد و هونەر و ڕۆشنبیری کوردی شکایەوە. ئێمەی هاوڕێ و دۆستانی قەرەنی جەمیل هەقی خۆمانە شانازی بە پەیوەندی خۆمان بەوەوە بکەین و لەسەریشمانە وەفادار بین بەرامبەر بەو هەموو بەخشش و ئەو هەموو وەفایەی کە لەو کاتەی لەژیان دابوو بۆ ئێمەی هەبوو".
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment