ئایا جەنگێكی نوێ بۆ عێراق بەڕێوەیە؟ وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئا: سنوور یاسین

وەک ئاشکرایە دانووستاندنەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە دوو مانگی ڕابردوودا ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە و تا دێت ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە پەرە دەسێنێت، هەردوولا بەردەوام هەڕەشە لە دژی یەک دەکەن و لە دوایین پێشهاتدا گەڕێکی تری دانووستاندن لە نێوان هەردوو وڵات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات و بەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە چەندین هەنگاوی نوێیان ناوە سەبارەت بەم پرسە چاوەڕوان ناکرێت بەم نزیکانە ئەم دوو وڵاتە ڕێککەوتن ڕابگەیێنن.

ڕۆژی پێنجشەممە (12/حوزەیران/2025) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رێنماییەکانی گەشتکردنی بۆ عێڕاق گەیاندییە بەرزترین ئاستی مەترسییەکان و لە دوایین هەنگاویدا داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی دەکات و دەڵێت، "لە هەر بارودۆخێکدا بێت، سەردانی عێڕاق نەکەن".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە، "بە شێوەیەکی زۆر و بڵاو تیرۆر، رفاندن، ناکۆکی چەکداری، نائارامی و ئاڵۆزی لە سەرتاسەری عێڕاقدا هەن و توانای حکومەتی ئەمەریکا بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە جیاوازەکان پێویستی بە سنووردارکردن، پێداچوونەوە و بەدواداچوون هەیە".

 راگەیێندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مەترسییەکانی وەک هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان و چالاکییەکانی میلیشیا جیاوازە دژە ئەمەریکییەکان بەردەوامن و بە دڵنیاییەوە زۆرجار تووندوتیژیی لێدەکەوێتەوە.

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، "دەکرێت هێرشی درۆنی لە شارە جیاوازەکانی عێڕاق و بە تایبەتی لە بەغدای هەبێت و کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان و دیپلۆماتکاران و کەسانی بیانی مەتسی سەرەکیان لەسەرە، هاوکات مەترسی لەسەر سنوورەکانی عێڕاق و مەترسی پێکدادان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هۆشداری بە هاووڵاتییانی ئەمریکی دا و ڕایگەیاند، گەشت بۆ عێراق نەکەن.

لە لایەکی ترەوە ماڵپەڕی (یەنی شەفەق) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئامانجمانە کارمەندانی ئەمەریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنینەوە چونکە لەوانەیە ببێتە ناوچەیەکی مەترسیدار و ئەمریکا ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. 

هاوکات بەگوێرەی سەرچاوە ئەمەریکی و عێڕاقیەکان، بەهۆی زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا ئەمەریکا پلانی هەیە بەشێک لە باڵیۆزخانەکەی لە عێڕاق چۆڵ بکات و ڕێگە بە سەربازانی دەدات لە شوێنە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕۆن.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە (11/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (ئیندیپێندێنت) بڵاویکردەوە، کاربەدەستانی ئەمەریکا دووپاتی دەکەنەوە، بەشێک لە کارمەندە دیپلۆماسییەکان عێڕاق جێدەهێڵن، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی بە گوێرەی دوایین شیکردنەوەکانمان، بڕیارماندا ئەرکەکانمان لە عێڕاق کەم بکەینەوە. ئەمەریکا کارمەندانی دیپلۆماسی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدای پایتەختی عێڕاق دەکشێنێتەوە. 

پێشتریش چەندین جار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپات کردبۆوە بە پاراستنی سەلامەتی ئەمەریکییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە و ڕایگەیاندبوو، "ئێمە بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی کارمەندەکانمان دەکەین لە هەموو باڵیۆزخانەکانمان. به پێی دوایین شیکردنه وه کانمان بڕیارماندا ئه رکه که مان له عێڕاق کەم بکەینه وه وردەکارییەکانی چۆڵکردنەکە، لەوانە ئەوەی ئایا هەموو کارمەندانی دیپلۆماتکاری ئەمەریکا دەگرێتەوە یان نا هێشتا نادیارە.

جێگەی ئاماژە پێدانە، ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ واشنتۆن فەرمانی بە کشانەوەی کارمەندە ناپێویستەکانی لە عێڕاق کرد، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی ناکۆکییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە لەسەر کارمەندانی ئەمەریکی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین