ئیسرائیل: هێرشى پێشوەختەمان کردە سەر ئێران عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشى پێشوەختەمان کردە سەر ئێران و دەیان شوێنى سەربازییمان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانى ئێران کردۆتە ئامانج، پەیامنێرى جەزەیرەش دەڵێت، چەندین شوێنى سەربازی لە تاران کراونەتە ئامانج.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى (13/حوزەیران/2025) ماڵپەڕى (جەزیرە) بڵاوى کردەوە، راگەیاندنەکانى ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، ئیسرائیل لەو هێرشەیدا ئامانجى لەناوبردانى بەرپرسانى باڵاى ئێرانی بووە، بەرپرسێکى باڵاى ئیسرائیلیش دەڵێت، وڵاتەکەمان چەند رۆژێکە خۆى بۆ ئەو هێرشە ئامادە دەکات، سەبارەت بەو هێرشەش ماڵپەڕى ئیسرائیل ئۆف تایمز بڵاوى کردەوە، ئەمشەو ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکى بەناوى "هێزى شێر"بۆسەر ئێران دەست پێکرد.

لەدواى ئەو هێرشانە ئیسرائیل کاتس، وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل دەستبەجێ دۆخى لەناکاوى لە وڵاتەکەى راگەیاند، هێرشەکەشى بەناوى جێبەجێکردنى  خۆپارێزى دژ بە ئێران ناوبرد، سەبارەت بە کاردانەوەکانیش کاتس پێشبینى ئەوە دەکات، بەهۆى ئەو هێرشانەى ئەم شەو وڵاتەکەیى و دانیشتوانەکانى روبەڕووى مووشەک باران و هێرشى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان لە داهاتووى زۆر نزیک ببنەوە.

دەبارەى پێکانەکانیش دوو سەرچاوە لە بەرگرى ئاسمانى ئیسرائیلى بە ماڵپەڕى "ئەکسیۆس"یان راگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو بە ئامانجگرتنى هێرشەکان نییە، بەگوێرەى دەستەى پەخشى ئیسرائیلیش بنیامین ناتەنیاهۆ ئەندامانى ئەنجوومەنى بچووککراوەى وەزیرانى کۆکردۆتەوە و زەنگى ئاگاداکردنەوە لە هەموو ناوچەکانى ئیسرائیل لێدراوە.

سەبارەت بە هەڵوێستى ئەمەریکاش دوو بەرپرسى ئەمەریکى بە جەزەیرەیان راگەیاندووە، ئەمەریکا بەشدار نابێت لە هاوکارى ئیسرائیل بۆ هێرشەکانى دژ بە ئێران.

هەر سەبارەت بە هەڵوێستى ئەمەریکا لیدسى گراهەم سیناتۆرى بەناوبانگى ئەمەریکى دەڵێت، یاریەکە دەستى پێکرد و نوێژ لە پێناو ئیسرائیل دەکەین.

دەربارەى شوێنى هێرشەکانیش ئاژانسى نورنیوزى ئێران دەڵێت، دەنگى سێ تەقینەوەى توند لە باکوورى رۆژهەڵاتى ئێران بێستراوە،  پەیامنێرى جەزەیرەش دەڵێت، دەنگى شەش تەقینەوە لە هەموو پایتەختى ئێران بیستراوە، دەنگى تەقینەوەى دیکەش دێت، لە شێنى یاریشتى سەربازیى و شوێنەکانى وەزارەتى بەرگرى ئێران لە رۆژئاواى باکوورى تاران، کە سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێرانن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین