ئۆکرانیا سکاڵایەک لە دژی ئێران تۆمار دەکات ئێران

نوچه‌نێت

ئۆکرانیا بە نیازە سەبارەت بە دۆسیەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە لایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سکاڵایەک لە دژی ئەو وڵاتە لە ڕێکخراوەی فڕۆکەوانی ئێودەوڵەتی (lCAO ) تۆمار بکات.

ڕۆژی هەینی ٣٠ نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک" بڵاوی کردووەتەوە، دوای گفتوگۆی ئۆنلاینی ڤیلادیسلاو کریکلی وەزیری گواستنەوە و ژێرخانەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی کەنەدا، ڕایگەیاند ئۆکرانیا دوای لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی بوینگی ئۆکرانیا، سکاڵایەک لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕادەستی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی دەکات.

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانەکانی ئۆکرانیا گوتی: "ئێمە ئێستا بەردەوام سەرقاڵی وەڵامدانەوەی گونجاوین بە پێشێلکاری یاسا جیاوازە نێودەوڵەتییەکان و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی کە بوونە هۆی کارەساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی PS752".

ئولکسی دانیلۆف، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکرانیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، هێزە سەربازییەکانی ئێران، بە "ئەنقەست" و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە درێژبوونەوە و بەردەوامبوونی گرژییەکانی دوای کوشتنی قاسم سلێمانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕۆکە ئۆکرانییەکەیان خستووەتە خوارەوە.

بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوەیان ڕەت کردبووەوە.

٨ی شوباتی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی گەشتی بۆینگ ٧٣٧ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا بە ١٦٧ مسافر و ٩ کارمەندەوە، چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و ماوەیەکی کۆرت دوای فڕینی ئەو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی تاران، لانیکەم بە دوو مووشەکی سیستەمی بەرگری هێزەکانی سوپای پاسداران کرایە ئامانج و کەوتە خوارەوە.

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین