ناتەنیاهوو: بە دڵنیاییەوە ئێران باجی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکەی ئیسرائیل دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان
ئێران هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی سۆرۆکۆ لە ئیسرائیل و وەزیری تەندروستی ئیسرائیلیش هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر نەخۆشخانەکە بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی و تاوانی جەنگ" ناو دەبات.

ڕۆژی پێنجشەممە (19/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاویکردەوە، ئوریەل بوسۆ، وەزیری تەندروستی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئەو مووشەکەی ئاراستەی سەنتەری پزیشکی سۆرۆکا کراوە پێشێلکردنی بنچینەکانی بنەما مرۆییەکانە".

بوسو دووپاتی دەکاتەوە، "ئەمە تاوانێکی جەنگە کە رژێمی ئێران ئەنجامیداوە بە مەبەستی بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان و تیمە پزیشکییەکان بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتیان ئامادەن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. وەزارەتی تەندروستی بە باشی ئامادەکاری کردووە هەروەها داوا لە خەڵک دەکەین بەردەوام بن لە پابەندبوون بە رێنماییەکان لە پێناو ڕزگارکردنی ژیانیان".

لە لایەکی ترەوە بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامانجی وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی سەر نەخۆشخانەی سۆرۆکا دووپات کردەوە و بەڵێنی دا کە بێگومان ئێران سزای ئەم هێرشە وەردەگرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی سۆرۆکا و ناوەڕاستی ئیسرائیل. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە هێرشەکەی بۆ سەر نەخۆشخانەیەک بووبێت و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "ئامانجەکان بارەگای هێزەکانی پەیوەندییەکانی سوپای ئیسرائیل و دەزگایەکی هەواڵگری بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین