وڵاتانی عەرەبی داوای دانوستاندن لە ئیسرائیل و ئێران دەكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن، هاوكات داوای دانوستاندن و ئاسایی کردنەوەی ناکۆکییەکان دەکەن.

ڕۆژی شەممە (21/حوزەیران/2025) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی پشتگیری گەڕانەوە بۆ دانوستاندنەکان دەکەن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ئەرێنی وەسف دەکەن بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان. 

هاوکات داوایان کرد دەستپێشخەری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بگیرێتە بەر بۆ وەستاندنی ناکۆکی زیاتری دۆخەکە و بەدواداچوون بۆ ئاگربەستێکی گشتگیر. وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە لە (13)ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە.

نوێنەرانی کۆمکاری عەرەبی بەشداربوون لە (51)مین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە ئەمڕۆ و بەیانی لە تورکیا بەڕێوە دەچێت. 

دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایانگەیاند، "هێرشەکەی ئیسرائیل پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە. داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین دەستبەجێ هەنگاو بنێت و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لە گرژییەکان و ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا".

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، "پشتگیری لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان دەکەین سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیپلۆماسی. داواش دەکەین کۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بهێندرێت چونکە کردەوەکانی ئیسرائیل ناوچەکە نزیک دەکاتەوە لە ململانێیەکی فراوانتر".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا کراوە "ئیدانەی هەر پێشێلکاریەک بکرێت بۆ سەر ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە لەلایەن هەر وڵاتێکەوە ئەنجام بدرێت و هێرشەکان دوور بکەوێتەوە لە بە ئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدان".

هاوکات ڕاگەیێندراوەکە پشتگری کۆماری عەرەبی بۆ دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی لە (2002) دووپات دەکاتەوە کە پێشنیاری داننان بە ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە. هەروەها داوای دەستپێشخەری نوێ دەکەن بۆ بەدیهێنانی چارەسەری پرسەکە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین