وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: نیگەرانین لە دەرئەنجامی هێرشەكەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران تورکیە

نوچە نێت

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە پەیامێكدا نیگەرانییەکانی خۆێ ڕایگەیاند و دەڵێت، "تورکیا نیگەرانە لە دەرئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بانگهێشتی هەردوو وڵات دەکەین بگەرێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن."

ئەمڕۆ یەکشەممە (22/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (تەرەتە) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سەر کۆماری ئیسلام ئێران ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تورکیا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاماژەی بەوەکردووە کە مەترسی بڵاوبونەوەی ململانێکان هەیە لە ناوچەکە و ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر. هەروەها هێرشی ئەمڕۆی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران مەترسییەکانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردۆتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەشڵێت، "تورکیا نیگەرانە لە دەرئەنجامی ئەم هێرشانەی ئەمریکا و ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێ لە ناوچەکە و تەنانەت لە هەموو جیهانیش، هەربۆیە تورکیا دژی ئەم جۆرە سیناریۆیانەیە."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوا لە ئەمەریکا و ئێران دەکات کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەکەونە هەڵەی هێرشکردنە سەر یەکتری و بەزووترین کات هێڕشەکان بوەستێنن. 

لە ڕاگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەرنام ئەتۆمییەکانی ئێران گەرانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستاندنەکان، دەشڵێت، "پێویستە بەزووترین کات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەرێكی دیپلۆماسی بدۆزێتەوە بۆ کۆتایهێنان بەم ناکۆکییانە و تورکیاش هەموو کات ئامادەیە وەک نێوەندگیر بەشداربێت و بەرپرسیارێتیەکانی خۆی بەباشترین شێوە جێبەجێ بکات." 

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لەگەڵ بەشداربوونی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، زۆرێک لە وڵاتان نیگەرانییەکانی خۆیان لە ڕێگەی چەند ڕاگەیێندراوێکدا دەربڕی، پێیان وایە کارەساتی زیاتر بەدوای خۆی دەهێنێت و سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێیە لە ناوچەکە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین