ئامانج و ئەنجامەکانی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران وەرگێڕان

نوچە نێت

بەرەیانی ئەمڕۆ ئەمەریكا بە چڕی چەند وێستگەیەكی ئەتۆمی و بنكەی سەربازیی گرنگیی ئێرانی بۆردوومان كرد، بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە هێرشەكانی ئەمەریكا بەشێكی زۆری ژێرخانی ئەتۆمی لە ناوبردووە و ئێران ناتوانن لەو نزیكانە ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

ڕۆژی یەكشەممە (22/حوزەیران/2025) ماڵپەڕ سكای نیوز لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی هێرشەكانی ئەمەریكای بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بڵاوكردەوە، كە لە هێرشێكی خێرا و وردی سەربازی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و شوێنە ستراتیژییەکانی ناو ئێرانی بۆردوومان كرد، کە  بە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی پەرەسەندنی نێوان واشنتۆن و تاران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دیاریکرد.

سەبارەت بە هێرشەكان، بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا، هێرشەكە بریتی بووە لە گورز وەشاندن لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز كراوەتە ئامانج، كە ڕۆڵی گەورەی هەیە لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا، هەروەها دامەزراوەیەکی ژێرزەمینیی لە نزیک ئیسفەهان کە گومانی لێدەکرێت بۆ چالاکییە ئەتۆمییە نهێنی و ڕانەگەیەندراوەکان بەکاربهێنرێت.

سەرچاوەکان دووپاتیان کردەوە کە هێرشەکان ڕاستەوخۆ بنكەكانیان نەکردۆتە ئامانج، بەڵکو ژێرخانی پاڵپشتیان كردووەتە ئامانج، بە ئامانجی پەکخستنی توانای ئێران بۆ پەرەپێدانی خێرای بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

پەکخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران

بەگوێرەی سەرچاوەکانی پنتاگۆن، هێرشی ئەمریکا ژێرخانی گرنگی پەیوەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی سەنتەرفیوژ بە تایبەتی لە دامەزراوەکانی نەتەنز و ئیسفەهان کردە ئامانج، کە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆجیای پشتیوانیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی لێیە.

شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەئامانجگرتنی دامەزراوەی ژێرزەمینییی فۆردۆ ئاماژەیە بۆ توانای هەواڵگری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، بەو پێیەی ئێرانییەکان لە مێژە بە دوا هێڵی بەرگریی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دیکەیان دەزانن.

ئەمەریكا لە هێرشەكانی چە جۆرە چەكێكی بەكارهێناوە؟

دوو بەرپرسی باڵای پنتاگۆن بۆ سی بی ئێس نیوز پشتڕاستیان کردەوە کە سێ فڕۆکەی ئەمریکیی(B-2 Spirit هێرشەکەیان بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ ئەنجامداوە کە لە ژێر شاخێکدا بە قووڵایی نزیکەی 300 پێ (زیاتر لە 90 مەتر) حەشاردراوە. هەر فڕۆکەیەك دوو بۆمبی وێرانكەر بە ناوەكانی GBU-57 MOP (Massive Ordnance Penetrator)ی هەڵگرتووە، کە لە قورسترین بۆمبی نائەتۆمیی ئەمریکا بوون، کە بە تایبەتی بۆ چوونە ناو دامەزراوە ژێرزەمینییە تۆكمە و حەشاردراوەكان دروستکرابوون.

ئەم بۆمبانە تەنها لەلایەن فڕۆکەی B-2 ەوە دەتوانرێت بخرێنە خوارەوە بەهۆی قەبارە و کێشی گەورەیانەوە كە نزیکەی (14 تۆن) دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، دامەزراوەی فۆردو یەکێکە لە هەستیارترین و ستراتیژیترین شوێنەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، دەکەوێتە ژێر شاخێکی گەورە و بە بەرگری ئاسمانیی چڕ دەورە دراوە و دەپارێزرێت، ئەمەش وایکردووە کە بەکارهێنانی بۆمبی MOP تاکە بژاردەی "کاریگەر" بێت بۆ لەناوبردنی.

هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی نەتەنز و ئیسفەهان بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی دوورمەودای تۆماهۆك ئەنجامدراون کە لە ژێردەریاییەکانی ئەمریکاوە هەڵدرابوون کە لە کەنداو و دەریای عەرەبی جێگیرکراون.

تا ئێستا نازانرێت ژمارەی مووشەکە بەکارهێنراوەكان چەند بووە و ئاشکرا نەکراوە، بەڵام مووشەکەکان دامەزراوە گرنگەکانی پەیوەست بە سیستەمی پەرەپێدانی ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمیان کردۆتە ئامانج.

پێدەچێت گورزەكە بەر ناوەندەکانی توێژینەوە و بەشی پشتیوانیی تەکنیکی کەوتبێت کە بۆ فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە لە دەرەوەی چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەکارهێنراون.

واشنتۆن پەیامێك بۆ تاران دەنرێت

دوای ململانێی سەربازییەكەی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان ئاشکرایان کرد کە واشنتۆن تارانی ئاگادار کردەوە کە "بەنیازی گۆڕینی ڕژێم نییە" لەو وڵاتەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی بی ئێس، حکومەتی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە (22)ی حوزەیرانی (2025) ڕاستەوخۆ دوای ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەكە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، پەیوەندیی بە تارانەوە کردووە تا ئاگاداری بکاتەوە لەوەی مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە سەربازییەی کە لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجامی داوە، "هەموو ئەو شتانە بووە کە پلانی بۆ دانرابوو"، واتە بەنیازی ئەوە نییە هیچ هێرشێکی نوێ ئەنجام بدات و "بەدوای گۆڕینی ڕژێمی ئێرانیشدا نییە" لە ئێران. ئەمەش هەوڵێکی ڕوونە بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی زیاتر بۆ شەڕێکی تەواو لە ناوچەکەدا.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانیی بڵاوی کردووەتەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە لەگەڵ ئێرانییەکان قسە بکات، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی دیپلۆماسیی ئەو هەوڵانە بپارێزێت کە بتوانێت ناوچەکە بەرەو هێوربوونەوە ببات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین