وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەین تورکیە

نوچە نێت

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە ڕێزەوە پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەین."

ئەمڕۆ سێشەممە (24/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (تەرەتە) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێندراوێکدا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات و ڕایگەیاندووە، "لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەرێت و لەچاو ڕابردوو زیاتر پێویستی بە ئاشتی و سەقامگیری هەیە." 

ئاماژە بەوە دەکات، "پێمان وایە بە ئیرادەوە هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی، پێمانوایە گرینگترین هەنگاو ئەوەیە دەرگاکان بەڕووی گفتوگۆ و دیپلۆماسی دانەخرێت."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، "یەکێک لە پرسە گرینگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پرسی فەلەستینە، كە دەبێت لەبنەرەتدا چارەسەر بکرێت و تورکیاش وەک وڵاتێکی دراوسێ ئامادەیە پاڵپشتی و بەشدار بێت لە هەوڵەکانی چارەسەری کێشەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەندێک لایەن ڕایانگەیاندووە کە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێشێلکراوە، ئێمە وەک تورکیا بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەین و داواش لە لایەنەکان دەکەین لە داهاتوو پابەندی ئاگربەستەکە بن."

جێگەی ئاماژە پێدانە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا رایگەیاند، "ئێستا ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاری پێدەکرێت، تکایە پێشێلی مەکەن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین