ترەمپ ڕەخنە لە سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز دەگرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرۆکی ئەمەریکا تووڕەیی خۆی بەرامبەر بە سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز دەربڕی بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاندووە، "هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی واشنتۆن بۆ سەر ئێران کەمترین زیانی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێت، "هێرشەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر توانا ئەتۆمییەکانی ئێران هەبووە".

ڕۆژی چوارشەممە (25/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (ئارتی) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "هەواڵی ساختەی سی ئێن ئێن لەگەڵ شکستی نیویۆرک تایمز یەکیان گرتووە لە هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی یەکێک لە سەرکەوتووترین هێرشە سەربازییەکان لە مێژوودا. بەهۆی هێرشەکانەوە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی وێران بوون".

لە بەرامبەردا، سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، "هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ناوکی تارانی لەناونەبردووە و کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی بە سەلامەتی هێشتووەتەوەو ماددە و کەرەستە گرنگەکانی کە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم گرنگن زۆربەیان زیانیان پێنەگەیشتووە".

هاوکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەمان ئەنجامی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، "هێرشە ئاسمانییەکان دەروازەی دوو دامەزراوەی داخستووە بەڵام نەیانتوانیوە ببنە هۆی داڕمانی بیناکانی ژێر زەوی. بەرنامە ئەتۆمییەکە بۆ ماوەی کەمتر لە شەش مانگ دواخراوە. گومان هەیە ئێران دامەزراوەی نهێنی بچووکی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت کە لە توانای دایە یارمەتی ئێران بدا بەردەوام بێت لە پرۆگرامی ئەتۆمی تەنانەت ئەگەر شوێنە گەورەکانی بکرێتە ئامانج".

دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران، ڕۆژی یەکشەممە (22-6-2025) ئەمەریکا بە چڕی چەند وێستگەیەكی ئەتۆمی و بنكەی سەربازیی گرنگیی ئێرانی بۆردوومان كرد، سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، "هێرشەكانی ئەمەریكا بەشێكی زۆری ژێرخانی ئەتۆمی لە ناوبردووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین