تۆماس باراک: ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

نێردەی ئەمەریکا لە سووریا ڕایگەیاند، ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل ڕێگە خۆشکەرن بۆ هاتنەكایەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەشڵێت ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە نزیكە.

ڕۆژی دووشەممە (30/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، تۆماس باراک نێردەی ئەمەریکا لە سووریا پێکدادانی سەربازی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی بە خاڵی وەرچەرخانێک بۆ ناوچەکە وەسفکرد و ڕایگەیاند، "پێشبینی دەکرێت بەم زووانە ئاگربەست لە غەزە ڕابگەیێندرێت". 

نێردەی ئەمەریکا لە سووریا دەشڵێت، پێویستە گرژییەکانی وەک دەرفەتێک بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەکان وەسف بکرێت، ئەوەی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوویدا دەتواندرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی نوێ.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئارەزووی زیاتر لە ناوچەکە هەیە بۆ نوێکردنەوەی دیپلۆماسی و هاووڵاتییان لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بێزارن لە ناکۆکییە بەردەوامەکان و پەرەپێدانی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی فراوانتر کە ئیسرائیل، سوریا و لوبنان تێیدا بەشداربن گرنگترین هەنگاوە. ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ئاشتییانە لەگەڵ ئیسرائیل و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سنوورەکان.

باراک دووپاتی دەکاتەوە کە لەم باوەڕە دایە پرۆسەیەکی گرنگ لە لوبنان ئەنجام بدرێت و گۆڕانکاری زۆر ڕووبدات، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا ڕایگەیاند، "ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی F-35  و سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئەنقەرە چارەسەر نەکراون و هەردوو کێشەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ یەکلایی دەکرێنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا فەرمان بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردووە سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین