ده‌زگایه‌كى كیمیایى ئێران گڕ ده‌گرێت

نوچه‌نێت

میدیاکان و ڕێکخراوی فریاکەوتنی شاری قوم لە ئێران باس لەوە دەکەن بە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لە شارۆچکەیةکی پیشەسازیی بە ناوی "شکوهیە"، لانیکەم ٦ کەس بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە دووی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، ئەو ئاگرکەوتنەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شوێنی کۆمپانیای مولدان پیشەسازی کیمیاوی ڕووی داوە کە لە شارۆچکەی پیشەسازیی شکوهیە لە شاری قوم هەڵکەوتووە و بەو هۆیەوە دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ئەو ناوچەیە گرتووەتەوە و ئاگرەکە تەنانەت تا سەر جادە سەرەکییەکەیش گەیشتووە.

حەمید کەریمی، گوتەبێژی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و خزمەتگوزاریەکانی پەیوەندیدار بە پاراستنی شاری قوم گوتویەتی، "ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە کاتژمێر شةشی بەیانی لەو ڕووداوە ئاگادار کراوەتەوە و "زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە" ڕەوانەی ئەو شوێنە کراون.

بە گوتەی کەریمی، بە لەبەرچاوگرتنی هەبوونی کەرەستە سەرەتاییەکانی فتالیک کە بۆ بەرهەمهێنانی مادەی پلاستیکی بەکار دەهێنرێن" ئەو ئاگرە زۆر بە دژواری کۆنتڕۆڵ کرا و یەکێک لە ئۆتۆمبیلە ئاگرکوژێنەوەکان لەو ئؤپەراسیونەدا بە تەواوەتی ئاگری تێبەربوو و دوو کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە توندی بریندار بوون و بە مەبەستی وةرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

مەهدی فراهانی، گوتەبێژی فریاکەوتنی شاری قوم گوتویەتی لەو ئاگرکەوتنەوەدا شةش کەس بریندار بوون.

بە گوتەی فراهانی سىَ کەس لەو بریندارانە ئاگرکوژێنەوە بوون و سىَ کەسی تر کرێکاری کارخانەکە بوون، سەرەڕای ئەوە هەندێ لە میدیاکان باسی ئەوە دەکەن ژمارەی بریندارەکان زیاترن.

ئەکاونتی تویتەری "قوم نیوز" ڕایگەیاندووە دۆخی تەندروستی یەکێک لە ئاگرکوژێنەوەکان زۆر خراپە.

بەگوێرەی ئەو میدیا لۆکاڵییە دوو ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە بە تەواوەتی سووتان و هەندێ ئۆتۆمبیلی خەڵکیش ئاگریان تێبەربووة و شەقامەکە بە هۆی زۆری دووکەڵ و ئاگرەوە ڕەش بووەتەوە.

بەگوێرەی میدیاکان، ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی قوم وێرای ڕاگەیاندنی دۆخی قەیران داوای یارمەتی لە هەموو دامودەزگاکان و لەوانە شارەوانی، ڕێکخراوی ئاو و سوپای پاسداران کردووە و تانکەرەکانی شارەوانی و ڕێکخراوی ئاویش بانگهێشتی شوێنی ڕووداوەکە کراون.

بەگوێرەی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی قوم، ئاگرەکە کوژاوەتەوە و ئێستا سەرقاڵی سڕینەوەی ئاسەواری ئاگرەکەن.

تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە هۆکاری ئەو ڕووداوە و ڕێژەی زیانەکانی بڵاو نەکراوەتەوە.

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین