یەکەمین موختاری ژن لە پارێزگای هەڵەبجە: پڕۆژەی ئاوم پێشکەش کردووە بۆ گوندەکەمان هەواڵ

چرا یاسین: نووچە نێت

ژنێک وەك موختاری گوندی بانیشاری سنوری قەزای خورماڵ، کە (118) ماڵی لێ نیشتەجێیە دەست بەکاردەبێت، دەبێتە یەکەمین موختاری ژن لە سنوری قەزای خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە. 

سەبیحە رەزا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نوچە نێت ڕایگەیاند"ڕەنگە كاری موختاری بۆ ژنێک زەحمەت بێت، کە پیشتر هیچ کار و پیشەیەکیان نەبووبێت، بەڵام بۆ من ئاساییە، بەو پێیەی لە رابردوودا ئیش و کارم لە زۆربەی سێکتەرەکانی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ژنان، وەرزش، کاری خێرخوازی و ڕێکخراوەیی کارم کردووە".

سەبارەت بە پڕۆژەکانی دوای دەست بەکاربوونی، دوو داواكاری پێشکەش بە فەرمانگەی ئاوی ناوچەكەیان کردووە ئەوانیش"پڕۆژەی نەخشەکێشانی بۆڕی ئاو بۆ گوندەکە و چەوڕێژ کردنی هەموو گەڕەکەکانی گوندەکە لەئایندەیەکی نزیکدا".

لەبارەی پێشوازیی خەڵک بۆ کاری موختاری لە لایەن ژنێکەوە سەبیحە گوتی "خەڵک و دانیشتوان بە گەرمی پێشوازییان لێکردم، چونکە بۆ یەکەمجارە ژنێک دەبیتە موختار لەسەر ئاستی قەزای خورماڵ، ئافرەتیش هیچی کەمتر نییە لە پیاو بگرە وردتر و ئارامگرترە لە ئیش و کاردا، من شانازی دەکەم بەخۆم و ئەو ژنانەشی کە وەک  منن پۆستیان هەیە". 

سەبارەت بە هەڵبژاردنی کاری موختاری سەبیحە دەڵێت "کاری موختاری وەک کارێکی پیرۆز دەبینم، چونکە هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە، تەنها ئەرکە بۆ خزمەتکردن، کاری موختاری پردی پەیوەندییە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا و گەیاندنی داواکارییەکانە بە لایەنی پەیوەندی دار".

سەبیحە ڕەزا لەگەڵ كاری موختاری، کارمەندی تەندروستییە لە نەخۆشخانەی شەهید عەلی شیعە، هەروەها کاری رێکخراوەیی دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین