ڕایەک لەبەر خاتری هیچ کەس و لایەنێک نا!! بیروڕا

محەمەد تەها حوسێن*

یەکخستنەوەی عێڕاق و ئاخنینەوەی لە شکڵی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری گەیشتۆتە مەحاڵ،هەرچەندە هەرگیز باوەڕم بە یەکپارچەیی سۆسیۆسیاسی شتێک نەبووە ناوی عێڕاق بێ، بەڵام هەمیشە قەناعەتێکم لابووە کە چۆن کۆمەڵگە و نەتەوە درووست دەکرێن ئاوەهاش لە ڕووی زانستییەوە پێموابووە دەوڵەتیش دەسکردێکی ئینسانیە و دەکرێ زۆر باش و دەشکرێ زۆر خراپ و دەشکرێ مامناوەند بەیەکەوەبنرێ. 

ئەو گرووپ و تایەفە و نەتەوانەی عێڕاقیان بەبەربڕا،لەوەتەی چوونەتە نێوی نەهەساونەتەوە،ئەمەش لە بنچینەدا شکستی سیاسی و دەوڵەتداریی دەگەیەنێ و هیچ کاتێکیش بیانووی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتیەکان بەس نەبووە بۆ ئەم بێعەقڵیەی عێڕاقیەکان. 

لە عێراقدا ئەوەی بڵێ من هۆگری عێڕاقم و ئینتیمام بۆی هەیە نەک ڕاست ناکا،بەڵکو درۆش دەکا،درۆیەک کە دڵی بەکردنی خۆشە ئەمەش لە سایکۆلۆجیادا پێیدەڵێن بەدرۆکەوتوو(سیدۆلۆجیا فانتاستیکا).

واتە ڕازاندنەوەی ناڕاست و ناشیرینەکان، ئەم درۆیە تەمەنی ١٠٤ ساڵە و گەورە کۆلۆنیالیستەکان لە دابەشکاریە غەنیمەتیەکانی نێوانیان لاهوتیانە هێڵ و هێڵکاریان تیادا کردووە. 

ئەگەر چی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەو قەناعەتە بووم کە لەمەولا کێشە نەتەوەییەکان مەرج نییە لە چوارچێوەی دەولەتی نەتەوەیی چارەسەر بکرێن و دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات گەرەنتی ئەم ئامانجەیە، بەڵام ئەوانەی پێیاندەوترێ عێڕاقیەکان نە توانیان دەوڵەت دروست بکەن و نە لە دیموکراسیش گەیشتن. 

ئەوەی ئێستا هەیە گەڕانەوەی سروتە تەوتەمیە شیعیەکان و دەوڵەتخەلافەی سوننەکان و میرنشینە کوردەکانە. 

هەر ئەوەشە بۆ هەتا هەتایە ئینتیما بۆ ئەم ولاتە دروست ناکا،چون ئینتیما دیاردە و دەرکەوتێکی سایکۆسۆسیۆلۆجیە و لە پڕۆسەگەلێکی زۆر عەقڵانی درووست دەبێ.

---------

سەرنج: چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئەم ڕایەم بەشێوازی جۆراوجۆر و هەم بەکوردی و هەمیش بەعەرەبی لە سایت و پێگەی جیاجیا بڵاوکردۆتەوە. بەڵام ئەمەیان تەکەزکردنەوەیە

  • ئەم بابەتە لە دیواری فەیسبووكی خۆی وەرگیراوە

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین