كۆمپانیای (DNO) کارکردنی لە کێڵگەی نەوتی تاوکی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرت کوردستان- عێراق

نوچە نێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی (DNO) لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەهۆیەوە کۆمپانیاکە بۆ ماوەکی کاتی کارکردنی لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ ڕاگرت.

ڕۆژی چوارشەممە (16/تەمموز/2025) دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بە گوێرەی زانیارییەکان، بەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێرەکانی (6:00) و (6:15)، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی کۆمپانیای (DNO)نەرویجی لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

هەروەها لە کاتژمێر (7:00) لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ کۆمپانیاکە لە وێبسایتی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ ڕاگیراوە.

کۆمپانیاکە دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەرچی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام خەمڵاندنی زیانەکان بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندنەکان بەرهەمهێنان دەستپێبکاتەوە.

جێگەی ئاماژە پێدانە، (DNO) کۆمپانیایەکی دیاری نەوت و گازی نەرویجییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا کار دەکات. ئەم کۆمپانیایە لە )1971( دامەزراوە و مۆڵەتی وشکانی و دەریایی لە شوێنە جیاجیاکانی گەڕان، پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، نەرویج و بەریتانیا و یەمەن هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین