دوو درۆن لە سنووری هەولێر و زاخۆ كەوتنەخوارەوە کوردستان- عێراق

نوچە نێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە (17-7-2025) دژە تیرۆری كوردستان ڕایگەیاند، "کاتژمێر 10:50، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی سوورێژەی سەر بە ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە."

گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، پێنج خولەك دواتر، واتە "کاتژمێر 10:55، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی (DNO) لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە."

هاوكات وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ڕاگەیێندراوێكدا وردەكاریی زیاتر بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ "بۆ جارێكی دیكە كاتژمێر 10:55 لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی DNO لە تاوكی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هێرشەكە زیانی گیانی و ماددی لێنەكەوتووەتەوە."

دەشڵێت، "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بە تووندی ئیدانە و شەرمەزار دەكات و چەند جارێكیش داوای لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی نزیك بەم ناوچانە و گیانی كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتیی وزە بپارێزن و ڕێگری لە هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كەرتی وزە بکەن."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین