بۆچی تورکیا بەنیازە کۆتایی بە ڕێککەوتنی (52) ساڵەی بۆری نەوت لەگەڵ عێراق بهێنێت؟ بیروڕا

نوچە نێت

نوسینی: چنوور جەعفەر شارباژێری

ئەگەر تورکیا کۆتایی بهێنێت بەم ڕێکەوتنە پەنجاو دووساڵیەی لەگەڵ عێراق هەیبوو، چ زیانێک دەکەوێتە سەر کەرتی ئابوری و ووزەی هەرێمی کوردستان؟

بەپێی سەرچاوە و زانیارییەکانی لە میدیاکانی تورکیاو کەناڵە جیهانیەکاندا بڵاوکراوەتەوە، شرۆڤە لەسەر ئەگەرێکی سیاسی و ئابوری دوو ووڵاتی سەربەخۆی دەکەین کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر کەرتی ئابوری و ووزەی هەرێمی کوردستانەوە.

 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەناوەڕاستی مانگی تەموزدا بڕیایداوە بەکۆتایی هاتنی ئەو ڕێکەوتنامە بەنجاو دووساڵیەی کەلەگەڵ عێراقدا هەیبووە. بەپێی سەرچاوەکان ئەم ڕێکەوتنامەیە کە بە ڕێککەوتنی بۆری نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق ناسراوە لە ساڵی ١٩٧٣ ەوە لەنێوانیاندا مۆرکراوە، لەگەڵ هاتنی کاتی هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنەکە کە دەکەوێتە  ٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٦ەوە کۆتایی پێدێت.

حکومەتی تورکیا لەگەل دەرکردنی ئەم بڕیارەیدا ئەگەرچی ئەم ڕێکەوتنامەیەی نێوانیان ئاسانکارییەک بوو بۆ ڕۆیشتنی نەوتی خاو لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵام بەهۆی ئەو بۆرییە نەوتانەی زیاتر لە دوو ساڵە نەوتی نەگواستۆتەوە، هەربۆیە لە مانگی تەمموزی ساڵی داهاتووەوە  تورکیا کار بە دەرکردنی بڕیارەکەی دەکات لە هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنامەکەی لەگەڵ عێراقدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەلە ڕۆژنامەی فەرمی تورکیادا دەرچووە و (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیا ئەو فەرمانەی کە واژۆی لەسەر کردووە، تێیدا هاتووە کە ڕێککەوتنی بۆری نەوتی خاوی تورکیا و عێراق کە لە ساڵی ١٩٧٣ وە تەواوی ئەو ڕێککەوتنامەو دانوستانانەی دیکە کەلە دوای ئەو بەروارەشەوە ئیمزا کراون لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٦ەوە کۆتاییان پێدێت، کە جۆرێک لە ئاسانکارییان کردبوو بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی دەریای ناوەڕاستی تورکیا.

ئەم بڕیارەی تورکیا بۆچی گرنگە: چونکە تورکیا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا ئەو بۆرییەی داخست،  ئەم بڕیاری داخستنەش پاش ئەوە هات کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بڕیاریدا  کە تورکیا پێویستە بڕی یەک ملیار و نیو ملیۆن دۆلار بداتە عێراق، لەپای قەرەبوو بۆ ئەو نەوتەی کەلەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ هەناردەکراوە بێ مۆڵەت بووە. بە تایبەتیتر دادگای فیدڕاڵی عێراق  ڕایگەیاندووە، ئەنقەرە ڕێگەی بە دەسەڵاتدارانی کورد داوە نەوتی خاو دەربهێنن بەبێ مۆڵەتی بەغدا.

هەربۆیە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پاش ئەوەی چەندین جار لەڕێگەی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر ئەو کلێلگە نەوتیانەی کە دەکەونە ئیدارەی زاخۆ  وە هاوسنورە لەگەڵ تورکیادا و لەلایەن کۆمپانیای (دی ئێن ئۆی) نەرویجی بەڕێوەدەبرێت کرانە ئامانج. هەروەها  کێڵگەی نەوتی عەین سیفنی لەناوچەی دهۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای هانت ئۆیلەوە کە بنکەکەی لە ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت بەهەمان شێوە کراوەتە ئامانج، هەربۆیە ئەم هێرشانە کاریان کردۆتە سەر کەمکردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کلێگەکاندا بەجۆرێک کە تەخمینکراوە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی ١٤٠ بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش لە ئەنجامی هێرشی بێ فرۆکەوانەکان بووە و شەریکە نەوتیەکان ناچار بوون چەندین جار کلێگە نەوتیەکان دابخەن، لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەی زانیارییە سەرەتاییەکان ڕەوتی هێرشەکان بۆسەر کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان دەگەرێننەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

ئەگەر بەراوردی هەناردەکردنی کێلگە نەوتیەکان بکەین بەر لە هێرشەکان و پێش داخستنی بۆرییەکە نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا لە ڕێگای (bpd) دەنێردرایە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. کۆمپانیای بۆتاس،  کە کۆمپانیایەکی سەر بە دەوڵەتی تورکیایە  لە ماڵپەڕەکەیدا ڕایگەیاندووە، بە توانای تەواو، سیستەمی بۆرییەکان کە لە دوو هێڵ پێکهاتووە، توانیویەتی بە گشتی 1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بگوازێتەوە. هەربۆیە عێراق لە دۆسیەی دووەمی دانیشتنی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە لە لە 31ی ئاداردا ئەنجامیدا، عێراق داوای قەرەبووی زیاتر لە تورکیا دەکات لە بۆ هەناردەکردنی نەوتی بێ مۆڵەت.

ئەم کێشمە کێشمە سیاسی و ئابورییەی نێوان ئەنقەرەو بەغداد، وایکردوە زیاتر لە دوو ساڵە هیچ نەوتێک لە بۆرییە نەوتەکانی نێوان ئەم دوو ووڵاتەوە نەگواسترێتەوە و گفتوگۆکانیش تا ڕادەیەکی ئەوتۆ سەرکەوتوو نەبوون بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، بەشێکی سەرەکی ئەم گرفتانەش دەگەرێتەوە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان دەسەلاتدارانی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەی لەو ناوچانەدا کاردەکەن.

هەربۆیە ئەم گرفتانەی نێوان هەولێر و بەغدا، کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ئەو ڕێکەوتنامە پەنجاو دوو ساڵەی نێوان ئەنقەرە و بەغداوە هەیە، ئەنقەرە ماوەیەکە فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەکانی دادگا و بێزارە لە کەم بەکارهێنانی بۆرییەکە بەپێی ئەو ڕێککەوتنامە نوێیەی ئێستا لەنێوانیاندایە. هۆکاری فشارە زۆرەکانی تورکیاش بۆسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەگەرێتەوە بۆ ئەو ڕاپۆرتەی کە ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە عێراق لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە، بەمەش عێراق دەبێتەوە دووەم و گەورەترین ووڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک، دوای سعودیە.

هەرچەندە بە پێیی سەرچاوەی ڕۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی باڵای تورکیای وەریگرتوە ڕایگەیاند، کە کەم بەکارهێنانی بۆرییەکە جێگەی داخە و ئەنقەرە بەدوای "قۆناغێکی نوێ و زیندوو"دا دەگەڕێت لە پڕۆژەکەدا. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردوە، تورکیا دەیەوێت دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ بکات کە ڕێگە بە هەردوو وڵات بدات سوودی زیاتر لەو بۆرییە وەربگرن. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی سەبارەت بەم هەوڵەی تورکیا نەداوە لە لێدوانەکەیدا، کە ئەنقەرە چاوەڕوانی چی لە ڕێکخستنە نوێیەکە دەکات یان چۆن پێدەچێت دۆسیەکانی ناوبژیوانی چارەسەر بکرێن.

هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر پلانێک بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت. حکومەتی فیدراڵی عێراق وەک لە میدیاکانەوە گوێبیستی بووین دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەپێیی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەری ڕێکەوتوون  لانیکەم بڕی 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق، لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ وە. کە ئەمەش مەرجی بەغدایە بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرای هەرێمی کوردستان، واتە هەرێمی کوردستان لێرەدا دەکرێت بەشێک بێت لەو بڕیارەی هەڵوەشانەوەی رێکەوتنامەی پەنجاو دوو ساڵەی. نێوان بەغدا و ئەنقەرە بە ئەگەری پابەند نەبوونی چون تورکیا زیانی قەرەبووی زیاد دەکات بەرامبەر بەغدا. 

سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمپانیا نەوتیەکانی نێو هەرێمی کورستانیش لەم دۆخەدا، کۆمەڵەی پیشەسازی و ووزەی نەوتی کوردستان کە نوێنەرایەتی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، ئەندامەکانیان "ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن هەر کە ڕێککەوتنی نووسراو جێبەجێکرا کە ڕێز لە گرێبەستە هەنووکەییەکانمان دەگرێت کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن".

هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکاش بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نێوان بەغداو هەولێر بەردەوامی هەیە. هەروەک (تامی بروس)، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی (The New Region)ی ڕاگەیاندووە: "بەردەوام هانی بەغدا و هەولێرمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان سەبارەت بە مووچە و کردنەوەی [بۆری عێراق-تورکیا]". هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ''چارەسەرکردنی خێرای ئەم پرسانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق بەرژەوەندی گەلەکەی لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت و پابەندە بە دروستکردنی ژینگەیەک کە کۆمپانیاکان بیانەوێت وەبەرهێنان تێیدا بکەن''. 

ئەگەر ئەم گرفتانەش چارەسەر بکرێت ئایا تورکیا بڕیارەکەی  سەرۆک کۆمار لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنامە پەنجاو دوو ساڵیەکەی لەگەڵ عێراق جێ بەجێ دەکات؟ یاخود درێژە دەدات بە دەستخستنی ووزە لە رێگای عێراقەوەو سامانی نیشتیمانی ووزەی خۆی بەهێز تر دەکات تا چیتر پێویستی بە غازی شل نەبێت لەڕێگای ڕووسیا و دەریایی ڕەشەوە کە ئەمەیان باسێکی ترە دەکرێت بەجیا خوێندنەوەی بۆ بکەین. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین