دووەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆن بۆچارەسەری پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو تورکیە

نوچە نێت

وەزیرانی ناوخۆی و وەزیری بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئەمڕۆ بەشدارییان لە دووەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆن بۆ چارەسەری پرۆسەی ئاشتی سەبارەت بە پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا کرد، كەتیایدا دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتووی چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ کرا.

ئەمڕۆ هەینی (هەشتی ئاب/2025) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، دووەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆن بۆ چارەسەری پرۆسەی ئاشتی بەرێوەچوو، بەهۆکاری ئەوەی پرسەکە پەیوەندی بە ئاسایشی گشتیەوە هەیە بە کۆی دەنگی ئەندامانی لیژنەکە کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەڕێوەچوو، هەروەها بڕیاردرا کارەکانی کۆمسیۆن بۆ ماوەی (10) ساڵ بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە چارەسەر بکرێت.

پرۆسەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" کە حکومەتی تورکیا بەمشێوەیە ناوی دەبرد لەسەر داوای لایەنەکات بەتایبەت دەم پارتی لەدوای کۆبوونەوەی یەکەم گۆردرا بۆ پرۆسەی "هاوپشتی و برایەتی و دیموکراسی".

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی هەریەک لە عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.

لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان دەکات رایگەیاند، "پرۆسەی نوێ دەرفەتێکی مێژووییە بە ڕووی تورکیا کراوەتەوە. پێویستە هەموو لایەن زۆر بە وردی هەنگاو بنێن بۆ یەکریزی و هاودەنگی نەتەوەی تورکیا."

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چەند بریارێک درا، لەمانەش بەهیچ شێوەیەک زانیارییەکانی نێو کۆبوونەوەکە بڵاوناکرێتەوە و یەک خولی تەواو کارەکان بەردەوام دەبێت، هەروەها بۆ چارەسەری کێشەی پەکەکە و حکومەتی تورکیا کۆمسیۆن بەماوەی (10) ساڵ بەردەوام دەبێت و رێگە نادرێت ئەندامانی لیژنەکە سەبارەت بە هیچ بابەتێکی نێو کۆمسیۆن لێدوان بدەن بەهۆی هەستیاری پرۆسەکە. بەکۆی دەنگ ئەم بڕیارانە لەلایەن کۆی گشتی ئەندامان پەسەند کرا، تەنانەت لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە موبایلیش لە ئەندامان وەردەگیرێتەوە.

جێگەی ئاماژە پێدانە، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی تورکیا بە بەشداری (51) ئەندام لە لایەنە جیاوازەکانی تورکیا لە (14)ـی ئابی (2025) بەڕێوەچوو. لەدوای چەکدانانی پەکەکە حکومەتی تورکیا دەیەوێت لەرێگەی دامەزراندنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامی بە پرۆسەی چارەسەری ئاشتی بۆ پرسی کورد بدات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین