سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەدات وەرگێڕان

نوچە نێت

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا و ئۆکراینا دەدات و کۆشکی سپی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، "بیر لە ناردنی بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەرۆکی ئۆکراینا و رووسیا دەکەینەوە".

ڕۆژی یەکشەممە (10/ئاب/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی بیر لەوە دەکاتەوە بانگهێشتنامەیەک بنێرێت بۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بۆ ئەوەی سەردانی ئالاسکا بکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببنەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەیە بۆ چڕکردنەوەی زیاتری هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ئەو بەرپرسە دەشڵێت، بە بڕوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، "ئەگەر هەر سێ سەرکردەکە ڕووبەڕوو کۆببنەوە، دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ وەستاندنی ناکۆکی و توندووتیژییەکان".

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا کرد بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە و ڕایانگەیاند، "پشتیوانی خۆمان بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی دەردەبڕین کە ئاسایشی ئۆکراینا مسۆگەر بکات".

بەرپرسانی ئەوروپا دەشڵێن، "دیپلۆماسی لەگەڵ بەردەوامی پاڵپشتی سەربازی و ئابووری بۆ کیێڤ تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە و کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و هەر رێککەوتنێک دەبێت بەرژەوەندی ئاسایشی ئۆکراینا و ئەوروپا بپارێزێت و مافی ئۆکراینا لە داهاتوودا بپارێزێت".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بەرپرسانی ئەوروپا دووپاتی دەکەنەوە، "بەبێ بوونی ئۆکراینا لەسەر مێزی گفتوگۆ وەک هاوبەشێکی یەکسان و سەرەکی، ئاشتی ڕاستەقینە بەدی نایەت تەنها وەستاندنێکی کاتی دەبێت بۆ جەنگەکە و دووبارە و لە زووترین کات جەنگ دەست پێدەکاتەوە".

بە بڕوای بەرپرسانی باڵای ئەوروپا، نابێت سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە بەکارهێنانی هێز و بە زەبر بگۆڕدرێن، هێڵی پێشەوەی نێوان هێزەکانی رووسیا و ئۆکراینا دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ دانووستاندن لە مەیدانی جەنگدا.

سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان، سێ ساڵە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە، بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هێزەکانی رووسیا بەردەوام و لە هەر کاتێکدا هێرش دەکەن و چەندین هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و بوونەتە قوربانی، ناوچە جیاوازەکان بە تەواوەتی وێران و خاپوور بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین