ئەردۆغان ستایشی کۆبوونەوەی لوتکەی ئالاسکا دەكات تورکیە

نوچە نێت

سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی كۆبوونەوەی لوتكەی ترەمپ و پوتین بە هەنگاوێكی گرنگی ناودەبات بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ و داواش دەكات لە كۆبوونەوەی داهاتوو بەشداریی بە سەرۆكی ئۆكراینا بكرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (17/ئاب/2025) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر کۆبوونەوەی ئالاسکا ڕاگەیاند و لە پەیامێکدا دەڵێت، "ئەو کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە ئالاسکا بەرێوەچوو، دەستکەوتێک دەبەخشێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەپێناو کۆتایهێنان و بە جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا."

سەرۆک کۆماری تورکیا پشتیوانی و پێشوازی وڵاتەکەی لە پەیامەکەیدا دووپات دەکاتەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە و راشیدەگەیێنێت، "هیواخوازین لەم پرۆسە نوێیەدا بە بەشداری زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرینا ئاشتی هەمیشەیی دابمەزرێندرێت. تورکیا مادەیە لە پێناو ئاشتی هەموو جۆرە بەشدارییەک لە کۆبوونەوەی سێقۆڵی بکات."

هاوکات، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدوای کۆتایهاتنی کۆبوونەوەی لوتکەی ئالاسکا پەیوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکراینا كردوەوە و تیایدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا و هەوڵەکانی تورکیا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیایان کرد. هەروەها باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی کۆبوونەوەی لوتکەی ترەمپ و پوتین کرد.

بەگوێرەی زانیاریەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لە دوای پەیوەندیکردن بە هاوتا ڕووسیەکەی  پەیوەندی بە ئەندری سیبیها هاوتا ئۆکرایناکەی كردووە و باسیان لە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین بۆ کۆتایهێنان بەجەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا كردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ دامەزراندنی ئاشتییەکی هەمیشەییە، هەربۆیەش گرینگە سەرۆکی ئۆکراینا بەشداربێت لە پرۆسەکە، "ئێمە وە توركیا بەردەوام دەبین لە هەوڵە دیپڵۆماسییەکانمان و پشتیوانیەکانمان بەردەوام دەبێت لە پێناو گەیشتن بە ئاشتی."

بەر لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و ڕووسیا، بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، لە (12)ـی ئابی (2025)، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئۆکراینا پەیوەنییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان تاوتوێ کرد. هەروەها ئەردۆغان هەر لەوپەیوەندیەدا ئامادەی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ میوانداری کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکراینا.

جێگەی ئاماژە پێدانە، شاندی ئۆکراینا و ڕووسیا سێیەم جارە لە ئەستەنبۆڵ کۆببەوە بە سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی تورکیا و بە ئامادەبوونی ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت. بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتونە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات، تەنیا لە کۆبوونەوەکان توانراوە رێکبکەون لەسەر گۆرینەوەی دیلەکانی نێوان هەردوو وڵات. لەئێستادا هەوڵە دیپڵوماسیەکانی تورکیا بەردەوامە بۆ پێشوازیکردنی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکراینا.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین