ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: دەم پارتی هەرگیز بەشداری هاوپەیمانی جمهور ناکات تورکیە

نوچە نێت

سەرۆکی شارەوانی لە کارلادراوی ئەستەنبۆڵ کە لەئێستادا لە زیندانە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، "لە کاتێکدا من لە زیندانم ئەگەر هاتوو سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کەڤالا ئازاد بکرێت هەرگیز ناپرسم بۆ ئەوانتان ئازاد کردووە، چونکە خاڵی هاوبەشی ئێمە وازنەهێنانە لە بێ یاسایی."

ئەمڕۆ سێشەممە (19/ئاب/2025) ماڵپەڕی (ئیندپێندت) بڵاویکردەوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی سەرۆک کۆماری جەهەپە و سەرۆکی شارەوانی پێشووی ئەستەنبۆڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاتیع ئاڵتایلی ڕۆژنامەنووس سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان ئەکپارتی و مەهەپە و دەم پارتی لە پرۆسەی ئاشتی نوێدا دەڵێت، "هەرگیز بیر لەوە ناکەمەوە دەم پارتی بەشداری هاوپەیمانی جمهور بکات، بەرپرسانی دەم پارتی زۆر باش دەناسم ئەوان درکیان بەوەکردووە پرۆسەیەک بەبێ جەهەپە و لایەنە جیاوازەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوو نابێت. پرۆسەی ئاشتی هەنگاوێکە بۆ رزگاربوونی هەڕەشەی تیرۆر و بنیاتنانی ئاشتی و دیموکراسی. لەداهاتووش دەیبینین کام لایەن لەم پرۆسەیە سەرکەوتوو دەبێت و بەدڵنیایشەوە پێگەی باشتری لەلایەن میللەتەوە دەبێت."

ئیمامئۆغڵو لەدرێژەی قسەکانیدا سەرنج دەخاتە سەر ئازادکردنی دەمیرتاش و کەڤالا و رایگەیاند، "دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم من و دەمیرتاش و کەڤالاش و چەندین هاورێی دیکەم نەدەبا لەئێستادا لە زیندانباین. ئێمە لە سەرووی یاساوە نین، بەڵام بەهۆکاری سیاسی لە زیندانین. سەرۆکی تورکیا دەیەوێت سیاسەت لەسەری هەموومانەوە بێت وڵاتاێک بین بەبێ ئۆپۆزسیۆن، یاخود کاندیدێکی ئۆپۆزسیۆن نەبێت لە هەڵبژاردنەکان بەر ئەودا سەر بکەوێت."

دەشڵێت، "ئازادکردنی دەمیرتاش و عوسمان کەڤالا مەرجێکی دادپەروەرییە. ئەمانە گرینگن بۆ وڵات. ئەگەر هاتوو ئەوان ئازادبکرێن و منیش لە زیندانم هەرگیز ناپرسم بۆچی ئەوان ئازاد کراون چونکە خاڵی هاوبەشی ئێمە وازنەهێنانە لە بێ یاسایی."

جێگەی ئاماژە پێدانە، (19)ـی ئاداری (2025)، هێزێکی ئەمنی تورکیا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە ماڵەکەی خۆیدا بە بیانووی چەندین دۆسیەی گەندەڵی دەستگیریان کرد. لەئێستادا لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی دورخرایتەوە و بروانامەکەشیان هەڵوەشاندۆتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین