کتێبخانەکەی د. عەزیز گەردی لە مەزادێکی ئاشکرادا فرۆشرا کولتوور

نوچە نێت

سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری خەون لەبارەی داهاتووی کتێبخانەکەی د. عەزیز گەردی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، كۆمەڵێك نووسەر لە نامەیەكدا داوایان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە ماڵەكەی د. عەزیز گەردی بكرێتە مۆزەخانە.

ڕۆژی سێشەممە (19/ئاب/2025) ئەسکەندەر زرار سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری خەون، سەبارەت بە پاراستنی کتێبخانەکەی د. عەزیز گەردی، لە لاپەڕەی فەرمی فەیسبووکەکەی خۆیدا لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، دوای کۆچی دوایی د. عەزیز گەردی ئێمە وەک دەستەیەک لە نووسەران "لە ڕێگەی نامەیەکەوە داوامان لە ڕێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە ماڵەکەی عەزیز گەردی بکرێتە مۆزەخانە و وەک سەروەتێکی نیشتمانیی کتێبخانەکەی بپارێزرێت و بە شێوەیەکی سەردەمییانە بخرێتە خزمەتی گشتییەوە."

هەر لەم ڕوونکردنەوەیەدا ئەم نووسەرەی هەولێر گوتی، دوای ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار پەیوەندییان بە ماڵباتی خوالێخۆشبووەوە کرد "بەشێک لە میراتگرانی ڕەتیان کردەوە و بە بیانووی جۆراو جۆر خۆیان لە بابەتەکە بوارد. تا کار گەیشتە موزایەدەکردنی ماڵ و کتێبخانەکە." هەرچەندە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردەوە "کە ئەم سەروەتە نیشتمانییە بپارێزرێت و لە شوێنێکی شایستە بخرێتە خزمەت خوێنەران و زانستخوازان. هەموو ڕێکارێکیش لە پێناو ئەم ئامانجە گیراوەتەبەر."

بە گوێرەی وتەکانی ئەسکەندەر زرار دوای ئەوەی کتێبخانەکە لەلایەن دادگای هەولێرەوە خرایە مەزادێکی ئاشکراوە "بەکر عەبدوولڵا گەردی کە برای مامۆستا عەزیز گەردییە، خۆی و کوڕەکانی کە ئێستا کتێبخانەکەیان کڕیوەتەوە، لەگەڵ بەڕێز کارۆخ ئەحمەدی برازای، هەڵوێستێکی جوامێرانەیان هەبووە و ئامادەییان دەربڕیوە کە کتێبخانەکە بخەنە خزمەتی گشتییەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین