بەر لە دەستبەکاربوونی هەڕەشە لە تورکیا دەکات تورکیە

بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنتۆنی بیلنکن، بەربژێر بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کابینەی جۆ بایدن بە پێویستی دەزانێت واشنتن هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە ئایا پێویستە سزای دیکە بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنن یان نا.
 
بیلنکن رەخنەی لە تورکیا گرت بۆ ئەو هەنگاوەی لە بابەتی کڕینی سیستمی بەرگریی رووسیا (ئێس400) ناویەتی و گوتی: "ئەمریکا پێویستە چاودێریی ئەو گەمارۆیە بکات کە لەسەر تورکیا دایناوە بۆ ئەوەی بزانێت کاریگەرییەکەی چۆنە، ئینجا دواتر بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە ئایا پێویستە گەمارۆی دیکەی لەسەر دابنێت یاخود نا".
 
هاوکات ئەنتۆنی بیلنکن ئاماژەیکرد کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس400ی رووسی لەلایەن تورکیاوە مایەی قەبووڵکردن نییە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر ئەمریکا بەهۆی کڕینی ئەم سیستمە بەرگرییە رووسییە، لە چوارچێوەی یاسای CAATSA بڕیاری جێبەجێکردنی سزای بەسەر تورکیا دەرکرد. رۆژی 14ی کانوونی یەکەمی 2020 ئەمریکا چەند بەرپرسێکی پیشەسازیی بەرگریی تورکیای خستە نێو لیستی سزاکان.
 
ئەیلوولی 2017 تورکیا بە مەبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس400 گرێبەستێکی لەگەڵ رووسیا واژۆکرد. هەرچەندە ئەمریکا بەردەوام گوشار دەخاتە سەر ئەنقەرە بۆ ئەوەی لەم هەنگاوەیدا پاشگەزی بکاتەوە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێک لەمبارەیەوە گوتوویەتی؛ دوای ئەوەی ئەمریکا سیستمی بەرگریی پاتریۆتی پێنەداون، ئەوان جێگرەوەیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە و لەو هەنگاوەش پاشگەزنابنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین