وەزارەتی بەرگریی تورکیا: هەموو پاڵپشتیەکی سەربازیی حکومەتی سووریا دەکەین تورکیە

نوچە نێت

وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا رایگەیاند، "تورکیا لە پێناو یەکڕیزی و یەکپارچەیی سووریا ئامادەین هەموو پشتیوانیەکی حکومەتەکە بکەین بەرامبەر بە هەر رێوشوێنێکی ئەمنیی دەگرێتەبەر."

ئەمڕۆ هەینی (29/ئاب/2025) ماڵپەڕی (میللەت) بڵاویکردەوە، داودمیرال زێکی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند و گوتی، "لە چوارچێوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە سووریا تاوەکو ئێستا نزیکەی (556) تونێلمان وێرانکردووە بە تایبەت لە ناوچەکانی مەنبج."

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پێنا و بەرژەوەی و ئاسایشی وڵاتەکەمان بە هەموو توانامان بەرگریی لە پاراستنی سنورەکانمان دەکەین. هەروەها لە چوارچێوەی چەکدانانی پەکەکە لە هەفتەی رابردوو چەندین پەناگە و شوێنێ مانەوەی رێکخراوی پەکەکە چەڵکراوە و ژمارەیەکیان خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و ژمارەیەکی زۆر لەچەکیان رادەست کردۆتەوە."

دەشڵێت، "ئیسرائیل بەرپرسیارە لە تیکدان و بەئامانجگرتنی ئاسایش و یەکپارچەیی ناوچەکانمان. بەتایبەت هێرشەکانیان بۆ سەر سووریا و لوبنان و یەمەن بۆتە تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و پێویستە رێز لە یەکپارچەیی و سەروەری هەموو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بگرێت."

سەبارەت بە پشتیوانیەکانیان بۆ حکومەتی سووریا گوتیشی، "تورکیا پێیوایە سووریا دەتوانێت بە جێبەجێکردنی حوکمرانی مەرکەزی سەقامگیری بەدەست بهێنێت. پێویستە یەکپارچەیی ئەو وڵاتە بپارێزرێت و رێگری لە هاتنی توخمە جوداخوازەکان بگیرێت. هاوکات تورکیا لە پێناو یەکریزی و یەکپارچەیی سووریا ئامادەین هەموو پشتیوانیەکی حکومەتەکە بکەین بەرامبەر هەر رێوشوێنێکی ئەمنیی دەگرێتەبەر." 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین