جەهەپە داوا دەكات پرۆسەی چارەسەری ئاشتی نەچێتە دەرەوەی پەرلەمان تورکیە

نوچە نێت

پارتی جەهەپە نارازییە بە پێشنیاری دەم پارتی کە داوایانکردووە لێژنەی کۆمسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە. بەرپرسانی جەهەپە ئاماژەیان بەوەکردووە، "پەیامەکانی ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەکە هەر بۆ خۆی بەرایگشتی رادەگەیێندرێت. پێویستە پرۆسەکە هەر لە پەرلەمان بمێنێتەوە و نەگوازرێتەوە ئیمراڵی."

ئەمڕۆ هەینی (29/ئاب/2025) مالپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، بەئامانجی چارەسەرکردنی پرسی کورد حەوتەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی پاڵپشتی و برایەتی و دیموکراسی بەرێوەچوو. 

لە کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ئاشتی یەکێک لە پێشنیارەکانی دەم پارتی کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمسیۆنە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بوو بۆ تاوتوێکردن سەبارەت بە دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەکە.

بەرپرسانی جەهەپە دەرگایان بەسەر ئەو داواکارییەی دەم پارتی داخست و دەڵێن، سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل پێشوتر رایگەیاندبوو، "هەرگیز جەهەپە شاندێک بۆ ئیمراڵی نانێرێت."

ئاماژە بەوەش دەکەن، "لەکاتێکدا بە هەرجۆرێک بێت پەیامی ئۆجەلان سەبارەت بەدوایین پێشهاتەکان لە پرۆسەکە بەڕایگشتی ڕادەگەیێندرێت، پێویستە پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا بمێنێتەوە و گوێ بە داواکاری دایکانی شەهید و پێشمەرگە دێرینەکان و شارەزایانی یاسایی سەبارەت بە پرۆسەکە بگیرێت."

جەهەپەکان پێیان وایە، گرینگترین شوێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەری پرسی کورد دەبێت پەرلەمان بێت و دەشڵێن، ئێمە هەرلەسەرەتاوە پشتیوانی دامەزراندنی کۆمسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا بووینە سەبارەت بە پرۆسەکە و چەکدانانی پەکەکە. لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی چاودێری پرۆسەکە دەکەن و شاندی دەم پارتیش سەردانییەکانیان بەردەوامە بۆ ئیمراڵی. ئێمە لەسەرەتاوا داوامان کرد پرۆسەکە بە ئاشکرا و لە پەرلەمان بەرێوەبچێت و لەئێستاشدا هەمان بۆچوونمان هەیە و نەگۆراوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین