ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕێککەوتن ئێران

نوچە نێت: تایبەت

دوای دوایین گفتوگۆکردن لە میسر، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕێککەوتن، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە و بەرەو ئاراستەیەکی ڕاستمان دەبات".

ڕۆژی چوارشەممە (2025/9/10) ماڵپەڕی (ئێم ئێس ئێن) بڵاویکردەوە، دوای چەندین گرژی و راگرتنی هەماهەنگییەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر،  لەسەر دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئەتۆمی رێککەوتن. ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی  ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەبارەت بەم پرسە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "لە قاهیرە لەسەر میکانیزمێکی نوێی کردەیی و چالاککردنەوەی پشکنەرەکانمان لە ئێران لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕێککەوتین".

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گەیشتوونەتە لێک تێگەیشتنێک لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە نوێیەکەکاندا، پێشهاتەکان گرنگن و بە وریاییەوە مامەڵە دەکەین"،

میسر بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی ئەم وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "میسر ڕێگەی بۆ دیپلۆماسی و گفتوگۆ خۆشکرد و بەردەوام دەبین لە ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران."

لە لایەکی ترەوە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ درێژکردنەوەی وادەی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەم وڵاتانەوە، ئەگەر ئێران دانووستاندنەکانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێبکاتەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و ڕێگە بە پشکنەرانی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بچنە ناو دامەزراوە گرنگە ئەتۆمییەکانەوە.

هاوکات کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری دەرەوەی میسر کردووە و بە وریاییەوە پێشوازی لە دوایین پەرەسەندنەکان دەکرێت".

بە گوێرەی سەرچاوەکان، ڕێککەوتنی نوێی میسر و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە قاهیرە هیوایەکی نوێ دروست دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران. ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە ئێران ماوەیەک بوو هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە راگرتبوو وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەوەی ئاژانسەکە هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران ئیدانە نەکردووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین