توێژەرە ئیسرائیلییەكە لە عێراق ئازاد کرا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

ئەلیزابێس تسوركۆڤ توێژەرێكی سیاسییە، ئەو كچە ئیسرائیلییە و هەڵگری رەگەزنامەی رووسییە. قوتابی دكتۆرایە لە زانكۆی پرینستۆنی ئەمریكی دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕفاندنی لە عێراق ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە (2025/9/10) ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) بڵاویکردەوە، ئەلیزابێس تسورکۆڤ، ژنە ئەکادیمی ئیسرائیلی-ڕووسی لە عێراق ئازاد کراوە، سەبارەت بەم پرسە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "تسوركۆڤ دوای چەندین مانگ ئەشکەنجەدان لەلایەن گروپی کەتایبی حیزبوڵڵا ئازاد کراوە، ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکایە لە بەغدا".

هاوکات محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی ئەو هەوڵە گەورانەی کە دەزگا ئەمنییەکانمان لە ماوەی چەندین مانگدا داویانە، ئازادکردنی هاووڵاتی ڕووسی ئەلیزابێس تسورکۆڤ ڕادەگەیەنین و جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە سازش لە جێبەجێکردنی یاسا و بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت ناکەین و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین زیان بە ناوبانگی عێراق و عێراقییەکان بگەیەنێت".

گوتەبێژی سەربازی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "دوای هەوڵێکی ئەمنی و هەواڵگری فراوان و بەرز، لە (9)ی ئەیلوولدا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرکەوتوو بوون لە دۆزینەوە و گەیشتن بە شوێنی دەستگیرکردنەکەی تسورکۆڤ لە ئێستادا گواستراوەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ یەکگرتنەوەی لەگەڵ خوشکەکەی بکات کە هاووڵاتی ئەمەریکایە".

تاوەکو ئێستا کەتائیبی حیزبوڵڵا بە فەرمی بەرپرسیارێتی ڕفاندنی تسورکۆڤی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دوێنێ سێشەممە (2025/9/9) نوێنەرێکی کەتائیب ڕایگەیاند، "تسورکۆڤ بە چەند مەرجێکی دیاریکراو ئازاد کراوە، بۆ نموونە دڵنیابوون لەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەبی هیچ ئاڵۆزی و پێکدادانێک دەکشێتەوە، هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە پرۆسەی ڕزگارکردنی تسورکۆڤی ئەنجام نەدراوە".

لە (23)ی ئاداری (2023) تسورکۆڤ دوای ئەوەی لە قاوەخانەیەكی ناوچەی كەڕادەی بەغدا هاتە دەرەوە رفێندرا، ئیما تسوركۆڤ خوشكی ئەو كچە ئیسرائیلییە لە دیمانەیەكدا دووپاتی کردەوە، "خوشكەكەی توێژینەوەی لەسەر بۆچوونی خەڵكی ئاسایی عێراق دەربارەی سیاسەت كردووە"، گوتیشی، "پاراستنی سەلامەتی خوشكەكەم لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین