پرۆژەی گەشتیاری بە دەستیاوی ژن لە پێنجوێن هەواڵ

نوچەنێت: ئافرەتان

قەدی بەرزایی ئەلیاسەفڕەی بووکی پێنجوێن، وەک قەسیدەیەکی نوێی موفتی نەمر لە پرۆژەیەکی گەشتیارییدا، جێ پەنجەی خانمانەی چەند خاتوونێکی پێنجوێنی، سایرانگایەک دەڕازینێتەوە و وەک کەژکەژە حەوزی پێنجوێنیی دیرۆکی جوانی دەکاتەوە بە مەنزڵی گەشتیاران و جێی حەسانەوە و قاواڵتییەکی نێو سروشتی ڕازاوەی دەڤەرەکە.

بۆ یەکەمجار لە قەزای پێنجوێندا و لە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی پێنجوێنی ڕەنگیندا کە بە (ئەلیاسەفڕە) ناسراوە، بە دەستپێشخەری چەند خاتوونێکی بەڕێز چێشتخانە و ڕێستۆرانتێک بۆ خواردنە کوردەوارییەکان بۆتە بوکی سەیرانگاکە و بەرامەی برنجی سەر ئاگری داری ئاوێزانی سروشت کردووە، کە هەلی کاری بۆ چەندین ژن و گەنجی دیکە ڕەخساندوە.

ئەم سەیرانگایە بە ماوەیەکی کورت توانیویەتی گەشتیارێکی زۆر لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە بۆ خۆی کێش بکات، ئەوی جێی سەرنجە یەکەمین جارە لەو قەزایەدا چەند ژنێک بتوانن کارێکی سەربەخۆ لە سەیرانگایەکی گەشتیاریدا سەرپێ بخەن و هەر خۆشیان بەڕێوەی ببەن، کە تێیدا چەند خاتونێکی دەستڕەنگین هەڵدەستن بە ئامادەکردنی خواردنەکان و چێژ و تاموبۆی لەو سروشتە جوانەدا تێکەڵ بە هەوای پاک و جریوەی مەلان دەبێت.

سەرگوڵ محەمەد، سەرپەرشتیاری خواردنگە کوردەوارییەکەی سەیرانگای ئەلیاسەفڕە، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت لەبارەی بیرۆکەی کردنەوەی خواردنگەکە گوتی: ''ئەگەر چی سەیرانگای ئەلیاسەفڕە شوێنکی گشتییە، بەڵام بیرۆکەی کردنەوەی ئەم چێشخانەیە لەوەوە هات کە لە قەزای پێنجوێندا شوێنکی تایبەت بە ژنان نەبوو، لە ئێستادا جێی خۆشحاڵییە کە چەندین خاتوون لێرە کاردەکەن، لە هەمانکاتدا ڕۆژانە وێڕای ژمارەیەکی زۆر گەشتیار، ژنانی پێنجوێن و خێزانەکانیان سەردانمان دەکەن، ڕۆژانە لە سەعات هەشتی بەیانی بۆ هەشتی شەو لە خزمەت گەشتیاران و میوانە بەڕێزەکانمانداین''.

لەبارەی جۆری خواردنەکان و شێوازی ئامادەکردنیانەوە زیاتر بۆمان دوا و وتی: ''جگە لەوەی کە نانی بەیانیانیش پێشکەکەش دەکەین، زۆربەی خواردنە کوردەوارییەکان ئامادە دەکرێن، وەک کەلانە بە ڕۆنی کوردی و دۆی خۆماڵی، هەروەها برنجی کوردی و گۆشت و مریشک، ئەمە جگە لە چەندین جۆر شلەی جیاواز، سەرجەم خواردنەکانیش بە دار لێدەنرێن''.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین