ئەکادیمیستێکی ئیسرائیل: ڕەنگە هاوشێوەی دەوحە هێرش بکەینە سەر ئەنقەرەش تورکیە

نوچە نێت

ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجامدا و شاندێکی دانوستانکاری حەماسی کردە ئامانج، دوابەدوای ئەو رووداوە ئەکادیمیستێکی ئیسرائیلی هەڕەشە لە تورکیا دەکات و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ نۆرەی دەوحە بوو ڕەنگە بەیانی هێرشبکرێتە سەر ئەنقەرەش.

ئەمڕۆ چوارشەممە (10/ئەیلوول/2025) ماڵپەڕی (میللەت) بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل دوێنێ لە هێرشێکدا بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر شاندێکی دانوستانکاری حەماسی کردە ئامانج.

لەدوای ڕووداوەکە زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلیان کرد. تورکیاش هاوشێوەی وڵات لە پەیامێکدا سەرۆکۆنەی هێڕشەکەی کرد و رایگەیاند، "هێڕشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاندێکی دانوستانکاری حەماس لە دەوحە هەوڵێکە بۆ بەردەوامی شەڕ نەک ئاشتی. بەشێوەیەکی زۆر توند ئیدانەی هێڕشەکە دەکەین."

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەوبارەیەوە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "پاڵپشتییەکانمان بۆ قەتەر بەردەوامە و داوا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بوەستێنن."

دکتۆر مێیر مەسری ئەکادیمیستی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس هەڕەشە لە تورکیا دەکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ماریڤی ئیسرائیلی ئەو ئەکادیمیستە لە پۆستەکەیدا بڵاویکردۆتەوە، "قەتەر نێوبژیوان نییە بەڵکو هاوبەشی تاوانەکانی حەماسە"، هەروەها بە زمانی تورکیاش لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، "هاوشێوەی دوحە دەکرێت هێرشبکرێتە سەر تورکیاش."

ئەکادیمیستە ئیسرائیلیەکە هەڕەشە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش دەکات و دەڵێت، "ئامۆژگارییەکم بۆ ئەردۆغان، سەیری دەوروبەرت بکە، ئەمڕۆ قەتەر، بەیانی تورکیایە." جگە لەمەش لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە وێنەی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئیسماعیل هانییەی سەرکردەی پێشووی حەماسی بڵاوکردەوە.

لەلایەکی دیکە بەرپرسێکی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەنالی ئەلعەرەبیە باسی ناکۆکییەکانیان لەگەل تورکیا دەکات و رایگەیاند، "ئێمە هەرگیز لە تورکیا ناترسین، بەڵام نامانەوێت لەگەڵیان کێشەمان هەبێت، بەڵام لەهەرکوێیەک هەڕەشە هەبێت بۆ سەر ئیسرائیل هێرش دەکەین." 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین