بۆ یەكەمجار (93) باڵیۆزی نوێی عێراق لە وڵاتان دەستبەكار دەبن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

لە ڕێوڕەسمێكدا لەبەردەم سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق، باڵیۆزە نوێیەكانی عێراق بۆ دەستبەكاربوونیان لە وڵاتان و نوێنەرایەتییكردنی عێراق سوێندیان خوارد، دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوو، پاش (15) ساڵ، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە دانانی (93) باڵیۆزی نوێ دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (10/ئەیلوول/2025) لە كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەغداد، بە ئامادەبوونی دكتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆمار و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە ڕێوڕەسمێكدا سوێندخواردنی باڵیوزە نوێیەكانی عێراق بەڕێوەچوو، تیایدا سەرۆک کۆمار لە وتەیەكدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزەکان کرد و جەختی لە گرنگیی ڕۆڵیان کردەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی عێراق لە پەیوەندیی و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان.

لەو بارەیەوە دیلان غەفوور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، دەستنیشانكردن و دانانی باڵیۆزەكان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کەرتی دییلۆماسیی عێراق، هاوكات گووتیشی، "لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانەوە بە بەردەوامیی کارمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە".

پەرلەمانی عێراق بۆ یەکەمجار لە (15) ساڵی ڕابردوودا، لیستێک ناوی پەسەند کرد کە وەک باڵیۆزی نوێی عێراق دەستبەکار دەبن، ئەوەش کۆتایی بەو چەقبەستووییە هێنا کە ساڵانێکە کەرتی دیپلۆماسیی عێراقی گرتۆتەوە و ژمارەیەک باڵیۆزخانە بەبێ باڵیۆز مابوونەوە.

جێگەی ئاماژەپێدانە، ڕۆژی (26-8-2025) پەرلەمانی عێراق دەنگی بە دانانی (93) باڵیۆزی نوێ دا، بەپێی ڕێکەوتنێک کە لەنێوان لایەنە سیاسییە کێبڕکێکارەکانی عێراقدا کراوە، كە پێكهاتبوون لە (49) شیعە، (23) سوننە، (17) کورد لەگەڵ چوار نوێنەری پێکهاتەکان، دوو مەسیحی، ئێزدییەک و سابیئەیەک.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین