پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

بە مەبەستی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر بڕگەکان وەک خۆیان مابنەوە، پێناچێت هەمووان پەسەندی بکەن.

ئەمڕۆ شەممە (3/10/2026) مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێ لە ڕۆژانی داهاتوودا پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی بنێردرێتە پەرلەمان، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر بدات، زوو ئاراستەی لیژنەکەمان دەکرێ بۆ خوێندنەوەی یەکەم. پاشان تێبینیی فراکسیۆنەکان وەردەگیرێ.

مازن غەریب ئەگەری پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەکەی زیاتر ڕوونکردەوە و گووتی، پەسەندکردنی پڕۆژەکە پەیوەستە بە بڕگەکانەوە. ئەگەر بڕگەکان وەک خۆیان مابنەوە، پێناچێت هەمووان ڕازی بن، چونکە لە ڕابردوودا هەندێک لایەن و تەنانەت ئەمەریکاش ناڕەزایەتییان هەبوو. بەڵام بە هەموارکردنەوەی چەند خاڵێک، ڕەنگە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن. هەر لەبارەی پڕۆژەکەوە محەممەد کەریم بەلداوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا پڕۆژە یاساکە نەگەیشتوەتە پەرلەمان، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگات. هۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەبێت سەرەتا پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێ. 

پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە (25)ی شوباتی (2025) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد و دواتر نێردرایە پەرلەمان بە مەبەستی پەسندکردنی، لە بنەڕەتدا پڕۆژە یاساکە لە (18) ماددە پێکهاتووە و تێیدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. ناڕەزایەتی بەرامبەر پڕۆژە یاساکە لە ساڵانی ڕابردوو وایکرد دەنگی پێنەدرێ، بەڵام نازانرێ لە پڕۆژە یاسا نوێیەکەدا چی دەستکاری دەکرێ و چی دەمێنێت.

هێزی چەکداری حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی (2014) بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان پێکهێندرا و بودجەکە بۆ ساڵی (2024) چوار تریلیۆن و (500) ملیار دینار بوو. بەگوێرەی خشتەکانی یاسای بودجە، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی (238) هەزار و (75) کەسە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین