مێژووی پۆشاک و رەسەنایەتی بەرگی ژنی کورد توێژینەوە

ڕاز ئەسعەد

زنجیرە (١)

بەدرێژایی مێژوو، جلوبەرگ هۆکارێکی بنەڕەتی بووە بۆ نمایشکردنی کولتوری کۆمەڵایەتی، نەتەوە جیاوازەکان و ئاوێنەی ناسینەوەی کۆمەڵگا جیاجیاکان بووە. لەگەڵ هەناسە سەرەتاییەکانی کۆمەڵی مرۆڤایەتی، داپۆشینی جەستەش بە بەکارهێنانی کەرەستە سەرەتاییەکان، پەیدابووە و جگە لەو هۆکارەی سەرەوە، ئامرازێکی خۆپارێزی و بەرگرییش بووە. 

ئەگەر چی ئەنترۆپۆلۆجیستەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە دەربارەی یەکەم داپۆشینی جەستە لەلایەن مرۆڤەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرەتاکانی پەیدابوونی جلوبەرگ و داپۆشینی جەستە بە بەکارهێنانی کەرەستە سروشتیەکان بووە، وەک (پێستی ئاژەڵ، پەڕ، گەڵا، ئێسک ....تاد) ئەمە لە کاتێکدا بووە، کە پیشەی ڕاوکردن لەلایەن مرۆڤەوە یارمەتیدەری سەرەکی بووە لە پەیداکردنی کەرەستەکانی داپۆشینی جەستە، چونکە مرۆڤ بە لێهاتوویی خۆی سوودی لە هەموو بەشەکانی جەستەی ئەو گیاندارانە وەرگرتووە کە ڕاوی کردون، وەک پێستەکەی، ڕیخۆڵەکانی لە دوای وشک کردنەوە بۆ گرێدانی پێستی ئاژەڵەکە بە جەستەیەوە، یاخود بۆ گرێدانی پێڵاوەکانی سوودی لێ بینووە.

خودی چەمکی جلوبەرگ گوزارشتە لە هەر شتێک کە جەستەی مرۆڤ دابپۆشێت، لە هەمانکاتدا پارێزگاری لێ بکات، لە کاردانەوەکانی سروشت و جوگرافیا جیاوازەکان.

زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین، پۆشاک تەنیا هەر پارچە قوماشێک یان پارچە کوتاڵێکی دیاریکراو یان دیزاینکراو نییە، بەڵکو پێناسەی بەرەو پێشچوونی ڕەوتی مێژوو دەکات، هەر بۆیە میشێل فۆکۆ پێیوایە جەستە دەقێکە و فەرهەنگ دەینووسێتەوە، چونکە جلوبەرگ ڕەنگدانەوەی شوناس و کولتوورە جیاوازەکانە، گوزارشتێکی قوڵ لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەکات، بەرپرسیاری ناسنامەی کولتووری، مێژووی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتە جیاوازەکان و ئاستی گەشەسەندنی هەر کۆمەڵگایەک دەکات، هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی بە تێپەڕبوونی هەر سەردەم و قۆناغێکی مێژوویی، جلوبەرگ لە فۆڕم و ناوەڕۆکدا گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە، بەڵام دواجار وەک بە شێکی جەوهەری لە ناسنامە و لۆگۆی کولتووری و کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەکدا دەمێنێتەوە.

جلوبەرگی ژنانی کورد لە نیگای ڕۆژهەڵاتناسانەوە

کەلتور بە ئەندازەیەکی باڵا ڕەنگدانەوەی لەسەر جەستەی مرۆڤەکان هەیە، هەربۆیە بە پێی کولتوورە جیاوازەکانیش شێوە و تەنانەت ڕەنگی جلەکانیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەمیشە جلی کوردی یەکێک بووە لەو بابەتە گرنگانەی کە بەردەوام جێگەی سەرنجی قوڵ و تێڕامانی بێئەندازەی ئەو ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدە بیانیانە بووە، کە هاتوونە کوردستان و لە یاداشت و بیرەوەرییەکانیدا پانتایەکی فراوانیان پێبەخشیوە، بابەتی ڕەنگاو ڕەنگی جلی کوردی بەردەوام جێگەی باسوخواسی ناوازە بووە بەلایانەوە، هەربۆیە ماونسێل، لەو بڕوایەدایە ئەوەی کە جلوبەرگی ژنانی کورد لە جلی نەتەوەکانی دیکە جودادەکاتەوە ڕەنگاوڕەنگی و بریقەداری جلەکانیانە.

ڕەنگە دیارترین تایبەتمەندیش کە پۆشاکی کوردی لە پۆشاکی نەتەوەکانی دیکە جیادەکاتەوە، جیابوونەوە سەرجەم پارچەکانی بێت لە یەکتر، بەواتایەکی دیکە هەر پارچەیەکی جلی کوردی دیزانێکی قورس و ورد و تایبەتمەندی خۆی هەبووە، لە هەمانکاتدا وێڕای جوانی و ڕەسەنیەکەی جلی کوردی شێوازی پۆشین و دیزانەکەی بە پێی جیاوازی سنوورە جوگرافیەکان گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێت. 

مێجەرسۆن باس لەوە دەکات کە، لە باکوری کوردستان جلوبەرگی کوردی سادە و ساکارە، کراسێکی ئاودامانی ڕەنگی و ئاوەڵکراسێکی تەواو کە لە داوێنەوە سورمەیە، هەروەها سەروپێچێکی گەورە دەبەستن، بەڵام لە ناوەڕاست و باشوری کوردستان زیاتر ئاڵۆزە، ژنانی موکریان و سنە بەوە بەناوبانگ و جیاوزترن لە ژنانی تیرەکانی دیکە، کە مێزەری گەورە دەبەستن و بڕێکی گەورە لە دەستڕۆکەی حەریری ڕەنگاوڕەنگی لەگەڵ تێکەڵ دەکەن لەگەڵ چەند پارچە خشڵێکی دیکەدا، هەروەها سەبارەت بە شێوازی جلوبەرگی شاری سلێمانیش جلوبەرگی ژێرەوە بریتییە لە ژێرکراسێکی کورت و ئاوەڵکراسێکی پانوپۆڕ، کە بەشی سەرەوەی لە مەلمەلێکی لۆکەی سپییە و داوێنەکەشی لە قوماشی خەتخەتە و بەسەریدا کراسێکی ئاودامانە.

زۆربەی جار ڕۆژهەڵاتناسەکان لەگەڵ پەسندکردنی جلوبەرگەکاندا سەروبەست و خشڵی خانمانی کوردیش سەرنجی ڕاکێشاون و باسیانکردوە، ڤلادیمێر مینۆرسکی دەڵێت ''جلوبەرگی کوردی لە ناوچەی سلێمانی و گۆلی ورمێدا، لەبارەی شێوەوە زۆر ڕەسەنە، سەروپێچەکانیان بریتییە لە کڵاوێکی قوت کە دەسڕۆکەیەکی ئاوریشمی پانوپۆڕی بە دەورەوە پێچراوە و لە ئاستی چاودا ڕیشووی  پێدا شۆڕبۆتەوە''

وێڕای سەرسامی بیانیەکان بە جلی کوردی، هەندێک جاریش ئاماژەیان بەوە داوە کە جلی کوردی شتێکە لە نێوانی پۆشاکی ئێرانی و تورک و جنسەکەی زبرە[1]، مێجەرنوئێل لە یاداشتەکانیدا باس لە دیمەنی یەکێک لە خێڵەکانی گوندی سام ساتی قەزای حوسنی مەنسور دەکات، لە باکوری کوردستان بە ناوی (بێزکێ) و دەڵێت ''بەرگ و پۆشاکی تایبەتی نییە و هەمەشێوازە، شێوازی جلوبەرگی عەرەبی بەسەریدا زاڵە"'

هەرچۆنێک بێت پۆشاک و بەرگی کوردی، کە تائێستاش بەکارهێنان و شێوازی مێژوویی خۆی پاراستووە، هەڵگری چەندین خەسڵەت و تایبەتمەندی نەتەوەی کوردە و تەواو گونجاوە لەگەڵ ئاووهەوای ناوچەکەدا، ئەمە جگەلەوەی لە ڕووی ڕەنگ و دیزاین و کوتاڵی بەکارهێنراوەوە زۆر پێشکەوتووە و ئەگەر بەراورد بکرێت بە پۆشاکی کەلتوورە جیاوازەکانی دەوروپشت، ڕاستەوخۆ جیاوازییەکەی دەردەکەوێت، ئەمیش سەلمێنەری ئەوەیە کە گرنگی زۆری پێدراوە و دەرخەرەی ڕەسەنایەتی کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەکەیە.

 

سەرچاوەکان

١- مەیجەرسۆن، گەشتێک بۆ میسۆتامیا و کوردستان لە بەرگێکی نادیاردا، و؛ مینە، چ١، لە بلاوکراوکانی کتێبخانەی یادگار، ٢٠١٨.

٢- ڤلادمیر مینۆڕسکی، مینۆڕسکی و کورد، و؛ ئەنوەر سوڵتانی ، چ٢، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٢٠٠٦.

٣- فەرامەرز ئاغا بەیگی ، کورد لە سەفەرنامەکاندا( کوردەکانی ئێران لە سەردەمی سەفەوییەوە تا کۆتای پەهلەوی)،جا، جاپخانەی موکریان ، ٢٠١٤، هەولێر.

 ٤-میجەرنوئێل، یاداشتەکانی میجەر نوئێل ، و؛ حسین احمد جاف و حسین عوسمان نێرکسە جاری، چ١، اوفیست حسام، بغداد، ١٩٨٤.

٥- د.صباح بنت محمد البهکی، دراسة تأریخیة لمکملات الأزیاء عبر العصور التاریخیة المختلفة، المجلة الکلیة التربیة النوعیة، االعدد الثالث،ینابیر ٢٠١٥، (الجزء الأول).

٦- قادر محەمەد،ئافرەتی کورد لە تێڕوانینی گەڕیدە ئەوروپیەکاندا،و؛ڕەوەند سەباح، گ خاڵ، ژ٤٦،سلێمانی، پایزی ٢٠٢٤.

٧- د.صباح بنت محمد البهکی، دراسة تأریخیة لمکملات الأزیاء عبر العصور التاریخیة المختلفة، المجلة الکلیة التربیة النوعیة، االعدد الثالث،ینابیر ٢٠١٥، (الجزء الأول).

٨-

Mary Bellis, The History of Clothing 

 https://www.thoughtco.com/history-of-clothing-1991476

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین