هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا بابەتی گشتی

نوچە نێت

هێرشی ئەلیکتڕۆنی کرایە سەر ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی لە زۆرێک لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا هەڵوەشایەوە یان دواخرا.

ڕۆژی شەممە (20/ئەیلوول/2025) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردەوە، هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی بەرلین، برۆکسل، هیسرۆ لە لەندەن هێرشی ئەلیکتڕۆنیان کرایە سەر، هێرشە جیاوازەکان سیستەمی تۆمارکردن و بارکردنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەخانەکانی کردە ئامانج. کۆمپانیای کۆلینز ئێیرۆسپەیس ڕایگەیاند، "ئاگاداری پچڕانی ئەلیکترۆنین، دەزانین کاریگەری دەبێت بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، کاریگەرییەکە زیاتر بۆ پشکنینی ئەلیکترۆنی کڕیارەکان و دانانی جانتاکانە، دەتواندرێت بە ڕێگە چارەی تر بۆ نموونە، پشکنینی دەستی کەمبکرێتەوە". 

لە دەرئەنجامی هێرشە ئەلیکتڕۆنییەکەوە، قەرەباڵغییەکی زۆر لە فڕۆکەخانەکان دروست بوو و بووە هۆی  دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان، فڕۆکەخانەی هیسرۆی لەندەن ڕایگەیاند، "کۆمپانیای کۆلینز ئێیرۆسپەیس کە سیستەمی پشکنین و چوونە ژوورەوە بۆ چەندین فڕۆکەخانەی جۆراوجۆر دابین دەکات، ڕووبەڕووی کێشەیەکی تەکنیکی دەبێتەوە کە لەوانەیە ڕێگری لە هاتوچۆی گەشتیاران بکات".

هەریەک لە فڕۆکەخانەی برۆکسل و فڕۆکەخانەی بەرلینیش دووپاتیان کردەوە، هێرشەکان کاریگەری بەسەر فڕۆکەخانەکانیانەوە هەبووە. فڕۆکەخانەی برۆکسل لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا ڕایگەیاند، "هێرشەکە وایکردووە سیستەمە ئۆتۆماتیکییەکان کار نەکەن و تەنها رێکارەکانی پشکنین و چوونە ژوورەوە بە دەستی بەردەست دەبن. ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر خشتەی گەشتەکان هەیە و بەداخەوە دەبێتە هۆی دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان. دابینکەری خزمەتگوزاری چالاکانە چارەسەری کێشەکە دەکات و هەوڵ دەدات بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر بکات". 

بە هەمان شێوە فڕۆکەخانەی بەرلین دەڵێت، "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە دابینکەرێکی سیستەم کە لە ئەوروپا کار دەکات، کاتی چاوەڕوانی گەشتەکان ماوەیەکی زۆری دەوێت، کار لەسەر چارەسەرێکی خێرا دەکەن".

بەهۆی هێرشە ئەلیکتڕۆنییەکەی ئەمڕۆوە نزیکەی (150) گەشت دواکەوتوون و چەندین گەشتی تریش هەڵوەشاونەتەوە و جەنجاڵییەکی زۆر لە فڕۆکەخانەکان دروست بووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین