هێزەکانی سووریای دیموکرات: داعش هەڕەشەیە بۆ سەر باکووری سووریا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا داعش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر باکووری سووریا". هەروەها باس لەوەش کراوە، "داعش بەردەوامە لە هەڕەشەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆیە پێویستە بەردەوامی بدرێت بە هەوڵە سەربازییەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان".

ڕۆژی دووشەممە (2025/9/22) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، فەرماندەیی هەسەدە لە ڕاگەیێندراوێکدا دووپاتی دەکاتەوە، "ئەگەرچی داعش لە (2019) زیانێکی زۆری بەرکەوت و بەڵام توانیبووی لە (2011)وە سوود لە شەڕی ناوخۆی سووریا وەربگرێت، تاوەکو ئێستاش داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە".

لە ڕاگەیێندراوەکەی هەسەدەدا دووپات کراوەتەوە، بە گوێرەی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، چەکدارەکانی داعش تەنیا لە نێوان (8)ی کانوونی یەکەمی (2024) بۆ (20)ی ئەیلوولی (2025)، (153) هێرشیان ئەنجامداوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات هەوڵەکانیان بۆ دووبارە رێکخستنەوە و گەشەکردن بەردەوامە لە ڕێگەی شانە نووستووەکانیانەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ماوەی (10) مانگی ڕابردوودا (70) ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە کە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی (95) ئەندامی داعش کە سیانیان سەرکردە بوون، شەش چەکدار کوژران و دەستبەسەر چەندین چەک و بەڵگەنامەدا گیراوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، لە هێرشەکاندا (30) چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات گیانیان لەدەستداوە، (6) هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و (12) هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین