کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی پێشوازی لە دەستپێكردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات کوردستان- عێراق

نوچە نێت

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هەوڵی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی لەنێوان  حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت ڕاگەیاند و دەڵێت، پێشوازی ڕێککەوتنەکە دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (23/ئەیلوول/2025) کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ڕاگەیێندراوێکی سەبارەی بە هەوڵەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە ڕایگەیاند، دی ئێن ئۆ بەردەوام رایگەیاندووە کە تامەزرۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەیە، بەڵام بە گوێرەی رێککەوتنگەلێک کە دانەوەی قەرزی کۆن و پارەی هەناردەی داهاتوو مسۆگەر بکات.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، کە دەیانەوێت میکانزمی دانەوەی قەرز و شایستە داراییەکانیان بە گوێرەی گرێبەستی بەشکردنی داهات بێت کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیان کردووە. 

بیژەن موسەوەڕ رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا نەرویجییەکە دەڵێت، ئەو مەترسییە داراییەی لەسەر دی ئێن ئۆ هەیە، لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە جیاوازە. جێی بایەخە کە وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر، ئەو قەرزەی ئێمە کە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە، لە زۆر لەوانی دیکە زیاترە، کە بە واتەی ئەوە دێت، مەترسیی گرفتی پارەدان لەسەر ئێمە زۆر گەورەترە بەراورد بەو مەترسییەی لەسەر هەر کۆمپانیایەکی دیکە هەیە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە، دی ئێن ئۆ ژمارەیەک پێشنیازی بە هەولێر داوە بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییە، ڕاشیگەیاند، لە رێگەی چارەسەری ئاسان کە دەکرێت بە خێرایی رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

لە راگەیێندراوەکە هاتووە، دی ئێن ئۆ کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی کار دەکەن، خەرجییەکانیان زیاد کردووە بۆ ئەوەی ئەو زیانەی لە دوای هێرشە درۆنییەکانی تەممووزی 2025 بەر کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور کەوتبوون، چاک بکەنەو.

ئەو کۆمپانیایە باس لەمەش دەکات، پلان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر دانراوە بۆ ئەوەی 8 بیر لێبدەن، لە چوارچێوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ کێڵگەی تاوکێ بۆ ساڵی 2026 بەدەستیهێناوە، کە ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەم و گەیاندنیەتی بە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

دی ئێن ئۆ لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەیەدا دەڵێت، ئێستا بەشە نەوتەکەی خۆی بە کاش لە رێگەی تانکەرەوە بە پاڵاوگە خۆجێیەکان دەفرۆشێت، بە نرخێک کە کەمترینی 30 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین